جیهان

06:35 - 09/11/2022

كۆمارییه‌كان له‌ نوێنه‌ران له‌ پێشه‌وه‌ن و ركابه‌ری توند له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌‌

پەیسەر

چەند سیناتۆرێکی کۆمارییەکان بە ئاسانی لە هەڵبژاردنەکانی نیوه‌یی خولی کۆنگرێسی ئەمریکادا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە به‌ كاتی ئه‌مریكا بڵاوكراونه‌ته‌وه، پێشبینی ده‌كرێت سەردەمێکی دابەشبوونی حکومەت و كه‌مبوونه‌وه‌ی دەسەڵاتی سەرۆک جۆ بایدن لە واشنتۆن دەستپێبکات.

لەگەڵ داخستنی سندوقه‌كان دەنگدان لە هەڵبژاردنی نیوه‌یی لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ده‌ركه‌وتن پێناچێت بەم زووانە ئەنجامی کۆتایی دەربکەوێت، ملیۆنان ئەمریکی چاوەڕێی ئەوەن کێ زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت، له‌گه‌ڵ پۆستی حاكمی ٣٦ ویلایەت. ئەمریکییەکان دەنگیانداوه‌ بۆ هەڵبژاردنی ٣٥ نوێنه‌ری ئەنجومەنی پیران و هەر ٤٣٥ نوێنه‌ره‌كه‌ی ئەنجومەنی نوێنەران.

بەگوێرەی ئاماری میدیاکانی ئەمریکا، کۆمارییەکان تا ئێستا 199 کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا دیموکراتەکان 178 کورسییان بەدەستهێناوە. بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمارییەکان دەبێت ٢١٨ کورسی لە کۆی ٤٣٥ کورسی دەستەبەر بکەن.

لە ئەنجومەنی پیران دیموکراتەکان ٤٨ کورسییان بەدەستهێناوە لەکاتێکدا تا ئێستا کۆمارییەکان ٤٨ کورسییان بەدەستهێناوە. بۆ دەستەبەرکردنی زۆرینە، کۆمارییەکان پێویستیان بە ٥١ کورسی هەیە و پارتی دیموکراتی دەسەڵاتدار پێویستی بە ٥٠ کورسی هەیە، بەو پێیەی کە کامالا هاریس جێگری سەرۆک کۆمار کە بەپێی یاسا سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، لە حاڵەتەکانی یەکسانبووندا ده‌توانێت ده‌نگبدات.

هەروەها ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە نانسی پیلۆسی بە ٨٢%ی دەنگەکان کورسییەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەران وه‌ك نوێنه‌ری کالیفۆرنیا دەپارێزێت.

کۆمارییەکان چانسی زیاتریان هه‌یه‌ بۆ بەدەستهێنانی ئەو پێنج کورسییەی کە پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ڕەنگە کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران په‌یوه‌ست بێت به‌ کێبڕکێی گەرم لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، نیڤادا، جۆرجیا و ئەریزۆنا.