جیهان

10:14 - 26/11/2022

له‌ كه‌ره‌ج و تاران خۆپیشاندان و له‌ رۆژهه‌ڵاتیش دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌‌

پەیسەر

لە درێژەی ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە ئێران سەریان هەڵدا، شەوی هەینی له‌سه‌ر شه‌ممه‌ لە هەندێک ناوچە ناڕەزایەتی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوون.

کۆمەڵێک خۆپیشاندەر شەو لە ناوچەی "ڤردیس"ی کەرەج لە ڕۆژئاوای پایتەخت چوونە دەرەوە و دروشمی "ئەمساڵ ساڵی خوێنە... خامنەیی ده‌ڕوخێت". ده‌وته‌وه‌.

بە هەمان شێوە خۆپیشاندەرانی گەڕەکی "جێتکار" لە تاران هەمان دروشمیان وتەوە و "ئەمساڵ ساڵی خوێنە، خامنەیی دەڕوخێت"، بە ئاماژەدان بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

ئەمەش دوای په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئەمنیه‌كانی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان بوو، کە لەم دواییانەدا گرژییەکان زۆربوون و به‌ به‌رده‌وامیش له‌ شاره‌ كوردییه‌كان ناڕه‌زایه‌تی هه‌بووه‌.

لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان، سوپای پاسداران دوێنێ ئامادەیی سەربازی خۆی لەو ناوچە پڕ لە کێشە و گرفتانە زیاتر كرد، هاوکات لە ڤیدیۆ کلیپەکانی چالاکوانانی ئێرانی لە سۆشیال میدیادا دەرکەوتووە کە دەیان کەس لە ناوچەکانی کەمینەی بەلووچ لە ناوچەی باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات خۆپیشاندانیان كردووه‌.

لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد لە زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و له‌ هەندێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان دەرکەوتووه‌ ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە دوای په‌ناگه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ گولـله‌ی پاسداران بپارێزن.

دەسەڵاتدارانی ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن بە هاندان و زیادكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، هەروەها خۆپیشاندەرانی ناوچە کەمینە نەتەوەییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە نوێنەرایەتیگروپە جوداخوازەکانی ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن، بەتایبەتی هێزه‌ كوردییه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان.

لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلول، ٣ ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئایینیەوە، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵات و ئێران سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، مردنی ئەو كچه‌ تووڕەیی لێکەوتەوە، ئیستا گۆڕدراوه‌ بۆ "ڕاپەڕین" ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ئاڵنگارییه‌ له‌ ساڵی 1979ه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی پیاوانی ئاینی ده‌سه‌ڵاتدار بوه‌ته‌وه‌.

بزووتنەوەکە لەم دواییانەدا لە ناوچە کوردستانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هاوکات هێزە ئەمنییەکان بە گولـلەی زیندوو وەڵامیان داوەتەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس. ڕێکخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بۆ نزیکەی 600 کەس بەرزبووەتەوە.