جیهان

06:24 - 13/08/2020

نزیکەی ٣٠٪ی خوێندنگاکان ناتوانن ئاوی خواردنەوە بۆ خوێندکاران دابین بکەن‌

پەیسەر

 یەکێک لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا لە جیهاندا شۆردن و پاکڕاگرتنی دەستە و گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ڕێکخراوی یونسێف دەڵێت:

 سەدان ملیۆن منداڵ هەن لە جیهاندا توانای جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارە خۆپارێزییەیان نیە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسێف، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئاب لە ژنێف ڕایانگەیاند: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی ٨١٨ ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی جیهاندا کەرەستەی پێویست و ئاوی پێویستیان بۆ پاکڕاگرتن و شۆردنی دەستیان لە قوتابخانەکاندا نیە.

نزیکەی ٢٩٥ملیۆن لەم منداڵانە لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا دەژین.

لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی یونسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە:

 کە نزیکەی ٣٥٥ ملیۆن منداڵ لە قوتابخانەکاندا بەلووعەی ئاویان هەیە، بەڵام ئەم قوتابخانانە شوێنیان بۆ دابینکردنی سابون و شۆردنی تەواوەتی دەستەکان نیە.
نزیکەی ٤٦٢ خوێندکار دەڕۆنە ئەو خوێندنگانەی کە ئاو و بەلووعەی ئاویان نیە.

لەڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە:
 نزیکەی ٣٠٪ی خوێندنگاکان ناتوانن ئاوی خواردنەوە بخەنە بەردەستی خوێندکاران.

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی وتەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شۆردن و پاکڕاگرتنی دەستەکان یەکێکە لەڕێگا زۆر گرنگ و ئاسانەکان بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەردوو ڕێکخراوەکەش ئاماژەیان بەوە کردووە داخستنی خوێندنگاکان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی و توانای فێربوونی منداڵان بەجێهێشتووە.