ڕاپۆرتی جیهانی

07:53 - 22/11/2018

جەمال خاشقچی لە مەدینەی منەوەرەوە بۆ پارچەپارچەكردن‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

 

لەدایك بوون و پێگەیشتن:
13/10/1958 لە شاری مەدینەی سعودیە لەدایك بووە
وشەی (خاشق) توركیە و بەمانای توركیەكەی واتە (كەوچك – مێلاك) ئەوەش لەبەر ئەوەی بنەماڵەكەیان دڵفراوان و گوساغ بوون.
بنەماڵەكەیان خەڵكی شاری قەیسەریەی ناوەڕاستی ئەنادۆڵی توركیان و 500 ساڵ پێش لە ئێستە چوونەتە شاری مەدینە لە نزیك گۆڕی پێغەمبەر (د.خ) ژیاون.
لەنێو بنەماڵەكەیان داگرنگی زۆریان داوە بە بەڕێوەبردنی مزگەوتی پێغەمبەر و بانگدان لەو مزگەوتەدا.
چەند جارێك ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە، كۆتا هاوسەری (الا‌و محمود نصیف)ە و لەم دواییانەش دا خاتوو(خەدیجە جەنگیز)ی توێژەر لە كاروباری عومان و بەڕەگەز توركی وەك دەستگیران دەستنیشان كردووە.

ژیانی رۆژنامەوانی:
رۆژنامەنووسی لە كۆلێژی رۆژنامەوانی ویلایەتی (ئیندیانا-ISU) )ی ئەمەریكی خوێندووە.
كاری پەیامنێری بۆ چەندین دەزگای رۆژنامەوانی كردووە لە نێوان ساڵی 1987-1990.
رووماڵی هەواڵەكانی (ئەفغانستان، جەزائیر، كوەیت، سودان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە) لە ساڵی 1991-1999,
بووەتە جێگری سەرنووسەر لە رۆژنامەی (عرب نیوز) 1999-2003 .
سەرنووسەری رۆژنامەی (الوگن )ی رۆژانە بووە بۆ ماوەی تەنها 52 رۆژ لە ساڵی 2004 دواتر  دەستی لەكارەكەی كێشاوەتەوە.
دوای 2004 بووەتە راوێژكاری میدیایی ئەمیر (توركی فەیسەڵ) سەفیری سعودیە لە لەندەن و دواتر لە واشنتۆن.
دواتر لە 2007 بۆ جاری دووەم بوەتەوە سەرنووسەری رۆژنامەی ( ألوطن ) و تا ساڵی 2010 وازی هێناوەتەوە بەڵام ئەمجارەیان لە ژێر فشاردا، لەبەر ئەوەی وتارێك لە رۆژنامەكەیدا بڵاوكراوەتەوە پێچەوانەوە بووە لەگەڵ بیری سەلەفیەكان.
ساڵی 2010 وەك بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی تەلەفزیۆنی (العرب الاخباریە)ی وەلید بن تەلال لە 2012 .
18/5/2018 لە كاتی كێشەكانی قەتەر دا سعودیەی جێهێشتووەو رووی لە ئەمەریكا نیشتەجێ بووە.
ساڵی 2017  لە رۆژنامەی (واشنتن بوست) دەستی بەنووسین كردووە و رەخنەی لە سیاسەتەكانی سعودیە گرتووە لەوانەش: دەستێوەردانی لە یەمەن، كێشەی لەگەڵ لوبنان لە ساڵی 2017، كێشەی لەگەڵ كەنەدا 2018، هەروەها لەبابەتی شۆفێری ژنان.
شرۆڤەكاری سیاسی بووە لەكەناڵەكانی (mbc . bbc. Aljazeera).

 

بیروباوەڕی:
تا ئێستەش یەكلایی نەبوەتەوە بیركردنەوەی سەربەچی قوتابخانەیەك بووە، ئەگرە سەیری نوسینەكانی بكەیت سەری لە لیبرالییەوە دەردەچێت، هەندێكیش دەڵێن نزیك بووە لە برایانی موسڵمان(اخوان المسلمین)ەوە. لەگەڵ راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبیدا بووە و گەشبین بووە بە داهاتووی. عەلمانیەتی لاپەسەندبوە و لەوبارەیەوە گوتویەتی : عەلمانیەت دوكانێك نیە چیت بوێت بیكڕیت و بچیتە دەرەوە. گرنگی زۆری داوە بە فرەیی (تعددیە)ی ئاینی و ئاینزایی، گوێی بە شێعە و سوونە نەداوە، جارێك بەباشی باسی سیستانی كردووە كە كوشتنی سونەكانی حەرام كردووە و ئەوەش زۆری لەسەر كەوتووە. و گوتویەتی دەبێت شێخی ئەزهەر و موفتی سعودیەو یوسف قەرزارویش بچن دەستی سیستانی ماچ بكەن.

 

خاشقچی و ئوسامە بن لادن:
لەگەڵ ئوسامە بن لادن هاوڕێ بووە، پێش لە روداوەكانی 11/سێبتەمبەری /2001 چەند جارێك یەكیان بینیوە.

 

دیارنەمان و كوشتنی:
رۆژی 2/10/2018 بەمەبەستی رێكخستنی كاروباری دەستگیرانەكەی (خەدیجە جەنگیز) دەچێتە سەفارەتی سعودیە لە ئەستانبوڵ و ئیدی ناگەڕیتەوە.
هەرچەندە سعودیە لە ئاستی باڵادا جەختی دەكردەوە كە دوای كەمێك سەفارەتی بەجێهێشتووە.
بەڵام رۆژی هەینی 19/10/2018 سعودیە دانی بەوەدانا كە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا خاشقچی كوژراوە و بەو بۆنەیەوە 18 كەسیان دەستگیر كردووە.
تا ئێستەش بووەتە كێشەیەكی گەورەی لە زۆرینەی میدیاكانی جیهان و ناوەندە سیاسیەكاندا شرۆڤەی جۆراو جۆری بۆ دەكرێت و زۆریشیان باوەڕیان وایە مردنی خاشقچی كۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی سعودیە دەهێنێت. یان لانی كەم لە دەسەڵاتیان كەمدەكاتەوە.

چۆنەیتی مردنەكەی:
سەرەتا سعودیە رایگەیاند كە لەئەنجامی دەمەقاڵێ‌ لەگەڵ لێكۆڵەرەكانی كوژراوە
دواتر گوتیان خنكێنراوە، پاشان گوتیان پارچە پارچە كراوە.
دواجاریش گوتیان بەهۆی بەكارهێنانی مادەی كیمیاوییەوە توێنراوەتەوە.
دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە كوشتنەكە هەموو قۆناغەكانی بڕیوەو تیمێكی زۆر شارەزا لەگەڵ پزیشكی پسپۆڕ كارەكەیان ئەنجام داوەو هەر لە سعودیەوە پێداویستسەكانیان لەگەڵ خۆیان بردۆتە وڵاتی توركیا و لە فڕۆكەخانەی (ئەستەنبوڵ) یش هەموو شتەكان بینراون بەڵام لەبەر ئەوەی لەنێو جانتای خەڵكی دبلۆماتیكی سەفارەت دا بووە نەیانتوانیوە رێگری لێ بكەن.



نوسراوەكانی :
• علاقات حرجە - السعودیە بعد 11 سبتمبر
• ربیع العرب زمن الإخوان (2013).
• احتلال السوق السعودی (2013)