جیهان

07:40 - 02/10/2022

هیومان ڕایتس وۆچ: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران گەیشتە ١٣٣ کەس‌

پەیسەر

ڕێكخراوی "هومان ڕایتس وۆچ" ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران گه‌یشته‌ 133 كه‌س.


پێشتر ڕێکخراوەکە رایگه‌یاندبوو ٩٢ كه‌س له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا كوژراون.


مەحمود ئەمیری موغەدام بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە وتی: ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لێکۆڵینەوە بکات و ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی تاوانی دیکە.


لە پێشهاتێکدا، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، کە دوو ئەندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لە پێکدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران لە ئێران کوژراون.


ئاژانسەکە رایگەیاندووە، یەکێکیان لە قوم کوژراوە، ئەوی دیکەشیان لە قشم گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی برینداربوون كه‌ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیان كراوه‌ته‌سەر.


لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکدا ئه‌مڕۆ یەکشەممە ئەوانەی بە دوژمن وەسفی کردووە، كه‌ گوایه‌ "پیلانگێڕییەکی نوێیان كردووه‌ لە پێناو ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی وڵات". به‌وته‌ی  به‌ڵام شکستیان هێناوه‌.


لای خۆیەوە سەرۆكی په‌رله‌مانی ئێران، هۆشداریدا لەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە دەكرێت وڵات ناسەقامگیر بكات، هەروەها داواشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكەن كە بە وتەی خۆی "ئەمنییەت پێشێل دەكەن".


محەمەد باقر قالیباف لە دانیشتنی پەرلەماندا رایگەیاند: بەپێچەوانەی خۆپیشاندانەكانی پێشوو، خۆپیشاندانه‌كانی ئێستا ئامانجیان رووخاندنی حكومەتە، وتی: پێشتر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشین بەهۆی كەمی موچەكانیان بەشدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌كرد ئامانج لێی ئەنجامدانی چاكسازی بوون.