جیهان

11:28 - 04/05/2020

تەندروستی جیهانيی: گەیشتووین بەوەی ده‌توانین کۆنتڕۆڵی كۆرۆنا بکەین‌

پەیسەر

مایک رایان، بەڕێوبەری بەرنامەی فریاگوزاری لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بەشێک لە وڵاتانى جیهان، ئێستا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەر نەماوە و تێیانپەڕاندووە، بەڵام ڤایرۆسەکە هێشتا وەک مەترسییەکی گەورە دەمێنێتەوە تا پێکوتەیەکی بەرگری بۆ دەدۆزرێتەوە. 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ڕۆیته‌رز ڕایان گوتى:"لەکاتێکدا بەشێک لە وڵاتان لە هەناوی مەترسی ڤایرۆسەکەدان، ئەوا بەشێکی دیکەی وڵاتان بەجۆرێک لە جۆرەکان ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە هیوایەک هەیە".

گوتیشی:"گەیشتووین بەوەی دەتوانین کۆنتڕۆڵی ئەم نەخۆشییە بکەین، جارێکیتر ژیانی ئاسایی کۆمەڵایەتی و ئابووری بە وریایی و ئاگاییەکی زۆرەوە دەستپێبکەینەوە".

چەند وڵاتێکی ئەفریقا و ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور هێشتا لە دۆخی ڕوو لەزیادبوونی تووشبواندان و کێشەی پشکنینی تووشبوانیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا هەندێک لە وڵاتانی چین، کۆریای باشوور و نیوزلەندا لە ئێستادا لە دۆخێکی جێگیردان.

ئەوروپا و ئەمریکای باشوور دۆخیان لە خراپیدایەو لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکەدان، بۆ تووندکردنی ڕێکارەکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ، کە لەچەند مانگی پێشووەوە دەستیانپێکردبوو. 

ڕایان ئاماژەی بەوەشدا:"هەلومەرجەکە پێمان دەڵێت ڤایرۆسەکە شتێک نییە بتوانین بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنین، بەڵام دەتوانین بگەین بە خاڵێک  تێیدا کۆنتڕۆڵمان بەسەر ڤایرۆسەکەدا هەبێت و بتوانین بەردەوامی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریمان بدەین". بەڵام جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە:"هەر وڵاتێک ڕێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ هەڵبگرێت، دەبێت بە وریایی و ئاگاییەکی زۆر وردەوە ئەوە بکات".