جیهان

01:06 - 18/05/2022

فینلاند و سوید به‌ فه‌رمی داوای چوونه‌ ناو ناتۆیان كرد‌

پەیسەر

فینلاند و سوید نامەی فەرمی داواکاری بوونە ئەندام لە ناتۆیان رادەستی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ کرد.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، نامەی لە باڵیۆزانی باوەڕپێکراوی سوید و فینلاند لە ناتۆ وەرگرت.

ستۆڵتنبێرگ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگه‌یاند: هەر وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە رێگای خۆی هەڵبژێرێت، لەبەرئەوە بە خۆشحاڵییەوە داواکاری هەردوو وڵاتەکەیان وەرگرتووە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەندامێتی سوید و فینلاند، ئاسایشی ناتۆ بەهێز دەکات و وتی: "ئەو داواکارییانەی ئەمڕۆ پێشکەشتان کرد هەنگاوێکی گرنگە. ئێستا هاوپەیمانان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رێگایە دەکەن کە دەچێت بۆ ناتۆ. دەبێت نیگەرانی ئەمنیی هەموو هاوپەیمانان لەبەرچاو بگیرێت. پێداگرین لەسەر تاوتوێکردنی هەموو بابەتەکان بەوردی و گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا''.

ستۆڵتنبێرگ هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو هاوپەیمانان هاوڕان لەسەر ئەوەی ناتۆ پێویستی بە فراوانبوونە.

 

ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هاوپەیمانییەکی سەربازی بەرگریکارە لە ساڵی ١٩٤٩ لەلایەن ١٢ وڵاتەوە پێکهێنراوە، لەوانە: ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی فراوانبوونی سۆڤیەت لە ئەوروپا دوای جەنگ، و بەدرێژایی دەیان ساڵ لەو کاتەوە هاوپەیمانییەکە گەشەی کردووە و ئیستا٣٠ ئەندامی هه‌یه‌.