جیهان

10:53 - 18/05/2020

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەبارەی كۆڤید 19 وە دەكات‌

پەیسەر پرێس

لەكۆتایی ساڵی ڕابوردوودا دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی كوشندەو مەترسیدار لە شاری وهانی چینەوە بڵاو بوویەوە، لەماوەیەكی زۆر كەمدا و لەسەرەتای 2020 دا سەرجەم جیهان بۆ ڕێگریی كردن لە بڵاوبوونەوەی بە ڕێژەی جیاجیا كەوتنە خۆیان، هەرزوو بەشێك لەو وڵاتانەی كەنەیاری سیاسی و ئابووری چین بوون -لەپێشی هەموویانەوە ئەمەریكا- بڵاویان كردەوە كە ڤایرۆسەكە دەستكردە، بەشێكی زۆریش لەوڵاتان كەوتنە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی و یەكلایەنە، هەرچەندە بەرپرسانی چینی ئەوە ڕەت دەكەنەوە و داوای لێكۆڵینەوەی بێلایەن دەكەن، بەڵام ئەندامانی ڕێكخراوەكە داوایان كردووە كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچێت.

 

وابڕیارە ئەمڕۆو سبەینێ (18- 19/5/2020) ڕێكخراوی تەندروستی جیهان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش تەرخان بكات بۆ داواكاریی زیاتر لە 100 وڵات كە داوایان كردووە لێكۆڵینەوەی بێ لایەنانەن ئەنجام بدرێت لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای كۆڤید 19 وە.

بابەتی گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرداوای بەشێكلە  ئەندامە دیارەكانی ئەو ڕێكخراوەیە كە بریتین لە ئوستورالیا، نیوزلەندا، روسیا، یەكێـتی ئەوروپاو بەریتانیاو ئیرلەندای باكووریش واژۆیان لەسەر داواكارییەكە كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەیرە ئەمەریكا (كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ڤایرۆسەكە دەستكردی چینە) واژیان نەكردووە. ئەوە لە كاتێكدایە ماوەیەكە پەكین كەوتووتە ژێر فشارێكی گەورەوە گوایە ڤایرۆسەكە لەیەكێك لە تاقیگە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەوە دەرچووە، یان لانی كەم زانیارییەكانی لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی شاردووەتەوە، لەبەر ئەوەی لە مانگی 12 ی ساڵی 2019 دا لە وهان بڵاوببویەوەو دوای ماوەیەكی زۆر ڕایانگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئوستورالیا - ماریز باین- مانگی پێشوو داوای لێكۆڵینەوەیەكی بێ لایەنانەی كردو لە هەمان كاتیشدا بەرپرسانی چینی لەوەڵامدا گوتیان لاریمان نیە بەمەرجێك بێلایەنانەن ئەنجام بدرێت.

هەفتەی پێشووش وڵاتی چین بەفەرمی ڕایگەیاند كە هەڵمەتێكی تۆمەت هەڵبەستنی بەرفراوانیان لەسەرە، سەبارەت بە تۆمەتباركردنیان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، هەروەها داوایانكرد لیژنەیەكی بێ لایەن لە ئەندامانی هەمیشەیی رێكخراوەكە پێبێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی بێلایەنانەو بە پاكی پرۆسەكە بەڕێوەبچێت، هەروەها بەپێی پێویست چییان دەوێت لێكۆڵینەوەی تێدا بكەن.

هەربۆیە ئەمڕۆو سبەینێ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) كۆبوونەوە دەكات و ئەو بابەتە دەخاتە بەردەم ئەندامان و دواجاریش بڕیاری لەبارەوە دەدرێت كە ئایا بەچ ئاڕاستەیەك كار لەسەر ئەو دۆسیە هەستیارە دەكەن و دەرئەنجامەكانشی بڵاو دەكرێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی World Health Organization ( WHO دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە هاوکارە لەسەر تەندروستیی گشتییدا و لە سەر ئاستی  نێودەوڵەتی کار دەکات. لە ڕێکەوتی ٧ی ئەپریلی/نیسانی ١٩٤٨ دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری ژێنێڤی سویسرایە . ئەم دەزگایە ئەرک و سەرچاوەکانی كاركردنی لە ڕێكخراوی "ڕێکخراوی تەندروستی" (Health Organization) بە میرات بۆمایەوە، کە ئەویش دەزگایەک بوو لە کاتی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هەڵوەشایەوەو ئەم ڕێكخراوەی لێدروستكرا.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەکێکە لە دەزگا ڕەسەنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسای بنەڕەتییەکەی بە فەرمی لە یەکەم ڕۆژی ڕۆژی جیهانی تەندروستی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، سەرەتا لە لایەن  ٢٦ دەوڵەتی ئەندام پەسند کرا. یاسای بنەڕەتیی دەستووری  WHO ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی "گەیشتن بە هەموو خەڵکە لە بەرزترین ئاستی شیاوی تەندروستی کاری سەرەکی بەکژاچوونەوەی نەخۆشییە، بە تایبەتی نەخۆشییە ڤایرۆسیی و درمیەكان ، و سوود بە تەندروستیی گشتیی خەڵکی جیهان بگەیەنێت.