جیهان

09:57 - 10/11/2020

ڕێككەوتنی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەنێوان زمانی زبر و تەسلیم بووندا‌

پەیسەر

شەوی ڕابوردوو كۆتایی بە جەنگێكی درێژخایەنی مێژووی هێنرا لە نێوان هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا هەبوو، ماوەی چەند مانگێكیشە بەشێوەی چەكداریی جەنگ لە نێوانیاندا هەلگیرساوە، بە ڕێككەوتنێك كۆتایی هات كە ڕوسیا سەرپەرشتی دەكات و بە درێژایی سنووری هەردولا چەكدارەكانی خۆی بڵاوە پێدەكات و سەرۆكی هەردوولاش هەریەكەیان لە وتارێكدا كۆتایی جەنگەكەو هەڵوێستی خۆیان خستە ڕوو، سەرۆكی ئازەربایجان بە زمانێكی زبرو زاڵ گوتی وەك سەگ دوورمان خستنەوەو سەرۆكی ئەرمینیاش گوشتی ناچاربووین قبوڵی ڕێككەوتن بكەین و هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نەبوو.

هەریەکە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان و رووسیا، رێکەوتنی ئاشتییان راگەیاند بۆ ئاگربەست لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ. بەپێی رێککەوتنەکە ناوچە ئازەرییە داگیرکراوەکان کەوتنەوە سەر سنووری ئەو وڵاتە و رووسیاش، هێزە ئاشتیپارێزەکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بڵاوە پێدەکات.

ئیلهام عەلییڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، لە گوتارێکی پەخشکراو لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵات، سەرکەوتنی وڵاتەکەی لەشەڕەکەدا راگەیاند.
 دووپاتکردەوە سەرۆکی ئەرمینیا لە ژێر گوشاری شکستە سەربازییەکاندا بە ئاشتی رازیبووە. 
ئیلهام عەلیێڤ گوتی: "من پێشتر پێمگوتن وەک سەگ دەریان دەکەین و ئەوەشمان کرد"، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیای بە ترسنۆک ناوبرد، چونکە رازی نەبووە لەبەردەم کامێرای تەلەڤزیۆنەکاندا رێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکات.

سەرۆکی ئازەربایجان ئاشکرایکرد بەپێی رێککەوتنەکە ئازەربایجان 3 شاری هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەدەستدەهێنێتەوە، کە بریتین لە کلبجار تاوەکو 15 تشرینی دووەم، هەروەها ئاگدام تاوەکو 20ی هەمان مانگ و لاچین تاوەکو یەکی کانوونی یەکەمی داهاتوو.

لە بەرامبەردا نیکۆل باشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، ئاشکرایکرد هیچ بژارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبووە، تەنیا واژۆکردنی رێککەوتنەکە نەبێت. روونیکردەوە بڕیارەکەی لەپاش هەڵسەنگاندنی سەرکردە مەیدانییەکانی سوپای وڵاتەکەیداوە، کە پێیانوابووە ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ ئێستا.بۆیە قبووڵی كردووەو ئامادەش نەبووە لەبەردەم كامێراكاندا واژۆی بكات.


عەلیێڤ رایگەیاند، هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەکرێ دواتر درێژتریش بکرێتەوە، لەسەر سنوورە ناکۆکەکانی نێوان هەردوو وڵات بڵاودەبنەوە و بەهیچ شێوەیەک ناوی تورکیا و ئێران نەهێنراوە. هەرچەندە ئێرانیش چەند جارێك دەستپێشخەری كردبوو كە ناوبژیوانیانبكات و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆیانبكاتەوە بەلام سەركەوتوو نەبوو،

ڤلادیمێر پووتن، سەرۆکی رووسیا رێکەوتننامەی هەردوو وڵاتی بەسەرپەرشتی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد هەموو پێکدادانێکی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات رادەگیرێت، هێزەکان لە شوێنی ئێستای خۆیان دەمێننەوە و ئاشتیپارێزانی رووسیا دەکەونە نێوانیانەوە.

کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، مێژوویەکی دێرینی هەیە کە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، کاتێک هەردوو وڵات بەشێک بوون لە کۆمارەکانی سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت.

لەچارەکی یەکەمی سەدەی رابردوودا، حکومەتی یەکێتیی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی جۆزیڤ ستالین، بڕیاری پێوەلکاندنی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی سەر بە ئازەربایجانی بە ئەرمینیاوە دەرکرد، ئەوەش سەرەتای ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە، کاتێک لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، هەردوو کۆمارەکە سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند.

ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵەوە لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەجەنگن، بەگوێرەی ئاماری بەرپرسانی ناگۆرنۆ قەرەباخ، بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە هەزار وسەد کەس لە سەرباز و کەسانی سڤیل کوژراون، ئازەربایجان قوربانی نێو ریزی سوپاکەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام دەڵێت 92 کەسی سڤیلیان لێکوژراوە.