جیهان

10:01 - 25/08/2022

500 ساڵه‌ ئه‌وروپا وشكه‌ساڵی له‌مشێوه‌یه‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌‌

پەیسەر

ئاژانسێکی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوروپا رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی دەبێتەوە لە ماوەی لانیکەم 500 ساڵدا، دوو لەسەر سێی کیشوەرەکەش لە ئامادەباشیدان یاخود هۆشداریی وشکەساڵییان پێدراوه‌، ئه‌وه‌ش بەهۆی کەمبوونەوەی کەشتییە ناوخۆییەکان و دابەزینی بەرهەمی کارەبا و له‌گه‌ڵ دابه‌زینی بەرهەمهێنانی هەندێک به‌رهه‌می ناوخۆیی.


لە راپۆرتەكەی مانگی ئابدا كە لەلایەن روانگەی وشكەساڵی ئەوروپاوە بڵاوكراوەتەوە، كە لەلایەن كۆمیسیۆنی ئەوروپاوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئاماژەی بەوەكردووە، 47%ی رووبەری كیشوەرەكە رووبەڕووی هۆشداری بووەتەوە، لەگەڵ نەبوونی شێی خاك، هەروەها 17%ی رووبەرەكەی لە دۆخێكی ئامادەباشیدایە، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ کە ڕووپۆشی ڕووەکی کیشوەرەکە کاریگەری لەسەرە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "وشكەساڵی توند كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە كاریگەری لەسەر بەشێكی زۆری ئەوروپا كردووە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە فراوانتر بووە و خراپتر بووە"، ئاماژە بەوەشكراوە، ئەگەری زۆرە كەشوهەوای رۆژئاوا و دەریای ناوەڕاست تاوەكو تشرینی دووەم گەرمتر و وشكتر بێت.

بەشێکی زۆری ئەوروپا لە ماوەی چەند هەفتەی ئەم هاوینەدا پلەی گەرمی بەرزی بەخۆوه‌بینی، ئەمەش وشکەساڵییەکەی توندتر کرد و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، هەروەها هۆشداری تەندروستی و داواکاری زیاتری بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا لێکەوتەوە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پێدەچێت وشکەساڵی ئێستا خراپترین بێت لە ماوەی لانیکەم 500 ساڵدا، كاریگەری لەسەر بەروبوومی هاوینە دروستبووە، پێشبینی دەكرێت دروێنەی گەنمەشامی لە ساڵی 2022 بە رێژەی 16% كەمتر بێت لە تێكڕای پێنج ساڵی رابردوو، پێشبینی دەكرێت فاسۆلیا بە رێژەی 15% و گوڵەبەڕۆژە بە رێژەی 12% دابەزێت.

بەرهەمهێنانی كارۆئاوی زیانی بەرکەوتووە، کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنەرانی دیکەی وزە زیاد بووە بەهۆی کەمی ئاو بۆ خۆراکدانی سیستەمی ساردکردنەوە.

نزمی ئاستی ئاو بەدرێژایی ڕووباری ڕاین ڕێگری لە جموجوڵی کەشتیوانی ناوخۆیی کردوه‌، کاریگەری لەسەر گواستنەوەی خەڵوز و نەوت هەبوو.

روانگەی وشکەساڵی ئەوروپا رایگەیاندووە، رەنگە بارانبارین لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا كه‌مێك بارودۆخەكه‌ی سووک کردبێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا هەورە تریشقەی لەگەڵدا بووە کە زیانی زیاتری لێکەوتووەتەوە.