جیهان

05:38 - 21/05/2020

ئاماژە ئابورییەكانی دوای كۆڤید 19‌

پەیسەر

ئابوری جیهان بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 وە بەدەست داتەپینێكی ئابوری گەورەوە دەناڵێنێت، خەڵك ئومێدی ئەوەیان هەیە كە ئابوری جیهان لەماوەیەكی كەمدا ببوژێتەوە و قۆناغی داتەپین تێپەرێنێت و كاركردن دەست پێ بكاتەوە، زۆر وڵات كۆتاییان هێناوە بەكەرەنتینە، بەڵام هیچ دڵنیاییەك نیە لەوەی ڤایرۆسەكە پەرەبەخۆی نەدات، هەندێك لەشیكەرەوانی بواری ئابوری پێیان وایە لەداهاتوودا ئابوری قۆناغی قورس و دووروودرێژی لەبەردەمدایە.

ئایا داتەپینی ئابوری بۆماوەیەكی كورت بەردەوام دەبێت؟
هەندێك كەس پێیان وایە ئەو كەرەنتینەیەی لەلایەن وڵاتانی جیاجیاوە سەپێندراوە وادەكات داتەپینی ئابوریی ئەمجارە خراپترین داتەپین بێت لەمێژوودا ، بەڵام بە كۆتایی هێنانی رێكارەكان، رەنگە كورتخایەنترین داتەپینی ئابوری مێژوی بێت و بەخێرایی گەشەی ئابوری دەست پێبكاتەوە.

ئابوریناسان ئاماژە بەوەدەكەن كە كەم بوونەوەی بەپەلەی چالاكییەئابوریەكان یەكسان نیە بە داتەپین، لەگەڵ ئەوەی كەرەنتینەكردن چالاكی بەرهەم هێنانی ئابوری لەزۆر وڵاتدا وەستاندووە، بەوپێیەی داتەپینی ئابوری پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتیە، و لە وەستانی چالاكیە ئابوریەكان گەورەترو فراوانترە، هەروەها داتەپینی ئابوری چەند تایبەتمەندیەكی تێدایە لەوانەش داخستنی بەكۆمەڵی كۆمپانیا و كارگەكان و دابەزینی داهات و لەدەستدانی هەلی كار و شۆك بوونی ئابوری و ناجێگری هەڵسەنگاندنەكان.

جون كیمپ شارەزای ئابوری لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر قەیرانی دارایی تەنها وەستانی چالاكیە ئابوریەكان بێت ئەوا ئابوری جیهانی بەخێرایی گەشەدەكاتەوە، ئەو پاشەكشە ئابوریە كورتخایەن دەبێت، بەمەرجێك ستراتیژیەتی ئابوری وەزارەتی دارایی وڵاتان سەركەوتووبێت و دەست بكاتەوە بەچالاكیە بازرگانیەكان بەخێرایی لەچەند مانگی داهاتوودا.

شیكەرەوەكان پێیان وایە گەشەی خێرایی ئابوری پشت بەرێكارەكانی ڕووبەڕووبونەوەی كۆڤید 19 دەبەستێت لەبواری تەندروستی گشتیدا، جگە لەوەی كاریگەریی هاوكاری دارایی بانكی ناوەندی وڵاتانیشی لەسەرە بۆ بانك و دامەزراوە داراییەكانی تری، وەك پێدانی قەرز بەشێوەیەكی فراوان.
هەروەك گەورە شارەزای ئابوری جیهانی مایكل هانسون پێی وایە گەشەی ئابوری جیهان وابەستەی دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆڤید 19یە، بۆیە ئەگەری گەشەی ئابوری بەشێوەی پیتی U زیاتر لە ئەگەری گەشە بەشێوەی پیتی v، واتا ئەگەرە بەهێزەكە ئەوەیە گەشەی ئابوری بەهێواشی بێت.

كاریگەریی قووڵ
هەندێك لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە كاریگەریی داتەپینی ئابوری كورتخایەن نابێت، بەزۆریی چەند خولێك بەخۆیەوە دەبینێت، لەلایەنی پراكتیكیەوە وا دەردەكەوێت كە پاشەكشەی ئابوری ئەمریكی زیاتر مەترسیدارترە لەوەی چەند هەفتەیەك پێش ئێستا پێشبینی دەكرا، ئابوری ناوچەی یۆرۆ زۆترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەك ئابوری بەریتانی زۆرترین پاشەكشەی بەخۆیەوە بینیوە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پێشبینی دەكرێت ژمارەی بێكاران لەئابوریە گەورەكانی جیهان لەچەند مانگی كەمی داهاتوودا بەرزبێتەوە.

شارەزاكەی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەكات، هەڵوەشاندنەوەی كەرەنتینەكردن بەشێوەی پلەبەندی و قۆناغ بەقۆناغ كاریگەری گەورە و بەردەوامی لەسەر ئابوری جیهانی دەبێت،سەبارەت بەدامەزراوەكان هەندێكیان بەخێرایی دەكەونەوە سەركار، بەڵام هەندێك لە كۆمپانیا و كارگەكان ناچارن بەهێواشی و بەقورسی دەست بكەنەوە بە بەرهەم هێنان و رەنگە ئەو پرۆسەیە چەند مانگێك یان چەند ساڵێك بخایەنێت، و رەنگە هەندێكیان بەیەكجاری دابخرێن.

ئایندەیەكی قورس
شیكەرەوەكەی رۆیتەرز كیمپ پێی وایە ئەگەرە بەهێزەكە ئەوەیە كە دوای دووبارە دەستپێكردنەوەی كارگە و كۆمپانیاكان ئابوری جیهان بەشێوەی رێژەیی دەبوژێتەوە و گەشەی ئابوری بەهێز و خێرا لەماوەی چەند هەفتەیەكدا دەبیندرێت، بەڵام دوای ئەوە دەچێتە قۆناغێكی قورس و هێواشی گەشەی ئابوری لەم قۆناغەدا كۆمپانیا زیانمەندەكات و خێزانە بێكارەكان پشتیوانی درێژخایەنیان دەوێت بەشێوەیەكی فراوان، هەروەها چالاكی ئابوری و بەكارهێنانی نەوت تا ساڵَی 2021 ناگەرێتەوە دۆخی پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و رەنگە زیاتریش درێژە بكێشێت و بگاتە ساڵی 2022.

بەپێی راپرسیەك كە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەنجامیداوە و تێیدا 500 شیكەرەوەی ئابوری لەمانگی رابردوودا بەشداریان تێداكردووە دەركەوتووە نیوەی بەشداربووان پێیان وابووە بەهۆی كاریگەریەكانی كۆرۆناوە ئابوری جیهان بەشێوەی پیتی U گەشەدەكاتەوە و نیوەكەی تر پێیان وابووە بەشێوەی پیتی v یان w یان l گەشە دەكاتەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەم دوایانەدا روپێوێكی ئابوری جیهانی بۆ مانگی نیسانی 2020 ئەنجامدا و تێیدا ئەوە دەركەوتووە كە بەرەچاوكردنی بڵاوبونەوەی كۆڤید 19 پێشبینی دەكرێت ئابوری جیهان لەساڵی 2020 بەرێژەی 3%  پاشەكشە بكات، و كاریگەریەكەی لە قەیرانی دارایی ساڵانی 2008 و 2009 مەترسیدارتر دەبێت.

پاشەكشەی ئابوری ساڵی 2020 قۆناغی قەیرانی دارایی جیهان تێدەپەرێنێت بەڵام هەموو ئەگەرەكان پشت بەوە دەبەستن كە تاكەی رێكارەكانی خۆپارێزی بەردەوام دەبن، وئەنجامی لێكۆڵینەوە پزیشكیەكان بەكوێ دەگەن؟ و سیاسەتی پشتیوانی چۆن دەستوەردان دەكات؟
جانیت هنری گەورە ئابوریناسی جیهانی كە كار بۆ بانكی ئێچ ئێس بی سی دەكات دەڵێت " ئەوەی ئێستا ڕوونە ئەوەیە ئەم پرسە كورتخایان نابێت و كاریگەری لەسەر گەشەی ئابوری جیهانی و ئاستی قەرزەكان و سیاسەتی گشتی و جیهانگیری و گەورە دەبێت بۆ قۆناغەكانی مام ناوەند و درێژخایەن"

ئەگەركۆڤید 19 كاریگەریی لەسەر ئابووری جیهان دابنێت و دەوڵەتە گەورەكان بەچۆكدا بهێنێت، دەبێت حاڵی ئەو وڵاتانە چۆن بێت كە لە ئاستی مام ناوەند یان خراپی ئابووریدان؟