جیهان

01:35 - 24/05/2020

گەرمیی بەتین هەڕەشە لە بەشێک لە دانیشتوانی جیهان دەکات‌

ماوەی چەند ساڵێکە پسپۆڕانی ژینگە باس لەوە دەکەن، پێش ئەوەی بگەین بە ساڵی 2070 بەشێکی گرنگی سەر زەوی هێندە گەرم دەبێت بە کەڵکی ژیان نایەت، بەڵام بەپێی هەندێک توێژینەوەی نوێ، ئەو گەرما بەتین و سەختە لە ئێستاوە دەستیپێکردووە و لە بەشێک لە ناوچەکانی جیهان ژیانی خستووەتە مەترسییەوە.

گەرمیی بەرز و شێ پێکەوە لە هەندێک ناوچەی جیهاندا، کەش و هەوایەکی گەرمی سەخیان دروستکردووە، ئەگەرچی ئەم گەرمایە ماوەکەی کورت بێت و چەند کاتژمێرێکی کەم بەردەوام بێت، بەڵام لە ئێستادا دەستیپێکردووە و نیشانەکانی دەرکەوتوون.

توێژینەوە نوێیەکان باس لە دەستپێکردنی گەرمای بەرز و رێژەی بەرزی شێ دەکەن لە چەند ناوچەیەکی جیهاندا.

بەپێی دواین توێژینەوە کە لە گۆڤاری ئەکادیمیی (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، لە ئێستاوە گەرمی بەرز  و بەتیندەستیپێکردووە. 

لەم لێکۆڵینەوەیەدا لەنێوانساڵانی 1980 بۆ 2019 لە حەوت هەزار و 877 وێستگەی پێوانەکردنی گەرمی جیاوازدا، زانیارییەکانی کەش و هەوا کۆکراونەتەوەو شیکراونەتەوە.

بەپێی دەرئەنجامەکان دەرکەوتووە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی زانیارییەکانی تێدا تۆمارکراوە، دوو جار گەرمای بەرز و شێ پێکەوە لە ناوچە خولگەییەکان تۆمارکراوە.

لە کاتی بەردەوامبوونی ئەم گەرما و شێ بەرزە پێکەوە، ئەگەر هەیە ببێتە هۆی مردن و ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە.

وڵاتە گەرمەکان
گەرمی بەرز و شێ لە هندستان، بەنگلادیش، پاکستان، باکور و رۆژئاوای ئوسترالیا، کەناراوەکانی دەریای سور، کەنداوی مەکسیک و کالیفۆرنیا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێکی کوشندە و مەترسیدار بۆ ژیانی مرۆڤ لەو ناوچە و وڵاتانەدا.

ئەم کەش و هەوا کوشندە و مەترسیدارە تاکو ئێستا 14 جار لە شارەکانی (رەئسلعەین لە ئیمارات، دەوحە لە قەتەر و زەهران لە سعودیە) تۆمارکراوە، کە ژمارەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە دوو ملیۆن کەس دەبن.

بە هەمان شێوە لە باشور و رۆژهەڵاتی ئاسیا و باشوری ئەفریقا و دورگەکانی کاریبی گەرمای کوشندە تا دێت روو لە هەڵکشانە.

لە باشور و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەتایبەت ناوچەکانی نزیک لە کەنارەکانی باشوری تەکساس، لویسیانا، میسیسیپی، ئالاباما و فلۆریدا ئەم گەرما کوشندە و بەرزە 12 جار تۆمارکراوە، شارەکانی نیوئۆرلیانس و بیلۆکسیش گەرمترین ناوچە بوون.

بەپێی هەندێک توێژینەوە، لە ئەمریکا گەرمای بەرز و بەتین لە هەر دیاردەیەکی دیکەی کەش و هەوا زیاتر هۆکاری مردنی دانیشتوانی وڵاتەکەیە.



گەرمی لە چی ئاستێکدا کوشندەیە؟

تاکو دێت کەش و هەوای زەوی بەرەو گەرمبوونی زیاتر دەچێت، کاتێکیش گەرمای بەرز و شێ پێکەوە روودەدەن، کەش و هەوا دەبەنە ئاست و قۆناغێکی کوشندە و ترسناکەوە.

