جیهان

01:40 - 03/11/2021

فه‌ره‌نسا ڕێوشوێنەکان بەرامبەر کۆچبەران سوک دەکات‌

پەیسەر


نوێنەرێکی حکومەت وتی فەڕەنسا چیتر کۆچبەران لە کاڵاس بەجێناهێڵێت لەسەر شەقامەکان بمێننەوە، دوای ئەوەی خێمەکانیان لەناکاو لادەبرێن، بەڵێنیشیدا " بەشێوەیەکی ڕێکخراو " پەناگە بۆ کۆچبەران دابین بکات.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت ماوەی 23 ڕۆژە قەشەیەکی بەتەمەنی کاڵاس مانی لە خواردن گرتووە تاوەکو ڕێکارێک بگیردرێتەبەر بۆ ئەو بیانیانەی لە کاڵاسدان و هیچ شوێنێکیان نیە تیایدا بمێننەوە.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی فەڕەنسا هەوڵیانداوە ڕێگە نەدەن کۆچبەران خێمە لە کاڵاس هەڵبدەن، سەدان کەس لەوێ لە دارستان و ژێر پرددا دەژین و هەوڵدەدەن بەشێوەیەک لە شێوەکان بپەڕنەوە بۆ بەڕیتانیا.

بەڵام بەڕێوبەری ئۆفیسی نیشتیمانی کۆچی فەڕەنسا دیدییە لێشی وتی حکومەت ڕێوشوێنەکان بەرامبەر کۆچبەران سوک دەکات.

وتی " بەشێوەیەکی ڕێکخراو پەناگە بۆ کۆچبەران دابین دەکەین." ئاماژەشی بەوەدا ئەو شوێنانەی وەکو پەناگە دابین دەکرێن بۆ کۆچبەران لەناو کاڵاسدا نابن بەڵکو زیاتر لە ناوچەی هۆتس دی فرانسدا دەبن.

لێشی ڕەوانەی کاڵاس کرا تاوەکو لەگەڵ قەشە تەمەن 72 ساڵەکەدا قسە بکات و بگەنە ڕێکەوتنێک، قەشەکە و سێ چالاکەوانی گەنجی دیکە سێ هەفتە لەمەوبەر مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک لەسەر ئەو مامەڵە توندەی کۆچبەران بەرگەیان گرتووە.

مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا پۆلیسی فەڕەنسای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی " ژیانی کۆچبەرانیان تاڵ کردووە لەڕێی تێکدانی خێمەکانیانەوە و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلەکانیان و بێزارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کۆچبەرانە بدەن."

لێشی وتی ئەو کۆچبەرانەی لە داهاتوودا دێن نزیکەی " 45 خولەکیان دەدرێتی تاوەکو کەلوپەل و خێمەکانیان کۆدەکەنەوە." وتی چیتر لەناکاو خێمەکان لانابرێن.

حکومەتی فەڕەنسا دەڵێت ئەو خێمانە قاچاخچییەکان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن کە داوای پارە دەکەن تاوەکو کۆچبەران لەڕێی بەلەمی بچوکەوە لە شەودا بپەڕێننەوە بۆ بەڕیتانیا، یاخود لەڕێی بارهەڵگرەکان و تونێلی کەناڵەکەوە.

جێی ئاماژەیە لە هەشت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 15,400 کەس هەوڵیانداوە لەو کەناڵەوە بپەڕنەوە، ئەمەش بە ڕێژەی لە سەدا 50 بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا زیادییکردووە.
سەرچاوە/VOA_ فرانس پرێس