جیهان

03:23 - 08/10/2022

قۆناغێكی نوێ شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا‌

پەیسەر

گرژییەکان لەسەر نیمچە دورگەی کریمیا زیاتر دەبن، کە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٤ به‌ ڕووسیاوه‌ لکێنراوه‌، ئه‌وه‌ش دوای زنجیرەیەک تەقینەوە لە بنکە و کۆگا سەربازییەکانی ڕووسیا لە نیمچە دوورگەکە دێت لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، مەترسیدارترینیان ئەو تەقینەوەیە بوو کە ئه‌مڕۆ شەممە لە ڕێگەی بارهەڵگرێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ لە پردی کیرچ ڕوویدا، کە ڕووسیا دروستی کرد بۆ بەستنەوەی خاکەکەی بە نیمچە دوورگەی کریمیاوه‌.

چی ڕوویدا؟

لیژنەی نیشتمانی دژە تیرۆری ڕووسیا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ کاتژمێر شه‌ش و حه‌وت خوله‌كی به‌یانی، بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە بەشێكی ڕێگای پرده‌كه‌ تەقیوەتەوە و ئاگری لە 7  تانکەری شەمەندەفەر بەرداوە کە بەرەو کریمیا دەڕۆیشتن .
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئۆکرانیا تەقینەوەکەی پردی کێرچ بە "سەرەتایه‌ك" ناوبردووه‌ هەروەها وتی "دەبێت هەموو شتێکی نایاسایی لەناوببرێت".

وه‌ڵامی مۆسکۆ

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی کاردانەوەی لایەنی ئۆکراینی بەرامبەر به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ه‌، لێدوانی دا و وتی: کاردانەوەی ڕژێمی کیێڤ بۆ لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی، گەواهیدەری سروشته‌ تیرۆریستیەكه‌یه‌تی.
چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی کە نیمچە دوورگەی كریمیا کە بنکەیەکی پشته‌وه‌ی ڕووسیایە لە جەنگی ئۆکرانیادا، جارێکی دیکە لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا ببێتەوه‌ گۆڕەپانی شەڕ.


گرنگی سەربازی و ئابووری

سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەگەرەکانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌ بەرەی کریمیا، توێژەر و شارەزای ڕووسی، تەیمور دۆویدار، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی وتی: “ئەو پردە كه‌ بەسەر گەرووی کێرچ کە کریمیا بە ڕووسیا دەبەستێتەوە بێگومان ڕەمزییەتی زۆره‌، گرنگی سەربازی هەیە ئه‌ڵقه‌ی پەیوەندی نێوان ناوچەی سەربازی باشووری هێزەکانی ڕووسیا لەگەڵ هێزەکانی کریمیایه‌. گرنگییەکی بازرگانی و ئابووریشی هەیە بۆ كه‌رتی بازرگانی ڕووسی و هێمایه‌كیشه‌ بۆ یەکێتی نێوان نیمچە دوورگەکە و نیشتمانی دایکی كه‌ ڕووسیایه‌.

زانیاری دەربارەی پردەکە

پردی زەبەلاحی کێرچ کە لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین کرایەوە و زیاتر لە ١٩ کیلۆمەتر درێژ بووەوە، گرنگییەکی سەرەکی هەیە بۆ ڕووسەکان و دوو ساڵی خایاند تا دروست بکرێت بۆ بەستنەوەی ڕووسیا بە کریمیاوه‌.

گه‌رووی کێرچ، پێكدێت له‌ هێڵی ئاسن و پردێك، کە لەلایەن ڕووسیاوە دروستکراوە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا کریمیای لە ئۆکرانیا داگیركرد.
پردەکە بە فەرمانی سەرۆک پوتین دروستکراوە و بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو هێزانەی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن بەکاردەهێنرێت.
درێژی پردەکە ١٩ کیلۆمەترە و بەرزییەکەی ٣٥ مەترە.
بەپێی زانیارییەکان پردەکە بە کۆنکرێت و پێکهاتەی گەورەی کۆنکرێتی و پۆڵا دروستکراوە، کە تەنها بە لێدانی ڕاستەوخۆی مووشەکێکی گەورە دەتوانرا بڕوخێنرێت.
یەکەم شەمەندەفەری سەرنشین لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بەسەر پردەکەدا ڕۆیشت.
تێچووی دروستکردنی پردەکە بە سێ ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.
بۆ دانیشتوانی ڕووسی کریمیا، ئەم پردە "هێڵێکی ژیانە" کە بە نیشتمانی دایکیان دەبەستێتەوە.