جیهان

03:46 - 26/05/2020

چۆمسکی: ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکە لە لێوارێکی بەرزەوە خۆی هەڵدەداتەخوارەوە‌

پەیسەر

بە بڕوای فەیلەسوفی ئەمریکی نوام چۆمسکی کە بە باوکی زمانناسی مۆدێرن دادەنرێت ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکە بەرەو کارەساتێکی گەورە هەنگاودەنێت.

  چۆمسکی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس برێس ڕایگەیاندووە " ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکە بەرەو کارەساتێکی گەورە هەنگاودەنێت ئەویش لە دەرئەنجامی کەموکوڕییەکانی لە ستراتیژی فیدڕاڵیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و غیابی سیستمێکی تەندروستی کە خزمەتی گشت هاوڵاتیان بکات و هەروەها بەهۆی شکستهێنانی لە داننان بە مەترسی گۆڕانی کەش و هەوادا."

لە ئێستادا چۆمسکی لە تەمەنی ٩١ ساڵیدایە و لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تۆکسۆنی ئەمریکا بۆ ماوەی دوو مانگە لەگەڵ هاوسەرەکەی و سەگەکەی و بولبولەکەی خۆیان کەرەنتینە کردووە. چۆمسکی نووسەری سەدان کتێبە و لە زانکۆی ئاریزۆنا مامۆستایە. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە گفتوگۆکەی چۆمسکی كە ئەو رۆژنامەیە لەگەڵی ئەنجام دراوە:

پرسیار: چۆن دۆخی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵدەسەنگێنیت؟ وڵاتێک کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆرترین زیانی لێکەوتۆتەوە؟

وەڵام: سیاسەتێکی یەکگرتوو بوونی نییە. كۆشكی سپی لەلایەن کەسێکی نەخۆشەوە بەڕێوە دەبرێت کە جگە لە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆی گرنگی بە هیچی دیکە نادات. ئەو جۆرە کەسانەش بێگومان پێگەی خۆیان دەپارێزن و پاڵپشتی و پارێزگاریی لی سەروەت و کارمەندانی خۆیان دەکەن.

پرسیار: بەبڕوای تۆ لەم کارەساتەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە چ دیمەنێکی سیاسی دروستدەبێت؟ ئایا بەرەو جیهانێکی دیموکراسیتر دەڕۆین یاخود بەپێچەوانەوە بەرەو ناسیۆنالیزم و توندڕەوی دەڕۆین؟

وەڵام: هەر کە ترەمپ هاتە سەر خەت، یەکسەر کەوتە تێکدانی میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، ئەویش لەڕێگەی بڕینی پارەی تەرخانکراوی سەنتەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە هەروەها لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامە هاوبەشەکانی لەگەڵ زانایانی چینی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەکان. ویلایەتە یەکگرتووەکان هچ ئامادەباشییەكی نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە.

هەروەها چۆمسکی لەبارەی هەلومەرجی ئەوروپاوە گوتی "ئەوروپا لە زۆر ڕووەوە لە ئەمریکا خراپترە، ئەویش لە سایەی پرۆگرامەکانیان و هێرشەکانیان بۆسەر دیموکراسییەت کە خەریکە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و مەترسییەکانی ڕوو لە زیادبوون دەکات.

سەرەرای کێشەکانی وڵاتەکەی هێشتا ترامپ بە لایەنی کەمەوە پەیڕەوی هەندێک بنەمای دیموکراتی کۆمەڵایەتی دەکات کە هیچ نەبێت کەمێک پشتیوانی بۆ هاوڵاتیان دابین ناكات، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تیایدا هەژارە."

هەروەها دەشڵێت "سەرەڕای مەترسیداریی نەخۆشییەکە(ئەمە مەترسییە هەرە گەورەکە نییە) بێگومان لەم نەخۆشییە ڕزگارمان دەبێت، ئەویش بە قوربانیدانێکی زۆرەوە، بەڵام هەرگیز لە تواندنەوەی شاخە سەهۆڵینەکانی کیشوەرەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی ڕووبارەکان و نیشانە نەرێنییەکانی دیکەی کەش و هەوا ڕزگارمان نابێت."

ئەی چیبکەین؟ ئەو پرسیارەیە كە لەم كاتانەدا بە زەینی هەمووماندا دێت...
چۆمسکی دەڵێت هەر وڵاتێک لە ئێستادا خەریکە شتێک دەکات، بەڵام ئەمە بەس نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لەجێی خۆیەوە خەریکە شتێک دەکات، ئەویش بە خێرایی خۆ هەڵدانە خوارەوەیەتی لە کەناری بەرزاییەک، لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە.

زۆرینەی وڵاتان لە ئێستادا تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتیان لە پشت شاشەکانیانەوە و لێکۆڵینەوە دەكەن لەوەی ئایا لەبارەی ڤایرۆسەکەوە چی بنووسن. لە ئێستادا هەموو جیهان بوەتە تەکنەلۆژی و هەموو زانیارییە تایبەتییەکانی کەسێک بە ئاسانی لە ئینتەرنێتدا دەستدەکەوێت، ئینتەرنێتیش واتا دەوڵەت.

چۆمسکی دەڵێت "ئەگەر ڕێگە بدەین ئەم ئەکنەلۆژیا زەبەلاحانە کۆنتڕۆڵی ژیانمان بکەن(ئەگەرچی هەر ڕووشدەدات) ئەوا بە دەردی چین دەگەین کە تیایدا کامێرای چاودێری لەسەر هەر هاوڵاتییەک داندراوە و ڕووخسار و زانیارییە تایبەتییەکانیان دەدات بە دەوڵەت، ئەگەر بێت و هەر هەنگاوێکی هەڵە بنێیت ئەوا دوور نییە غەرامەت بچێتە سەر وەک ئەوەی لە چین ڕوودەدات