جیهان

10:54 - 08/03/2022

سەرۆکی ئۆكرانیا: خۆم حەشار نادەم لە کەس ناترسم‌

پەیسەر

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆكرانیا، لە وتارێکیدا کە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، رایگەیاند ''لە کیێڤ دەمێنمەوە، خۆم حەشار نادەم لە کەس ناترسم''.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە دەستپێکی جەنگی ڕوسیا-ئۆكرانیا تا ئێستا، بۆ یەکەم جار لەسەر مێزی نووسینگەکەی لە سەرۆکایەتی وەزیرانی وڵاتەکەی، وتارێکی پێشکەش بە گەلەکەی کرد.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە گرتە ڤیدیۆییە نۆ خولەکیەکەدا، رایگەیاند ''دەمانوت رۆژی دووشەممە رۆژێکی سەختە. لە وڵاتەکەماندا جەنگێک هەیە و ئیدی بۆ ئێمە هەموو رۆژێک دووشەممەیە. راهاتووین هەموو شەو و رۆژێکمان بەو شێوەیە بێت. لە ١٢مین رۆژی خەبات و بەرگرییمانداین''.

سەرۆکی ئۆكرانیا، باسی لەوە کرد کە هەمووان لە گۆڕەپانەکەدا لە حاڵەتی بەرگرییدان و وتی: ''هەمووان لەو شوێنەن کە پێویستە لەوێ بن. من لە کیێڤ-م و تیمەکەم لەگەڵمدایە''.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە قارەمانانە بەرگریی لە خۆیان و وڵاتەکەیان دەکەن و وتی: ''دەزانین کە ئەو رقەی دوژمنەکەمان بە بۆردومانەکان هێناویەتی لە شارەکانماندا نامێنێتەوە. هیچ شوێنەوارێکی ئەوە نامێنێت. ئەو رقە هی ئێمە نییە، لەبەرئەوە هیچ ئاسەوارێکی دوژمن نامێنێت. هەموو شتێک لە سەرەتاوە بنیات دەنێینەوە. ئەو شارانەی داگیرکەران خاپووریان کردوون لە هەر شارێکی ڕوسیا جوانتریان دەکەینەوە''.

 

سەرۆکی ئۆكرانیا، باسی لەوە کرد ڕوسیا بەڵێنەکەی بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەجێنەگەیاند و تەنیا بۆ وێنەگرتنی مەیدانەکە شوێنێکی دیاریکراوی کردەوە و وتی: ''ئەمڕۆ سێیەمین خولی کۆبوونەوەکان لە بیلاڕوسیا ئەنجامدرا. دەمەوێت بڵێم ئەوە سێیەم و دوایین خول بوو، بەڵام ئێمە راستیین. لەبەر ئەوە قسە دەکەین. تا دۆزینەوەی رێگایەک کە گەلەکەمان دەڵێت 'ئاشتیی بەو شێوەیە بەدیدێت' پێداگرین لەسەر دانوستانەکان''.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی هەروەها باسی لەوە کرد کە بڕیارنامەیەکی واژووکردووە بۆ بەخشینی خەڵاتی دەوڵەت بەو ٩٦ ئۆکراینیەی لە جەنگدا گیانیان لەدەستداوە و وتی: ''ئێستا تەنیا یەک شت دەڵێم. لە کیێڤ دەمێنمەوە، خۆم حەشار نادەم لە کەس ناترسم''.