جیهان

11:30 - 17/03/2022

بی بی سی: ئێران و بەریتانیا، باشترین پەیوەندی دیبلۆماسی لەنێوانیاندا هەیە‌

پەیسەر

كاوە ڕەش

دوای ئازادكردنی سێ بارمتەی هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی ئێرانیی و بەریتانی، پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، بەرەو توندو تۆڵی دەڕوات.


یەكێك لەبارمتە دەستبەسەرەكان كە خانم نازەنین زەغاریبوو دوای شەش ساڵ دەستبەسەركردنی لەئێران، ئێستا بەڕێكەوتووە بۆگەڕانەوەی بۆ بەریتانیا.

حكومەتی ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین كەسی لەهەڵگرانی پاسپۆرتی  ئێرانیو بەریتانیی، وەك بارمتە دەستبەسەر كردووە، لەپای ئەو قەرزانەی كەلەساڵانی حەفتاكان لای بەریتانیایە.

لەسەردەمی دەسەڵاتی شادا حكومەتی پادشایەتی ئێران، بەبڕی 400ملیۆن پاوەند 1500 تانك و 250 ئۆتۆمبیلی سەربازی لەبەریتانیا كڕیوە.

 دوای گەیشتنی پارەكە بۆ بەریتانیا، دەسەڵاتی شا تەنها 150 تانكی سەربازی بەدەست گەیشتوەو كۆماری ئیسلامیی هاتۆتە سەر حوكم. لەوكاتەوە نەپارەو نەتانك و ئۆتۆمبیلیە سەربازییەكان نەگەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران.

كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوكاتەوە لەچەندین ڕێگاوە هەوڵی گەڕاندنەوەی پارەكەی داوە لەوانە لەڕێگای دیبلۆماسیەكان و دادگای نێودەوڵەتی، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.

هەربۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەرامبەردا چەندین هاووڵاتی كەهەڵگری هەردوو هاوڵاتینامەی بەریتانیی و ئێرانین، بەبارمتە گرتووە لەكاتی چونیان بۆ ئەو ووڵاتە.

بەپێی لێكدانەوەكانی تۆڕی هەواڵی بی،بی،سی، بەهۆی هەوڵەكانی هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو ئێران، گفتۆگۆ كراوە لەسەر ئازادكردنی بارمتەكان و كرانەوەی فایلی قەرزەكانی ئێران، كەلای بەریتانیایە، كەدەگاتە نزیكەی ٦٠٠ ملیۆن پاوەندی ئێستا. هاوكات ئاماژە بەڕەزامەندی بەریتانیایەش دەدرێ  لەسەر ڕێكەوتنامەی ناوەكی ئێران لە ڤێنا.

ئاماژەیەكی دیكەش ئەوەیە، كە نەوت و غازی ئێران بەڕوو بازاڕەكانی ئەورپادا بكرێتەوە، وەك بەدیلی  غاز و نەوتی ڕوسیا. ئەمە لەكاتێكدایە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، گەشتێك بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، بۆ دۆزینەوەی بەدیلی ووزەی ڕوسیا.  كە بەگوتەی جۆنسن، دەبێت ووڵاتانی ئەوروپا كارتی ووزە وەك هەڕەشە لەدەست ڕوسیا دەربهێنن، ئەویش بەسوود وەرگرتن لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەكانی دیكەی وەك وزەی ناوەكی و ئاو و خۆر و با.