جیهان

10:37 - 10/01/2019

سه‌ربازێكی ئه‌مریكی بۆ بینینی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سه‌ردانی ئێرانی كرد‌

پەیسەر پرێس

هاوینی ڕابردوو سه‌ربازێكی پێشووی ئه‌مریكا به‌ مه‌به‌ستی بینینی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سه‌ردانی شاری مه‌شهه‌دی ئێرانی كرد، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

به‌ پێی هه‌واڵی ئاژانسه‌كانی ئه‌مریكا، مایكڵ وایت ئه‌و سه‌ربازه‌یه‌ كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ زانیارییه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌.

دایكی ئه‌و سه‌ربازه‌ كه‌ ناوی جوان وایته‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، سێ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ زانیوویه‌تی كوڕه‌كه‌ی كه‌ پێشتر سه‌ربازی سوپای ئه‌مریكا بووه‌، ده‌ستگیركراوه‌.

دایكی كۆنه‌ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ ترسی ئه‌وه‌ی  نه‌وه‌كو باره‌كه‌ بۆ سه‌ر شانی كوڕه‌كه‌ی قورستر بكات، هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی نه‌داوه‌.به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كوڕه‌كه‌ی ته‌نیا بۆ بینینی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ڕووی له‌ ئێران كردووه‌.
له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی(سی ئێن ئێن)ی ئه‌مریكی دایكی مایكڵ ده‌ڵێت، ده‌بوو كوڕه‌كه‌م مانگی ته‌مموز بگه‌ڕایاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌ڕایه‌وه‌!

ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ باڵیۆزخانه‌ی سویسرا له‌ تاران ئاگاداری كێشه‌كه‌ی مایكڵه‌، به‌و پێیه‌ی سویسرا له‌ئێران به‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌زانرێت له‌ ئێران.

تاوه‌كو ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی حكومه‌تی ئێران باسی ده‌ستگیركردنی ئه‌و سه‌ربازه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌میشه‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا زۆرجاریش به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیریان ده‌كات.
به‌رپرسانی خۆرئاوا پێیان وایه‌ كه‌ ئێران ده‌ستگیركردنی كه‌سانی بیانی وه‌كو كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر به‌  وڵاتان به‌كارده‌هێنێت، به‌ تایبه‌تی له‌ كاتی ڕێكه‌وتنامه‌كاندا.