جیهان

01:19 - 25/01/2019

خواست له‌سه‌ر مافی په‌ناهه‌نده‌یی ئه‌ڵمانیا كه‌م بۆته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ئاشكرایانكردووه‌ كه‌ ساڵی ڕابردوو رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ سه‌رخواستی داوای مافی په‌ناهه‌نده‌ی له‌ وڵاته‌كه‌یاندا كه‌مبۆته‌وه‌. ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش ده‌گاته‌ 18%.
به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ڕۆژنامه‌ی(دۆچه‌ ڤیله‌)ی ئه‌ڵمانی وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانی هۆرست سیهوڤه‌ر له‌ لێدوانێكیدا ڕایگه‌یاندووه‌" له‌ چاو ساڵانی 2015دا خواستی به‌رده‌وامی مافی په‌ناهه‌نده‌ی كه‌مبۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا سیاسه‌تی كۆچبه‌رانی ڕێك بخاته‌وه‌."

گوتیشی له‌ ئێستا ده‌مانه‌وێت كۆنترۆلی بابه‌تی كۆچكردن بكه‌ین ئه‌و كاره‌ش یاسا و ڕێسای ڕوون و ئاشكرامان داڕشتووه‌ تاوه‌كو جێبه‌جێ بكرێت.
وه‌زیره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ وڵاـه‌كه‌ی یه‌كه‌مین وڵاتبووه‌ كه‌ پێشوازی له‌و كه‌سانه‌ی كردووه‌ كه‌ داوای مافی په‌ناهه‌نده‌ییان له‌ ئه‌وروپا كردووه‌.ساڵانه‌ خواست له‌سه‌ر مافی په‌ناهه‌نده‌یی ئه‌ڵمانیا له‌ نێوان 180-220 هه‌زار كه‌س بووه‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوڵاتیانی توركی به‌ لێشاو ڕوو له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن و ناوه‌نده‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌ڵمانیا باسیان له‌وه‌ كردووه‌ ڕێژه‌ی كۆچكردنی توركه‌كان بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ ڕێژه‌ی 25 % زیادیكردووه‌.

له‌ راپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی "حوڕییه‌ت"ی توركی باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ساڵی 2017 زیاتر له‌  8438 هاوڵاتی توركی  داوای مافی په‌ناهه‌نده‌یان له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌. به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی دۆچه‌ ڤیله‌ی ئه‌ڵمانی باس له‌وه‌ ده‌كات ساڵی ڕابردوو 10655 كه‌س داوای مافی په‌ناهه‌نده‌یان له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌.

چاودێرانی سیاسیی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و شه‌پۆلی كۆچه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تاكڕه‌وی سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، چونكه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی توركیا ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ده‌ست له‌ هیچ كه‌س ناپارێزێت و پرۆسه‌ی ڕه‌شبگیری ده‌ست پێكردووه‌.