جیهان

09:02 - 01/11/2021

كەشوهەوا 100 سەركردەی جیهانی كۆكردەوە‌

پەیسەر

زیاتر لە 100 سەرکردەی جیهان ڕۆژی دووشەممە لە شاری گلاسکۆی بەریتانیا کۆبوونەوە بۆ جەختکردنە سەر گۆڕانی مەترسیداری کەشوهەوا و چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، کە سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکەیە، جەختیکردەوە سەر گرنگی هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژیان لەسەر زەوی.

جۆنسن وتی، "ئەگەر ئەمڕۆ بە جدییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کەش‌وهەوا نەکەین، کات نامێنێت بۆ منداڵەکانمان تا بەیانی ئەم کارە بکەن."

جۆن کێری، نوێنەری ئەمەریکا بۆ بواری ژینگە، پێش کۆنفرانسەکە بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە بریتی دەبێت لە زیادکردنی "خوازیاری جیهانی بە شێوەیەکی بەرچاو" و پابەندبوونی دەوڵەتان بەو پلانەی کە ناونراوە "دەیەیەک لە کردار" بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ 1.5 پلەی سەدی، ئەمەش واتا ئاستێکی نزیک لەوەی پێش سەردەمی پیشەسازی.

نوێنەری ئەمەریکا هەروەها جەختی کردە سەر ڕەهەندی دارایی گۆڕانی کەش‌وهەوا، کە چۆن هەر لە ئێستاوە زیانەکانی لەسەر هەندێک وڵات دەرکەوتووە.

کێری وتی، "دەزانین زەرەر و زیانێکی ڕاستەقینە بەر خەڵک کەوتووە و هەندێک دەوڵەت دەڵێن هاوڵاتییەکانیان بە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریاکانەوە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن. ناوچە هەیە چیتر خەڵکی لێ‌ناژی."

زانایان کۆکن کە مرۆڤ هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی هەسارەی زەوییە لە ڕێگەی دەرهاویشتە گازەکانی وەکو دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میسان کە هۆکارن بۆ تواندنەوەی بەفری جەمسەرەکان و زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریاکان.

ئەم کۆبوونەوەیەی لوتکە لە گلاسکۆ دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی G20 دێت کە لە ڕۆما گەشتن بە ڕێکەوتن بۆ ئەوەی هەتا 2050 هیچ گازێکی زیادەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرەڵای کەش‌وهەوا نەکەن، بەڵام ئەو وڵاتانە نەگەیشتنە ڕێکەوتن بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی خەڵوز لە نێو وڵاتەکانی خۆیان کە یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی زیادبوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ڕۆما لە تویتەرەکەی نووسی، " لە کاتێکدا پێشوازی لە دووبارە پابەندبوونی G20 دەکەم بۆ چارەسەری جیهانی، ڕۆما جێدەهێڵم بێ ئەوەی هیواکانم بێنە دی، بەڵام لانی کەم هێشتا نەخراونەتە گۆڕ."