جیهان

05:51 - 18/09/2022

سه‌رزه‌نشتی پۆتین كرا "سه‌رده‌می ئەمڕۆ سەردەمی جەنگ نییە"‌

پەیسەر

دوای هێرشه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ سەرکەوتوەكه‌ی ئۆکرانیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەو شەڕەى كه‌ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دەستیپێکرد گەیشتووەتە بەردەم دەرگای ماڵه‌كه‌ی خۆی، تۆپخانەکانی ئۆكرانیا چه‌ند ئامانجێكیان له‌ناو خاكی ڕووسیا بۆردومان كردووه‌، هەروەها بەرپرسانی مۆسكۆ لە شار و شارۆچکەکانی سەر سنوور فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەیان دەرکردووە، ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست.


رۆژی شەممە، ناوچەی بێلگۆرۆد لە رۆژئاوای رووسیا بۆردومانكراوه‌ و بەلایەنی کەمەوە کەسێک کوژرا و دوو کەسیش برینداربوون. بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی هەینی ئۆکرانیا بنکەی فرقەی سێیەمی ڕووسیایان لە نزیک ڤالۆیکی بۆردومان کردووە, کە تەنها ٩ میل لە باکووری سنووری ڕووسیا و ئۆکرانیا دوورە.


بەرپرسانی ڕووسیا دانیان بە بۆردومانکردنی ئامانجێکی سەربازیدا نەناوه‌، بەڵام ڕایانگەیاند کە هاوڵاتییەکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە، هەروەها تۆڕی کارەبای ناوخۆیی تووشی پچڕانی کاتی بووە. هه‌روه‌ها کیێڤ بەرپرسیارێتی خۆی لە بۆردومانی ئامانجەکانی سەر خاکی ڕووسیا لە ئەستۆ نەگرتووە.


ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا فەرمانی چۆڵكردن و داخستنی قوتابخانەکانی شارۆچکە سنوورییەکان دەرکردووە. بەڵام ئێستا دەسەڵاتدارانی بێلگۆرۆد لە ژێر فشارێکی زیاتردان لەلایەن دانیشتووانی ناوچه‌كه‌وه‌ کە ئێستا به‌ هه‌مانشێوه‌ی ئه‌و ئۆكرانیانه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن كه‌ چه‌ندین مانگه‌ تووشی بوون.


تاتیانا پوگاچێڤا دانیشتووی شاری بێلگۆرۆد لە پەیجی سۆشیال میدیای ڤیکۆنتاکتە نووسیویەتی: "دیسان دەپرسم، سوپاکەمان لە کوێیە، ئەو سوپایەی کە دەبێت بمانپارێزێت؟ ئێمە لەسەر سنوورین، تەقەمان لێدەکەن، بۆیە پێویستمان بە سوپا و پاراستن هەیە، کێیە سەرۆک بەئاگا دەهێنێتەوە؟"


لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا دوای هەڵەی گەورە لە بەرەکانی جەنگدا ماندووبوون و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کارمەند و کەرەستەی کارکردن بۆ پاراستنی خاکەکەیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
هەروەها دەوترێت ئەو سەربازە ڕووسیانەی کە بۆ خزمەتکردن لە فەوجی پاسەوانی یەکەمی فیرقەی تامان دامەزراون، لە ناوچەی مۆسکۆوە گواستراونەتەوە "بۆ پاراستنی سنوورەکانی دەوڵەت".


کیێڤ دڵنیایی دایە بەرپرسانی ئەمەریکا کە ئەو چەکانەی له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ پێی بەخشراوه‌ بۆ لێدانی ئامانجەکان لە ناوخۆی ڕووسیا بەکارناهێنرێت، بەڵکو ئێستا هێزەکانی ئۆکرانیا ئەوەندە لە سنوور نزیکن کە دەتوانن بە بەکارهێنانی چەکە کەمتر پێشکەوتووەکانیان ئامانجەکان بپێکن.


لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەستی هاوڵاتیانی رووسیا بە کاریگەریی راستەوخۆی جەنگه‌كه‌، سەرچاوەیەکی دیکەی نوێی فشارە بۆ سەر پوتین، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای لە ئۆزبەکستان گەڕایەوە وڵاته‌كه‌ی کە تێیدا رووبەڕووی سەرزەنشتێکی گشتی بەرچاو بووەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هیندستانەوە نارێندرا مودی و پرسیارەکانی شی جین پینگ سه‌رۆكی چین له‌باره‌ی جه‌نگه‌كه‌وه‌.


مودی لە سەرزەنشتێکی گشتی بێ پێشینه‌دا بە پوتینی وت "سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی جەنگ نییە، منیش لەسەر ئەم بابەتە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ئێوە کرد، ئەوەش دوای ئەوە هات کە پوتین دانی بەوەدانا کە نیگەرانی و پرسیارەکانی لەبارەی شەڕەوە لە سه‌رۆكی چین بیستووە".


ئۆکرانیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنی سەرنجڕاکێشی لە ناوچەی خارکیڤ، لە باکووری ڕۆژهەڵات، بەدەستهێناوە. لەگەڵ پێشکەوتنیدا سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ و ئەو چیرۆکە ترسناکانەی ئاشکرا کرد کە لەلایەن دانیشتوانی شاری ئازادکراوی ئیزیۆمەوە دەگێڕدرێنەوە.