جیهان

05:37 - 02/06/2020

گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامی هەڵوەشاندنەوەی حەجکردنی ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت‌

حەج بە یەكێك لە پایەكانی ئیسلام دادەنرێت و ساڵانە موسڵمانان بە پێی ڕێنمایی خۆی ڕوو لە هەردوو شاری (مەككە و مەدینە)ی عەرەبستانی سعودیە دەكەن و بە پێی ڕێنمایی تایبەت بە حەج پەرستش ئەنجام دەدەن، ساڵان  زیاتر لە 5 ملیۆن كەس سەردانی دەكەن و بەشێوەیەكی چڕ بەریەك كەوتنیان هەیە، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زۆرینەی چالاكییە ئاینیەكانی وەك نوێژی بەكۆنەڵ و نوێژیی هەینی و پەرستشەكانی مانگی ڕەمەزان لە سەرانسەری دونیا ڕاگیران، بەڵام هێندەی نەماوە بۆ كاتی حەجی ساڵانە، ئاخۆ عەرەبستانی سعودییە چ بڕیارێك دەدات و چۆن پێشوازیی لە حاجیەكان دەكات، یان بە تەواوی ڕەتی دەكاتەوە. ئەمڕۆ لە لایی خۆیانەوە وڵاتێك خۆی سەفەری حەجی هەڵوەشاندەوە بۆ هاوڵاتیەكانی خۆی .

وەزارەتی کاروبارە ئاینییەکانی ئەندەنووسیا ڕایگەیاند سەردانیکردنی حەجی ئەمساڵی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەندەنوسیا گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامییەو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیوە ئەو بڕیارە ڕاگەیاندووە.

ساڵانە سەدان هەزار هاوڵاتی ئەندەنووسی بە مەبەستی سەردانیکرنی حەج بەرەو مەککە و مەدینەی سعودییە گەشت دەکەن. ئەندەنوسیا بەپێی سیستمێک دەروات کە کەسێک تەنها یەکجار لەماوەی بیست ساڵدا بۆی هەیە سەردانی حەج بکات.

ئەم بڕیارەی ئەندەنووسیا لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی سعودیە بڕیاری لەسەر ئەنجامدانی حەجی ئەمساڵ نەداوە و بە هەڵپەساردەیی بۆ کاتێکی دیکە هێشتویەتییەوە و ئەگەری هەیە لەم مانگی شەشەدا بڕیاری لەسەر بدات.

ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی لەمساڵدا دەبوو سەردانی حەج بکەن ٢٢١ هەزار بوون و وەزارەت ڕایگەیاندووە لە ئێستادا لە %٩٠یان داواکاری گەشتکردنیان ێشکەشکردووە. ساڵی پار بە نزیکەیی ٢ ملیۆن و نیو هاوڵاتی لەسەرتاسەری جیهاندا سەردانی حەجیان کردبوو.

بەپێی ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەی فەرەنسی ڤایرۆسەکە لەکاتی سەرهەڵدانییەوە تا ئێستا ٣٧٣ هەزار و ٤٣٩ کەسی تووشکردووە لەسەرتاسەری جیهاندا.

حەجکردن یەکێکە سەرچاوە داهاتییە گرنگەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەنجامدانی لەمساڵدا دەبێتە یەکەم سەرچاوەی زیانگەیاندن بە وڵاتەکە.لە ئێستادا مەککەی پیرۆز لە مانگی سێوە خاڵییە لە موسوڵمانان وبە چۆڵی جێهێڵراوە.