جیهان

11:27 - 30/05/2022

ئیسرائیل بۆ ئێران: سەردەمی پارێزراویی تەواو بوو‌


سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل هەفتەیەک دوای کوژرانی کۆلۆنێڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران هەڕەشەیەک ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، سەردەمی پارێزراویی ئێران تەواو بوو. 



نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل کە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری موساد دەکات ئێرانی بە تۆمەتی بە ئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، "ماوەی دەیان ساڵە ڕژێمی ئێران لەڕێی بریکار و نێردراوەکانییەوە تیرۆری دژی ئیسڕائیل ئەنجامداوە."  

دەشڵێت " سەردەمی پارێزراویی ڕژێمی ئێران تەواو بوو، ئەوانەی پشتیوانیی دارایی لە تیرۆریستان دەکەن و ئەوانەی چەک دەدەن بە تیرۆریستان و ئەوانەشی کە تیرۆریستەکان دەنێرن باجێکی گەورە دەدەن." 


هەڕەشەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەیەک لەدوای کوژرانی حەسەن سەیاد خۆدایی، کۆڵۆنێلی سوپای پاسدارانی ئێران دێت کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسڕائیلییەکانی جیهان تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن دوو کەسەوە لەناو ئوتومبێلەکەی خۆیدا لە تاران بە فیشەک کوژرا.