جیهان

07:04 - 27/05/2020

پێشنیارێكى جیاواز له‌ پزیشكێكى عێراقییه‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆرۆنادا‌

پەیسەر پرێس

پزیشكێكى عێراقى پێشنیار ده‌كات، گه‌مارۆ و رێوشوێنه‌كانى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ هه‌ڵبگیرێن و له‌برى ئه‌وه‌، پێشنیارێكى نوێ ده‌كات و ده‌ڵێت، با له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانى كۆرۆنا بژین، ناتوانین ژیان رابگرین و ڤایرۆسه‌كه‌ش كۆتایى نایه‌ت، ده‌بێت سیسته‌مى ته‌ندروستى خۆى ئاماده‌ بكات، له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانى ڤایرۆسه‌كه‌ بژى.

عه‌مار حسێن ئه‌حمه‌د پزیشكى پسپۆرى هه‌ناسه‌دان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى ڤایرۆسى كۆرۆنا، كارێكى نا واقیعییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م ڤایرۆسه‌ كاتێكى زۆر ده‌خایه‌نێت و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌ژى، هه‌روه‌ها زۆرێك له‌ توشبووان نیشانه‌كانى ده‌رناكه‌ون. 

ئه‌و پزیشكه‌ زیادبوونى حاڵه‌ته‌كانى كۆرۆنا له‌ عێراق، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دوو هۆكار، یه‌كه‌میان ره‌چاونه‌كردنى رێنماییه‌كانى خۆپارێزییه‌‌، وه‌ك پاككردنه‌وه‌و شۆردنى ده‌ست و ده‌مامك و ده‌ستكێش و تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ى خه‌ڵك. هۆكارى دووه‌میش زیادبوونى پشكنینه‌ مه‌یدانییه‌كانه‌. 

عه‌مار سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌كانى دواى جه‌ژن ده‌ڵێت:"ناكرێت قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى گشتگیر به‌رده‌وام بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ په‌كخستنى ژیان، ده‌بێت رێنماییه‌ فه‌ردییه‌كانى خۆپاراستن په‌یڕه‌وبكرێت و قه‌ده‌غه‌ى كه‌م یاخود به‌شه‌كیى جێبه‌جێبكرێت نه‌ك گشتگیر". 

جه‌خت له‌وه‌دكاته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵدان بۆ تێپه‌ڕاندنى ڤایرۆسى كۆرۆنا نا واقعییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ واى لێهاتووه‌، به‌شێكه‌ له‌ ژیانمان و له‌گه‌ڵمان ده‌ژى بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ، چه‌ندین توشبوو هه‌یه‌ نیشانه‌كانى دیارنین، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێویسته‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ بژین و خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام تا كاتێك چاره‌سه‌ر یاخود ڤاكسین ده‌دۆزرێته‌وه‌. 

ئه‌و پزیشكه‌ پێى وایه‌، ناكرێت ژیان په‌كبخرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئابوورى و ژیانى خه‌ڵك دووچارى مه‌ترسى بووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌كرێت رێوشوێنه‌ خۆپارێزییه‌كان به‌رده‌وام بن. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌:"وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ده‌ڵێن، ناكرێت به‌سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌دا سه‌ربكه‌وین به‌ شێوه‌یه‌كى ته‌واوه‌تى، ته‌نانه‌ت له‌ چین تا ئێستا توشبووى نوێ تۆمار ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ بژین و رێوشوێنه‌كانى خۆپارێزى په‌یڕه‌و بكه‌ین، تا كاتى دۆزینه‌وه‌ى ڤاكسین یاخود چاره‌سه‌ر‌ێكى ده‌رمانیى".

سه‌باره‌ت به‌ عێراق، پزیشكه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ بژین، له‌به‌رئه‌وه‌ى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر دواده‌كه‌وێت لانى كه‌م له‌نێوان ساڵێك بۆ ساڵ و نیوێكى دیكه‌، ناكرێت بۆ ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ ژیان رابگیرێت. 

گوته‌كانى ئه‌و پزیشكه‌ عێراقییه‌ له‌كاتێكدایه‌، شانه‌ى قه‌یرانه‌كان له‌ عێراق، داوایكرد دواى جه‌ژنیش قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت. لیژنه‌كه‌ ده‌ڵێت، وڵات رووبه‌ڕووى كاره‌سات ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌.