دیالۆگی ئەمریکاو عێراق: دەرفەت و ئاڵنگارییەکان

04/06/2020

بەهرۆز جەعفەر

پەیوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق دوو قۆناغی بڕیوە. قۆناغی یەکەمیان لە ساڵی (٢٠٠٣) و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەددام حوسەینەوە دەست پێ ئەکات بۆ ساڵی (٢٠١١) کە کشانەوەی ڕێژەیی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.

قۆناغی دووەمی ئەم پەیوەندییە لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە دەست پێ ئەکا کە بەهاوکاری و سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژ بە داعش بو تا گەیشتە ناوەڕاستی (٢٠١٧). لەو ماوەیەدا زۆر گۆڕانکاریی لە عێراق دا هاتونەتە ئاراوە. کە ئێران تیایدا لایەنێکی سەرەکیە.

بۆیە عێراق و ئەمریکا قۆناغی سێهەمی پەیوەندییەکانیان دەست پێ ئەکەن: ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بونی ئەمریکا لە عێراق پێویستی بە پێناسەیەکی دیارو ڕێکخستنەوەیە؟. بەتایبەت دوای کوژرانی سەرۆکی سوپای قودسی ئێران «قاسم سولەیمانی» و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی « ئەبومەهدی موهەندیس»، مووشەکبارانکردنی سەربازگە ئەمریکیەکان و. دواتریش دەنگدانی پەرلەمانی لە ٢٠ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق و لە سەرووهەموشیانەوە هێزەکانی ئەمریکا.

دەرئەنجامی نەبونی کەشێکی گونجاو بۆ هێزەکانی ئەمریکاو، سەرباری ئەوەش تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهاندا. ئەمریکا لە (٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠) بڕیاری کشانەوەو چۆڵکردنی له هەریەکە لە بنکەی قائیم و بنکەی ڕۆژئاوای گەیارەو بنکەی ئاسمانی کەی وەن -K-1 دا. هەروەها چوار بنکەی سەربازیی تر کە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا جێگیرکرابون چۆڵکرا.

بۆ ئەم مەبەستەش هەریەکە لە بنکەی «عین الآسد» ی ئاسمانی لەسەر سنوری سوریاو بنکەی هەریر لە هەولێر و سەربازگەی « تاجی» بونەتە بەشێکی چڕ لە پلانی ڕێکخستنەوەی کاروباریی سەربازیی و ئەمنی ئەمریکا لە عێراق. سنوردارکردنی جموجوڵەکانی ئێران لە پەراوێزی مووشەکبارانکردنی سەربازە ئەمریکیەکانەوە، ڕۆژنامەی نیۆرتایمز لە ٢٧ ی ئازاری ٢٠٢٠ دا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە Mark Mazzetti and Eric Schmitt: Pentagon Order to Plan for Escalation in Iraq Meets Warning From Top Commander. تیایدا بەڕوونی باس لەوە ئەکات پینتاگۆن بڕیاری وێرانکردن و لەناوبردنی « کەتائیبی حیزبوڵڵا» ی لە عێراق داوە.

چونکە بۆی یەکلابۆتەوە ئەوان لە پشت موشەکبارانکردنی سەربازە ئەمریکیەکانەوە بون لە عێراق. لەم سۆنگەیەشەوە ئەمریکا مووشەکی پاتریۆت لە هەولێر و عەین ئەسەد جێگیر ئەکات، لەگەڵیشیدا سیستەمێکی بەرگریی نزیک مەودا لە سەربازگەی تاجی دائەنات. ئەمەش ئەو بژاردەیە جێگیر و پشتڕاست ئەکاتەوە کە بونی ئەمریکا لە عێراق بونێکی جێگیر و ستراتیجیە. هەروەک لە (٧ی نیسانی ٢٠٢٠) دا وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناو بینای وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، داوای گفتوگۆیەکی یەکلاکەرەوەمان لەگەڵ عێراق کردووە، پاڵپشتی هەموو حکومەتێکی عێراقی ئەکەین کە دوور بێت لە کاری تایەفی کۆن و کۆتایی بە تیرۆر و گەندەڵی بهێنێت. غازی سروشتی ...

دەرفەتێکی نوێ ئەمریکا لە ئایاری ٢٠٢٠ دا، دەرفەتی (٦) مانگی بە عێراق دا کە کۆتایی بە کڕینی غاز لە ئێران بهێنێت. بە پێی ڕووپێوی و ئەنەلایزەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS، عێراق خاوەنی (١١٢) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیەو، ڕۆژانە پێویستی بە بەکارھێنانی (٧٠٠) ملیۆن پێ سێجایە. ئەگەرچی لە ساڵی (٢٠١١) ەدا عێراق و ئێران ڕێککەوتون کە ئێران (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا/ڕۆژانە بفرۆشێت بە عێراق. بەڵام بە بڕوای وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق « ئەحمەد عەبادی » لەبەرئەوەی ئێران پێداویستییە نێوخۆییەکانی زیادیکردووە، ئەم بڕە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە. بۆیە لە ئایاری ٢٠٢٠ دا ڕۆژانە (٣) ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە ئەکرێت!.

ئەگەر هاوردەی غازی ئێران بوەستێنرێت، عێراق بێ بەش ئەبێت لە (٤٠٠٠) هەزار مێگاوات کارەبا. جێگرەوەی ئەم پێداویستیەش ئەکرێت کێڵگەی عوکاز بێت لە پارێزگای ئەنبار کە ئەکەوێتە باشوری شارۆچکەی قائیم ەوە و، بە گەورەترین کێڵگەی غازیی عێراق دائەنرێت لە ئێستادا سەرچاوەی سروشتی تیایدا (٥.٣) تریلیون پێ سێجا دانراوە. بە شێوەیەکی گشتی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی بەتایبەت کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ئێران بە پێنج هێندەی زیاتر لە نرخی ئاسایی بازاڕ غاز بە عێراق دەفرۆشێت، ئەکرێت عێراق غاز لە هەرێمی کوردستان لەناوخۆی خۆیدا بکڕێت و، ئەمەش ئەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیریی سیاسی نێوخۆیی و بەرژەوەندی هاوبەشی کوردو بەغدا.

لەهەرێمی کوردستان دا کێڵگەی گەورەی غازیی هەن، کێڵگەی بیناباوی (٤.٩) تریلیۆن پێ سێجاو خورمەڵە (٣.٦) تریلیۆن پێ سێجا و کۆرمۆر (٤.٤) تریلیۆن و چەمچەماڵ (٣.٤) تریلیۆن و میران (٣.٥) و کوردەمیر (٢.٣) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیان هەیە. جگە لە کێڵگەکانی دیکەی وەکو ئەتروش و تاوکێ و سومەیل و شێخ عادی و ...تاد. کە کێڵگەی نەوتن و کەمینەیەک غازیان لێوە بەرهەم دێت. غازی سروشتی، وەک دیاردەیەک سەرچاوەی ڕێککەوتن و ناکۆکیە هەرێمایەتیەکانیشە. تورکیا ساڵانە بایی (٤٥ بۆ ٦٠) ملیار دۆلار غاز لە ڕوسیاو ئێران و ئازەربایجان و نەیجیریاو جەزائیر ئەکڕێت. ئەگەرچی لە ساڵی (٢٠١٩) بۆڕی غازیی نێوان ئێران- تورکیا تەقێنرایەوە. لە کۆتایی ئایاری ٢٠٢٠ حکومەتی تورکیا ڕەتی کردەوە بۆڕییەکە چاک بکەن!.

چونکە پێیانوایە کە ئێرانیەکان لە مینای بەسرەوە هێڵێک غازیی سروشتی بۆ سوریا ڕائەکێشن تا هاوکاریی بەشار ئەسەد بکەن. بە شێوەیەکی گشتی کوتلەو حەوزەکانی غازی سروشتی لەناوچەی قەزوین، کەنداو، دەریای ناوەڕاست لە کێبڕکێی سیاسی و مانۆڕی سەربازیی دان بۆ پاراستنی ناوچەکانی بەرژەوەندییان. لەو نێوەندەدا عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت پێویستە پێگەو قووڵایی ستراتیجی خۆیان بدۆزنەوە. هەرێمی کوردستان: چاکسازیی یان دابەشبون؟ پێگەی کورد لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی لەهەڵکشانە.

بەڵام کورد خۆی هێزێکی ئامادەو لەسەر پێ نیە بۆ ئەوەی هەڕەشەکان بکات بە دەرفەت و بەکاریان بهێنێت. شەڕی داعش، شانزەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و نەمانی دەستەڵاتی کورد لە کەرکوکدا، دابەزینی نرخی نەوت، نەبونی دامەزراوەی دارایی و ئابوریی لەهەرێمی کوردستان، دیارنەمانی داهات لە نێوان دوو حیزبی دەستەڵاتداری کوردیدا. لەسەروو هەموشیانەوە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکاو وڵاتانی دیکە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی بەغدا. وای دەرئەخەن کە هەرێمی کوردستان ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ مەرکەز کە بەغدایە.

گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی مەرکەزیی بەغدا لە ڕووی سیاسی و ئابوریی و سەربازیی و دیبلۆماسیەوە، چانسی جۆراوجۆر ئەدات. سەرەکیترینیان کورد ئامادەگی دەبێت لە دیالۆگی ئەمریکی - عێراقی دا. هەروەها هیچ وڵاتێکی دراوسێ هەوڵ نادات لە ڕێگەی حیزبە کوردییەکانەوە ئاشوبی نێوخۆیی دروست بکات و هەرێمی کوردستان لەت بکات ( کە ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەردەم مەترسی دابەشبوندایە بەهۆی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لەلایەک و ململانێی نێوخۆیی دوو حیزبی دەستەڵاتدار لەلایەکی تر).

هەروەها هەرێمی کوردستان قوتار ئەکات لەو سکاڵا جۆربەجۆرانەی کە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگای فیدراڵی لە ماوەی ڕابردودا لە دژی تۆماریان کردووە. بەکورتی، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەرمەترسیەکی گەورە کە دابەشبونی ئەگەڕێکی چاوەڕوانکراوە. ئەوەش لەلایەک بەهۆی ئەوەی ئێران پێی وایە غازی سروشتی هەرێم جێگرەوەی غازی ئێرانە بۆ تورکیا. لەلایەکی دیکەش بەهۆی جێگیرکردنی سیستەمی موشەکیی پاتریۆت لە هەریری نزیک هەولێر. کۆرۆنا ڤایرۆس: ئاڵنگاری گەورەی بەردەم عێراقیەکان کۆرۆنا، پەتایەکی کوشندەیە، هەڕەشەیەکی کاتیی نییە. تەنها لە ڕووی ئابورییەوە لە (٣) مانگی یەکەمدا (٦) ملیار یۆرۆ زیانی لە ئەوروپا داوە.

هەڕەشەی ڤایرۆسەکە خەریکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نقومی مەترسیی مرۆیی ئەکات. لە تورکیا (١٦٦.٤٢٢) توشبو تا ئەم چرکەیە هەیەو (٤٦٠٩) کەسی کوشتوە. لە ئێران ( ١٦٠.٦٩٦) کەسی توشبو هەیەو (٨٠١٢) کەسی کوشتوە. جگە لەوەی ناشەفافی لە بڵاوکردنەوەی داتاکاندا هیچی لە نەخۆشیەکە کەمتر نیە. پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز هەموو ئەو ئامارانەی حکومەتی عێراق لەبارەی کۆرۆناوە بڵاوی ئەکاتەوە نا ڕاستە. حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق پێشبینی ئەکات ڕۆژانە (٦٠٠ بۆ ٨٠٠) کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بن. ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە سیستەمێکی سیاسی و ئابوریی و تەندروستی دواکەوتوی هەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٣٨ ) ملیۆنە ( بە پێی وەزارەتی پلاندانان). هەروەها پێش ئەوەی ڤایرۆسەکە ببێتە مەترسیەکی گەورە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق و دامەزراوە فەرمیەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ڕێژەی هەژاریی لە عێراقدا گەیشتوەتە (٤٠٪). بەردەوامی و گەشەکردنی مەترسی ڤایرۆسەکە ئەم ڕێژەیە لە دوو هێندە زیاتر ئەکاتەوە و، حکومەت و خەڵک تووشی ڕووبەڕوبونەوە و حاڵەتی داخران (Clouser ) ئەکاتەوە...

سەرئەنجام عێراق مەیدانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی و ئابوریی و ئەمنی گرنگە بۆ ئێران. ئەمریکا ئەیەوێت بونێکی پێناسەکراو و دیاریکراوی خۆی هەبێت لە عێراق. کەواتە کێبڕکێکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق زیاتر ئەبێت. بۆیە عێراق و ئەمریکا دیالۆگێکی ستراتیجی لەگەڵ یەک ئەنجام ئەدەن. کە لە ئەنجامدا لە پێگەی سەربازیی و ئەمنی ئەمریکا بەهێزتر ئەکرێت لەلایەک، لەلایەکی تریش مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقیەکان ئەکەن تا ڕۆڵی حیزب و میلیشیاکان لاوازتر بکرێت. ئەمریکا پێی وایە ئێران و تورکیا دەستوەردان لەکاروباری عێراق ئەکەن، لە عێراقدا چەک بەدەست دەوڵەتەوە نیە بەڵکو بەدەست میلیشیاکانەوەن یان بە دەست سەرۆک خێڵەکانەوەن. هەروەها مەترسی گەشەکردنی شانەکانی داعش یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. لەلایەکی ترەوە بونی گەندەڵی مەترسیەکی گەورەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە پێویستە لە پاڵ جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت ئیدارەی ئەمریکا بە مەرج پاڵپشتی هێزە کوردییەکان بکات، چیتر ساڵانە (٢٤٩) ملیۆن دۆلار هاریکاریی هێزەکانی پێشمەرگەو پارەی نەوت و غاز نەکەوێتە بەردەست حیزبەکان و گەندەڵی بکەن. چونکە سەقامگیریی هەرێمەکە تێک ئەچێت و ئەبێتە هۆی دەستوەردانی ئێران و تورکیاو سەرهەڵدانی گروپی یاخی و توندڕەوی و بڵاوبونەوەی هەژاریی لەناوچەکەدا.

 

بەڕێوەبەری ئیتستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

خوێندکاری دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەکان.