جیهان

08:59 - 03/10/2022

خۆپیشاندانه‌كانی ئێران له‌ سێیه‌م هه‌فته‌دا‌

پەیسەر

بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەک، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کوژراوان و سەرکوتێکی توند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە گازی فرمێسکڕێژ و كوته‌ك و لە هەندێک حاڵەتیشدا ده‌ستدڕێژی گولـله‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا بەپێی ڤیدیۆکانی سۆشیال میدیا و گروپەكانی مافی مرۆڤ، خۆپیشاندانەکان کەمنەبوونەتەوە.


خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران لە ناڕەزایەتییەکانیان لە دژی سەرکوت و کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی بۆ دامركاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانەکان به‌رده‌وامبوون.


ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری کەناڵی "یەکێتی ئەنجومەنەکانی زانکۆكانی وڵات" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویکردەوە، کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران، ئێوارەی یەکشەممە، لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ خوێندکاری زانکۆی شه‌ریف بۆ تەکنەلۆجیایان دەستبەسەر کردووە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ كارمه‌ندانی ئاسایش و چه‌كدار به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر زانكۆكه‌ و له‌ خوێندكاره‌كانیانداوه‌. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک مامۆستای ئەم زانکۆیە.


دوێنێ یەکشەممە زانکۆی شەریف بۆ تەکنەلۆجیای شاهیدی گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندکاران بوو، ئەمەش لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە ئێران و دەرەوەی وڵات لەسەر کوژرانی مەهسا ئەمینی كچه‌ی كوردی خه‌ڵكی سه‌قز به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.

هەروەها لە زانکۆی بەهەشتی لە تاران، خوێندکاران دروشمی: "دەرچوونەکەمان بە ناڕەزایەتی ناو مەبە، بووەتە شۆڕش". وتوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی گرته‌ی ڤیدیۆی كه‌ چالاكوانان بڵاویانكردوونه‌ته‌وه‌، خوێندکارانی زانکۆی ڕازی لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران له‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وام بوون و دروشمی: "پێتان وا نەبێت ناڕەزایەتیەکان کۆتایی پێبێت..مه‌وعیدمان هەموو ڕۆژێکە"، وتوه‌ته‌وه‌ وه‌ك جەختکردنەوەیه‌ك لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان.

دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەی کوژراوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن "ئاژاوەگێڕان و چەقۆکێشەکانەوە کوژراون کەله‌لایه‌ن دوژمنانی بیانی پشتیوانیان لێدەکرێت". 

تائێستا خامنەیی هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو ناڕەزایەتیانەوه‌ نەداوه‌ کە تا ٣١ پارێزگای ئێرانی گرتەوە و بە بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان.