11:31 - 22/01/2021
لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی بایدندا چی رویدا؟
جۆ بایدن وەک چل و شەشەمین سەرۆکی ئەمریکا لە 20ی کانوونی دووەم 2021 دا
سوێندی خوارد و بوو بە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا. لە یەکەمین ڕۆژی
سەرۆکایەتییەکەیدا چەندین روداو لە ئەمریکا و جیهان وەک تەقینەوە و خۆپیشاندان و
سوتاندنی ئاڵای ئەمریکا رویاندا.
ئەمریکا
کۆرۆنا ئەگەرچی زیاتر لە ساڵێکە وەک پەتایەکی جیهانی بڵاوبووەتەوە، بەڵام
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی بایدندا ژمارەی توشبوون و مردن بەم پەتایە زیادی
کرد، هەزاران ئەمریکی توشی ئەم پەتایەبوون و دەیان کەسی دیکەش گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی پێگەی sortiraparis لەم رۆژەدا، 199 هەزار و 890
کەس توشی کرۆنابوون و 4376 ئەمریکیش لەو رۆژەدا بە پەتای کۆرۆنا گیانیان
لەدەستداوە.
چەند کاتژمێرێک دوای سوێندخواردنی بایدن، گرووپی ئەنتیفا لە چەندین شار و
شارۆچکەی ئەمریکا خۆپیشاندانیان کرد و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و
هێزە ئەمنییەکاندا روویدا. لە شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرۆدا، خۆپیشاندەرانی
ئەنتیفا ئاڵای ئەمریکایان لە نزیکی باڵەخانەی کۆنگرەی ئەو ویلایەتە سوتاند.
ئیسپانیا
بەهۆی تەقینەوەیەکەیەوە لە کڵێسایە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، قەشەیەک
و سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 10 کەس برینداربوون
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانی مەدرید، تەقینەوەکە بەهۆی کونبوونی بۆری غازەوە
رویداوە و زیانی بە ژمارەیک باڵەخانەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
عێراق
دوای سێ ساڵ ئارامی لە بەغداد، دوو تەقینەوەی خۆکوژی گۆڕەپانی تەیەرانی
بەغدادی پایتەختی عێراقی هەژاند و بەگوێرەی
دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 32 كەس كوژراون و 110 كەسی دیكەش
برینداربوون.
چەکدارانی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە تەقینەوەکە راگەیاند
هندستان
لە شاری پونێ سەر بە هەرێمی ماهاراشترا لە هیندستان یەکێک لە گەورەترین
کارگەکانی بەرهەمهینانی ڤاکسین ، کە سەر بە پەیمانگەی پزیشکی سیرەمە و کار
لەسەر دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات، گڕی گرت.
کارگەکە تاوەکو ئێستا
نزیکەی 50 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی بەرهەمهێناوە. هەروەها گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای
ئاسترازینیکا و زانکۆی ئۆکسفۆرد هەیە بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیار ڤاکسین لە ساڵی
2021دا.