جیهان

06:14 - 04/06/2022

پۆتین؛ ژماره‌یه‌ك ژه‌نه‌ڕاڵی دوورخسته‌وه‌‌

پەیسەر

میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویانكرده‌وه‌، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا ژمارەیەک ژەنەڕاڵی سەربازی و بەرپرسی ئەمنی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، ئەمەش دوای ئەو زیانانەی کە مۆسکۆ لە ئۆکرانیا تووشی بووە.


ڕۆژنامەی ئەمریکی "زه‌ هیل" بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی ڕوسی "پراڤدا" ڕایگەیاندووە کە پوتین سەرەتای ئەم هەفتەیە پێنج ژەنەڕاڵی باڵای سەربازی و عەقیدێکی پۆلیسی لە کارەکانیان دوورخستۆتەوە.
ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، ئەو كەسایەتییە سەربازییانەی كە لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە، بەرپرسن لە ئۆپەراسیۆنی ڕوسیا لە ئۆكرانیا.


ئه‌وانه‌ی دوورخراونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ ڤاسیلی کوکوشکین، ئەلێکساندەر لاس، ئەندرێی لێبێلین، ئەلێکساندەر ئودۆڤێنکۆ و یوری ئینسترانگین، له‌گه‌ڵ عەقیدی پۆلیس ئیمیل موسین.


باسله‌وه‌كراوه‌، لادانی ئه‌م به‌رپرسانه‌، دوای ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە لە ئۆکرانیا تووشی ڕوسیا بوون، كه‌ شكستی هێناوه‌ له‌ گرتنی ناوچە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا وەک کیێڤی پایتەخت.


ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێشتر به‌رپرسان باسیان له‌وه‌كردووه‌، ڕوسیا به‌ده‌ست "زەرەرێکی بێ وێنە بووە" لە ڕیزەکانی ئەفسەر و ژەنەڕاڵە باڵاکان ده‌ناڵێنێت.


لەمبارەیەوە ئه‌دیمراڵ جەیمس ستاڤریدیسی خانەنشینکراو، فەرماندەی باڵای پێشووی ناتۆ، وتی: لە مێژووی نوێدا زیانێکی گەورە لەڕووی مردنی ژەنەڕاڵەکانەوە نەبووە، وەک ئەوەی ئێستا بەسەر ڕوسیادا دێت.


ده‌ڵێت: "لە ماوەی دوو مانگدا کوژرانی لانیکەم ١٠ ژەنەڕاڵی ڕووسیامان بینیوە، ئەگەر زیاتریش نەبێت".