جیهان

11:47 - 04/05/2020

ئه‌ڵمانیا: ساڵى ٢٠١٨ زانایان هۆشدارییان له‌ هاتنى ڤایرۆسێكى كوشنده‌ دابوو‌‌

پەیسەر پرێس

گیێرد موله‌ر وه‌زیری گه‌شه‌پێدانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ڕایگه‌یاند، زانایانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵی 2018 دا ئاگاداریان كردوونەته‌وه‌، ده‌رباره‌ی ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی نه‌زانراوی گواستراوه‌ به‌ جیهاندا، گوتوشیانە نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ ئاژه‌ڵانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوەو قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوەو ئابووری جیهانیش ده‌شڵه‌قێنێت.

موله‌ر له‌ وتارێكیدا لە ماڵپه‌ڕی (دیر شبیگل) ده‌ڵیت:"نه‌خۆشییه‌ ‌ئاژه‌ڵییه‌كان سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كانن و توانای گواستنه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ مرۆڤ. ڤایرۆسه‌كان‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌ترسیداری گه‌وره‌ن و گه‌ر پێداچوونه‌وه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری ڕێكخستن‌ و ڕێكاره‌كانی ته‌ندروستی جیهانیی نه‌كه‌ین، ڤایرۆسه‌كان به‌رۆكمان به‌رناده‌ن".

دەشڵێت:"ڤایرۆسناسانی ڕیكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ ساڵی 2018 دا ئاگاداریان كردینه‌وه‌، ده‌رباره‌ی ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی نه‌زانراوی گواستراوه‌ به‌ جیهاندا. هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند، نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی ڤایرۆسیكی گواستراوه‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه‌ ده‌بێت".

زانایان ئاماژه‌یان به‌ خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ‌و توانای گواستنەوەی ڤایرۆسه‌كه دابوو به‌تایبه‌تی به‌ نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی توانای خۆپاراستن و چاره‌سه‌ركردنیان نیه‌. ئه‌وه‌شیان باسكردبوو ژماره‌ی قوربانیانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ قوربانیانی په‌تای دیكه‌ زیاتره‌، و ئابووری جیهانیش ده‌شڵه‌قێنێت. سه‌رباری ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ش، جیهان سه‌ری سوڕما به‌رامبه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سه‌رچاوه‌ی نیوه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی مرۆڤ، ئه‌و ڤایرۆسه‌ ئاژه‌ڵییانه‌ن كه‌ توانای گواستنه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا. ئێستا، مرۆڤ بووه‌ به‌ خانه‌ خۆێ‌ نوێیه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ و له‌وێشه‌وه‌، زانایان پێیان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ ته‌نگژه‌ ته‌ندروستییانه‌ له‌ داهاتوودا‌ به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام بۆ شێوه‌یه‌كی كورتخایه‌نتر.

هه‌روه‌ها به‌و پێیه‌ی به‌جیهانیبوون، شارستانیبوون و داكشانی هه‌مه‌چه‌شنه‌یی بایه‌لۆژی نه‌ته‌وه‌كان و گه‌شه‌ی دانیشتووان و كه‌شگۆڕكێ ئاڕاسته‌ دیاره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن، توانای بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان هه‌ڵكشاوه‌‌.

وه‌زیری گه‌شه‌پێدانی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت:"له‌ئه‌نجامی ده‌ستێوه‌ردانه‌ زۆرەکانی مرۆڤ  له‌ سروشتدا، داكشانی سامانی ئاوی به‌هۆی وشكبوونه‌وه‌ و لافاوه‌كان  داربڕین وبنیادنانی به‌نداوییه‌كانه‌وه‌، سه‌ڕه‌ڕای  گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بازرگانی كاڵاكانه‌وه‌، جیهان وه‌ك دێیه‌كی گه‌وره‌ی لێهاتووه‌، لێره‌شه‌وه‌ توانای بڵاوبوونه‌وی ڤایرۆسه‌كان هه‌ڵكشاوه‌".
 
زانایان ده‌رباره‌ی ٤٠ ڤایرۆسی جیهانی دیكه‌ دوواون و پێشبینی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای هاوشێوه‌ی، كۆرۆنای نوێ ده‌كه‌ن.