لە دۆخە سەختەکاندا جەستەی مرڤ ناتوانێت گەرمییەکی زۆر بکاتە دەرەوە، لەم دۆخانەدا ئەگەر شوێنێکی کراوە نەبێ بۆ هەواگۆڕکێ،گەرمیی لەش دەچێتە هەندێک شوێنی پەراوێزی جەستەوە کە وای لێدەکات دەرنەچێت و بمینێتەوە، ئەمەش وەها دەکات ئەندامەکان کارەکانی خۆیان نەکەن و ژیانی کەسەکە بخەنە مەترسییەوە.

کاتێک گەرمی لەش لە ئاستی ئاسایی خۆی دەردەچێت و سەردەکەوێت، تەندروستترین مرۆڤ تەنها دەتوانێت شەش کاتژمێر بەرگە بگرێت و لێرەوە ئەگەری مردن دەستپێدەکات.

بەپێی دواین توێژینەوەش کە لە زانکۆی کۆڵۆمبیاوە سەرپەرشتی کراوە، ئەو گەرمایەی لە کەنداوی ئێراندا هەیە، زیاد لەوەی هی بەرزی پلەی گەرمیی بێت، پەیوەندی بە بەرزی شێوە هەیە، بەڵام پلەی گەرمی بەرز پێویستە تاکو گەرماکە بەتینتر بێت. بەشێکی زۆری گەرمی بەرزیش لە ناوچەکەدا لە سەرەتای 2000دا تۆمارکراوە.

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە سەد ساڵی داهاتوودا پلەی گەرمی زۆر بەرز تۆمار بکرێت و گەرمیی زەوی بگاتە حاڵەتی نائاسایی، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو و کەمدا پلەی گەرمی بەرز و نائاسایی تۆمارکراوە و دەستیپێکردووە.

گەرمی و شێی بەرز و نائاسایی زیاتر لە ناوچەکانی نزیک لە کەنداو، دەریا و گەروەکاندا تۆماردەکرێن کە بەهۆی هەڵمکردنی ئاوەکانیانەوە دروستدەبێت، بەتایبەت لە کاتی بوونی پلەی گەرمی بەرز و وەرزی گەرمادا.

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، تاکو ساڵی 2100 لە هندستان، پاکستان و بەنگلادیش ئەو ئاستە لە گەرمیی دروستدەبێت کە ژیانی مرۆڤ بخاتە بەردەم سەختیی و مەترسییەوە.

کاتێکیش گەرمی سەر رووی وشکانی و ئاو پێکەوە بەرزدەبنەوە، پلەی گەرمی دەبەنە ئاستێکی مەترسیدارەوە.

توێژەرانی بواری کەش و هەوا باس لەوە دەکەن تاکو ئاستی زانیاری دەربارەی بەرزبوونەوەی گەرما لە ناوچەیەکدا زیاتر بێت، زیاتر هاوکاری دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبێت بۆ ئەوەی پێشتر خۆیان ئامادە بکەن و خۆیان بپارێزن، بەتایبەت ئێستا کە زانیارییەکان دەربارەی کەش و هەوا زۆر ورد و باوەڕپێکراون.

لەو ناوچانەی هەژارنشینن و توانای زانستییان لاوازە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانەکەی زیاتر دروستدەکات، چونکە بەهۆی نەبوونی توانای پێشبینیکردنی کەش و هەواوە، ناتوانن خۆیان بۆ دۆخی سەخت ئامادە بکەن.

دانیشتوای بەشێک لەو وڵاتانەی کە لەژێر مەترسی گەرمی بەرزدان، تەنانەت هەواگۆڕکێ، فێنککەرەوە و کارەبای پێویستیشیان نییە.زۆبەیان ناچارن بە درێژایی رۆژ لە گەرمییەکی بەتیندا و لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کار بکەن، لەبەرئەوە گەرمیی بەرز لەم ناوچانەدا دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتوانەکەی و بە کەڵکی ژیان نامێنن.

ئەگەر لە ساڵانی داهاتوودا دەرچوونی گازی ناو خانووە پلاستیکییەکان کەمنەکەن، ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مەترسیدار زیاتر دەبێت.

دوایین توێژینەوەکان کە کۆکراوەی ئاماری وێستگەکانی تۆمارکردنی پلەی گەرمین، ئاماژە بەوە دەکەن، بەشێک لە ناوچەکانی جیهان بەرەو ناوچەی مەترسیادر دەڕۆن کە پلەی گەرمی وای لێکردوون بە کەڵکی ژیان نەیەن