جیهان

01:33 - 17/08/2020

کۆنفراسی (دیموکرات و کۆماریەکان) کەی و لەکوێ و بۆچی دەبەسترێت؟‌

كاروخ خۆشناو

بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی ئەمریکا کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەستێت لە شاری (میلواکۆی ولایەتی ویسکەنسن)، بەمەستی بەفەرمی ناساندنی (جۆ بایدن و کاماڵا هاریس) وەک کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە (٢٠٢٠/١١/٣) ئەنجام دەدرێت.

کۆنفرانسی دیموکراتەکان لەژێر ناونیشانی (Uniting America) دەبەسترێت و سێ ڕۆژ (١٧-٢٠٢٠/٨/٢٠) دەخایەنێت و هەریەکە لە (باڕاک ئۆباما و هیلاری کلنتن) وتار پێشکەش دەکەن، لەکۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەشدا (جۆ بایدن) وتارێک بەشێوەی (ڤیدیۆ کۆنفرانس) پێشکەشی خەڵکی ئەمریکا دەکات و ڕەزامەندی خۆی دەردەبڕێت بۆ بەفەرمی کاندیدکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی ئەمریکا.

هەروەها بڕیارە پارتی کۆماری لە ڕۆژی هەینی داهاتوو (٢١-٢٠٢٠/٨/٢٤) کۆنفڕانسی نیشتیمانی ببەستێت لە شاری (شارلۆتی ولایەتی کاڕۆلینای باکور)، لەم کۆنفڕانسەدا کۆمەڵێک کەسایەتی کۆماریەکان وتاریان دەبێت و لە کۆتا ڕۆژی کۆنفڕانسەکەشدا (دۆناڵد تڕەمپ) وتارێک پێشکەشی خەڵکی ئەمریکا دەکات.

بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لە هەردوو کۆنفڕانسەکەدا ژمارەی ڕۆژنامەنوسان و ئەندامانی بەشداربووی هەردوو پارتەکە سنوردارکراوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی هەردوو کۆنفڕانسەکە کێبڕکێی ڕاستەقینە لە نێوان (دۆناڵد تڕەمپ و جۆ بایدن) دەست پێ دەکات، هەروەها بڕیارە لە مانگەکانی (٩ و ١٠) سێ دیبەیت بۆ هەردوو کاندیدەکە و جێگرکانیان ڕێکبخرێن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی (٨٠) ڕۆژی داهاتوودا (تای هەڵبژاردن) لەناو کاندیدان و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو پارتەکە بەرز بێتەوە.