جیهان

05:57 - 10/06/2020

فۆکۆیاما: شکۆی ئەمریکاش بەرەو خزان دەڕوات‌

پەیسەر

نووسەر و بیرمەندی ڕاستڕەوی ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما، ڕۆژی چوارشەممە باسی لەوەکرد کە شکۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەڵخزانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ماوەی سەرکردایەتی خۆی بەردەوام لە جەنگدا بووە لەگەڵ وڵاتەکەی خۆیدا.

فۆکۆیاما لە وتارێکدا  دەنووسێت "ئەمریکا بەشێوەیەکی خراپ بەرامبەر ڤایرۆسەکە  كاردانەوەی هەبوو و شاهێدی هەڵخزانی شکۆ و هەژمونی خۆیەتی.

ترەمپ لەجیاتی بەهێزکردنی یەکگرتوویی بووە هۆی دروستکردنی دابەشکاریی و جیابوونەوە، دەستیکرد بە سیاسیکردنی یەکە تەندروستییەکان و تۆمەتبارکردنی بەڕێوبەرانی دەوڵەت بەهۆی بڕیارەکانیانەوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، هەروەها لەجیاتی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان دژایەتیکردن."

ئاماژەی بەوەشکرد " جێی داخێکی زۆرە بۆ ئەمریکا کە لە مێژووی مۆدێرنەی خۆیدا و لەکاتی کارەساتێکی جیهانی هاوشێوەدا، سەرکردەیەکی نا لێهاتوو و دابەشکاری هەیە کە تەنانەت لەژێر فشاریشدا شێوازی ڕێبەرایەتیکردنی خۆی نەگۆڕی." لەکاتێکدا " لە دۆخی جەنگدابوو لەگەڵ وڵاتەکەی خۆیدا، نەیتوانی توانای سەرکردایەتی خۆی بەوجۆرەی دۆخەکە دەیخوازێت پیشان بدات."

فۆکۆیاما ئاماژەی بەوەشداوە "ئەگەر لە تشرینی دووەمدا لە دەوری دووەمی سەرکردایەتیدا هەلێکی دیکەی پێبدرێت، ئەوا هەلی گەڕانەوەی دیموکراسییەت و لیبرالیزمی جیهانی  لەسەر ئاستێکی بەرفراوان دادەبەزێت. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچییەک بێت ئەگەری هەیە ئەو جیاکارییە ڕیشەییەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەر بمێنێتەوە ."

بە بڕوای فۆکۆیاما " ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەماوەی ئەم کارەساتەدا ئاڵۆزە و دەرفەتی زیاتر بۆ یاخییەکان سەرپێدەکەوێت تالە دژی راستی و دروستیی هەڵبژاردنەکان قسەبکەن. تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکانیش كۆشكی سپی و هەردوو کۆنگرێس داگیربکەن، ئەوا دەوڵەتێکیان دەستدەکەوێت کە کەوتووەتە سەر ئەژنۆ."

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەکەوێتە ٣ی تشرینی دووەم و بیست و نۆیەمین خولی هەڵبژاردن دەبێت. بژاردەی سەرەکی لەنێوان دوو کاندیددا دەبێت ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری و جۆ بایدن لە پارتی دیموکرات.