ڕاپۆرتی جیهانی

03:46 - 24/08/2020

یوسف عەتیبە؛ ئەو ئیماراتییەی ئیسرائیلییەکانی لە دوژمنەوە کرد بە دۆست‌

پەیسەر

دوای ماوەیەکی زۆر لە هەوڵ و پەیوەندیی نهێنیی و ئاشکرا، دواتر ئیسرائیل و ئیمارات بە رێککەوتنی ئاشتی نێوانیان گەیشتن، لەگەڵ ئەوەی وادیارە ئەمریکا رێکخەری ئەم پەیوەندیی و رێککەوتنە بووبێ، بەڵام لە پشت پەردەوە چەند کەسێک هەن کە بناغەکانی بە ئەنجامگەشستنی ئەم رێککەوتنەیان دانا، ئەوانیش حایم سابان و یوسف عەتیبەن.

#حایم سابان

#رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
یوسف عەتیبە کێیە؟
یوسف عەتیبە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری ئەبوزەبی لەدایکبووە، هاوسەرەکەی ناوی عەبیرە و باوکی دوو منداڵە، دیپلۆمات و سیاسییەکی دیاری ئیماراتییە.

کوڕی مانع سەعید عەتیبەیە کە یەکەم وەزیری نەوتی دەوڵەتی ئیمارات بووە، یوسف لە ئێستادا باڵیۆزی شانشینە یەکگرتووەکانی ئیماراتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێشتریش باڵیۆزی ناجێگیری وڵاتەکەی بووە لە مەکسیک.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ هەژمارە تایبەتەکەی هاککرا، دەرکەوت پەیوەندی لەگەڵ تیمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆر بوش هەبووەم، هەروەها لەگەڵ دامەزراوەی "بەرگری لە دیموکراتەکان" پەیوەندی هەبووە کە بەرگری لە لۆبی ئیسرائیلییەکان دەکات لە ئەمریکا.

ئەندازیاری رێککەوتنەکە
لەلایەنی ئیسرائیلییەکانەوە حایم سابان ئەندازیاری رێکخستنی پەیوەندیی و رێککەوتنە مێژووییەکەی نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی بوو، لەلایەنی ئیماراتییەکانیشەوە یوسف عەتیبە ئەندازیاری بەئەنجامگەیشتنی رێککەوتنەکە بووە. پەیوەندییەکانی نێوان حایم سابان و یوسف عەتیبەش هۆکاری سەرەکی زوو سەرخستنی رێککەوتنەکە بووە.

بەرەو ئیسرائیل
یوسف عەتیبە لەوەتەی بووە بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئە،ریکا لە ساڵی ٢٠٠٨وە، هەوڵی نزیککردنەوەی ئیماراتی و ئیسرائیلییەکان دەدات، ئامانجیشی دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ بووە تاکو دەگات بە رێککەوتنی فەرمی و واژۆکراو. یوسف پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان نەشاردووەتەوە و تەنانەت وتویەتی، شانازی بە کارە چڕەکانییەوە لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما دەکات، کە ئامانج لێی دروستکردنی متمانە بووە لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا لەپێناو دروستکردنی پەیوەندی و بەهێزکردنیدا.

هیچ نزیککبوونەوە و پەیوەندییەکی تەلئەبیب و ئەبوزەبی بەبێ پەنجەمۆر و مۆڵەتی یەسف عەتیبە تێنەپەڕیوە و خۆشی سەرپەرشتی زۆربەی پەیوەندییەکانی کردووە. تەنانەت یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری پڕۆژەی "رێککەوتنی سەدە"ی دۆناڵد ترەمپ بووە، یەکێکیش بووە لەو سێ باڵیۆزە عەرەبەی کە ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی ترەمپ بوو بۆ راگەیاندنی رێککەوتنەکە.

یەکەم هەنگاوی کردەیی گرنگ
یوسف عەتیبە مانگی حوزەیران خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی یەکەم خواردنگەی ئیسرائیلی لە ئیمارات دەربڕی، ئەمەش بوو بە یەکەم شوێنی خزمەتگوزاری بۆ ئیسرائیلییەکان لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا، کە تێیدا خواردنی کوشیر کە خواردنێکی حەڵاڵی ئیسرائیلییەکانە پێشکەش دەکرێت.

یوسف بەردەوام داژیەتی وڵاتەکەی بۆ حزبوڵا و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دووپاتکردووەتەوە، ئەمەش هێندەی دیکە سەرنجی ئیسرائیلییەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، عەتیبە لە هەمان کاتدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشوازیکردن لە ئیسرائیلییەکان دەربڕیوە و تەنانەت بۆ کردنەوەی پەرستگای جولەکش لە ئیمارات کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢ تەواو ببێت و بکرێتەوە.

عەتیبە بانگهێشتی ئیسرائیلییەکانی کردووە بۆ بەشداری لە پێشانگای (Expo Dubai2020) کردووە، ئەمەش وەک رێگایەکی دیکە بۆ نزیکردنەوەی ئیسرائیل و وڵاتەکەی لە یەکتر.

نان خورادن لەگەڵ نەتەنیاهو و بینینی باڵیۆزی ئیسرائیل
یوسف عەتیبە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام لە پەیوەندی نهێنیی و ئاشکرادا بووە لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا، تەنها چەند کەسێکی زۆر کەمیش بە پەیوەندییە نهێنییەکانی دەزانن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا.
کەس نەیدەزانی عەتیبە هێندە نزیکە لە ئیسرایلییەکانەوە، تا ئەو کاتەی مارک لاندر رۆژنامەنووسی واشنتۆن پۆست ئاشکرایکرد، دوو ساڵ پێش رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و لە شاری نیویۆرک، یوسف عەتیبە لە یەکێک لە رێستۆرانتە بەناوبانگەکانی واشنتۆن ئێوارەخوانێک ساز دەکات، یەکێک لەوانەی بەشداری ئێوارەخوانەکەیە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە کە  پێکەوە دادەنیشن گفتوگۆ دەکەن.

لە کانونی دووەمی ٢٠١٨ش یەسف عەتیبە ئامادەی کۆبوونەوەیەکی پەیمانگای جولەکە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەبێت، یوسف لەو دانیشتنەدا چاوی بە رۆن دیرمر دەکەوێت کە باڵیۆزی ئیسرائیلە لە ئەمریکا، ئەمەش هێندەی دیکە ئیمارات و ئیسرائیلییەکانی لە یەکدی نزیککردەوە.

 وتار بۆ ئیسرائیلییەکان
١١ رۆژ پێش ئەوەی یوسف عەتیبە باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریکا پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی گەلی ئیسرائیل بکات، لەگەڵ سابان دانیشتووە تاکو لەو بارەیەوە راوێژی پێبکات و بتوانێت باشترین وتار پێشکەشی ئیسرائیلییەکان بکات و پەسەندکراو بێت.

سابان ئامۆژگاری عەتیبەی کردووە کە پەیامەکەی بە زمانی عیبری بخوێنێتەوە و لە میدیایەکی گەورەی ئیسرائیلیشدا بڵاویبکاتەوە.

سەرەتا وتارەکە لە نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست بڵاوکرایەوە، دواتریش سابان وتارەکەی لە میدیاکانی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە، ئەمەش قۆناغێکی گرنگیی ئامادەکارییەکانی هەردوولا بوو بۆ رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات.

عەتیبە و ئەمریکا
پەیوەندییەکانی عەتیبە و ئەمریکییەکان نوێ نییە، عەتیبە لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە خوێندوویەتی، لە کاتی خوێندنیدا ئاشنایەتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە قاهیرە پەیدا کردووە.

پاش ماوەیەک عەتیبە روو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و لە زانکۆی جۆرجتاون درێژە بە خوێندن دەدات، ئەوەش پێش ئەوەی لەلایەن محەمەد بین زاید بکرێت بە بەڕێوەبەری کاروباری دەرەکی، کە لەم کاتەوە بوو بە دەستە راستی زاید بۆ رێکخستنی پەیوەندییە سەربازی و هەواڵگهرییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.