جیهان

10:23 - 21/09/2022

پۆتین بڕیاری دیكه‌ی ده‌ركرد‌

پەیسەر

ڤلادیمێر پۆتین سه‌رۆكی ڕوسیا، له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی سازدانی سەربازیی بەشەکیی سوپاكه‌ی‌ كه‌ له‌مڕۆوه‌ دەست پێدەکات، قسەی بۆ هاوڵاتیانی خۆی کرد، تێیدا تیشكی خستە سەر داهاتووی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر خاکی ئۆکرانیا و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆم.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی پۆتین، به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ڕوسیا، ده‌خرێنه‌ دۆخی جەنگ یان نیمچە جەنگ.

پوتین لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەت پەخشکرا، پێیوابوو کە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیادا جێگەی سەرنجی رۆژئاوا نییە، کە بە وتەی ئەو سیاسەتە توندوتیژەکەیان هەموو سنوورەکانی بەزاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی لەژێر هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیدایە. لەلایەکی دیکەوە ڕوونیکردەوە کە مۆسکۆش چەکی کۆمەڵکوژی لەبەرامبەر چەکی ڕۆژئاوادا هەیە و وتی، "بە ڕۆژئاوا دەڵێم، ئێمە چەندین چەکمان لەبەردەستە بۆ وەڵامدانەوە". وتی" من ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بە خاکی رووسیا دەزانم؛ هەر هەوڵێک بۆ وەرگرتنەوەیان وادەکات بە چەکی ئەتۆم وەڵام بدەینەوە".

هەروەها "دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕوسیافۆبیا وەک چەکێکی سەرەکی بەکاردەهێنن، هەروەها گەلی ئۆکرانیایان کردووە بە خۆراكی به‌رگریكردن".

جگە لەوەش جەختی لەوە کردەوە ده‌سه‌ڵاتدارانی کیێڤی تۆمه‌تبار كرد به‌ ده‌ستپێكردنی لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک لە بەرامبەر هاووڵاتییە بێ بەرگرییەکانیدا چەکی بەرزکردەوە"، وەک ئاماژەیەک بۆ دۆنباس و دورگه‌ی کریمیا.
جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ پاراستنی زەوی و زار و سەروەری خۆی لە هەموو ئامراز و تواناكانی بەردەست بەكاردەهێنێت.

هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئامانجی ئەو "ئازادکردنی ناوچەی دۆنباس بووە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا"، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی خەڵکی ئەوێ نایانەوێت جارێکی دیکە ملکەچی ئەو شتە بن کە بە "کۆیلایەتی کیێڤ، یان دەسەڵاتی نیونازی" ناوی برد.

ئەم بڕیارەی کۆکردنەوەی بەشەکی هێزه‌كان لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ڕوسیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە تایبەت لە ناوچەی خارکیڤ پاشەکشەیان کرد، دوای هێرشێکی پێچه‌وانه‌ کە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیپێکرد.