تورکیا- پەکەکە- حکومەتی هەرێمی کوردستان

05/06/2021

بەهرۆز جەعفەر

تورکیا لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە گفتۆگەیەکی سازشکەرانەدایە بەرانبەر یۆنان- قوبرس- لیبیا (ویفاقی نیشتیمانی) - میسر- ئیسرائیل. لەهەموو ئەو سنورە ئاوییانەی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیەتی لەسەر پرسی گازی سروشتی وە لەسەر ڕەهەندی مێژوویی گوتارەکانی ئەردۆگان (بانگەشەی عوسمانییەتی نوێ ئەکا) کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە سەدان ساڵ بەدەست بەربەریەتی تورکیاوە چەشتویانە لە گرفتدان. پرسی تیۆریی و سەرەکی لە بابەتی تورکیادا ئەوەیە؛ ئەم وڵاتە وا خەلق بوە کە دەست لەکاروباری ئەوانی تر وەربدات. داود ئۆغلۆ ئەڵێت، بۆ ئەوەی ئاسایش لەتورکیا بەرقەرار بێت، ئەبێت تورکیا بیر لە ئاسایشی ئەوانی تر بکاتەوە. ئەوە یانی تورکیا لە ئاسایش (سەقامگیریی ئابوریی و سیاسی و ئەمنی) دا نابێت ئەگەر دەست وەرنەداتە کاروباری ئەوانی تر. بۆیە ئەبێت تورکیا هەمیشە لەگەڵ ئەوانی دەوروبەری خۆی لە گومان و لە ململانێ دا بێت. بۆ یەکێک لە ڕووی سۆسیۆلۆجییەوە ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیدا کردبێت، هەست ئەکا کە ئەمانە هەموو بەیانییەک لە سەر سفرەکە ئامۆژگاری ئەکرێن؛” دونیا دژی ئێوەیە، ئێوە لە جنسی کەس نەبون خۆتان نەبێت، هەموان ئەیانەوێ ئێوە لە ناوببەن، ئەبێت ڕەگەزپەرست بن و تەنها خۆتانن، هەموو کەسێکی دیکە بە ئێوە نامۆیە”.. لە دزێک ئەچن هەقی ئەوانی تریان بردووەو ترسیان هەیە لە پڕ خاوەن ماڵ بچێتە سەریان..مێژوو وەک ئاوێنە نیشانی ئەدا تورکیا شتێک نەبوە دیواریان لەسەر بناغەی کوردو عەلەویەت بەرزکردۆتەوە. 
بە کورتییەکەی، هەریەکە لە ئەوروپاو ئەمریکاو  لیبیاو ئیسرائیل پال بە تورکیاوە ئەنەن بچێتەوە خانەکەی خۆی. تورکیاش  بەرەو خوار ئەکشێت و دێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی گرفتە نێوخۆییەکانی بیری هاوڵاتیانی تورک بباتەوە. بۆئەوەی لە هەرێمی کوردستان گازی سروستی دەست بکەوێت.بۆ ئەوەی بانی ئەو دۆڕانە ئابوریی و سەربازییە بنات کە لە لیبیا تووشی بوو.
بەشێک لەو بنکە سەربازییە جێگیرانەی تورکیا لە ناو خاکی هەرێم هەیەتی وەکو ئەوەی باگوڤاو شیلادزێ و کانی ماسی لە ساڵی (١٩٩٥) ەوە هەن و لەچوارچێوەی بڕیاری نێودەوڵەتی و ناتۆدا هاتوون، ئەوکاتە ئەم ناوچەیە لە بۆشایی دا بوو، چونکە ئەگەر تورکەکان ئەوان نەهاتبان ئینگلیزەکان ئەهاتن (ئەم ناوچەیە جێی  میراتی عوسمانییەکان و بەریتانییەکان)ە.
هەرچی پەکەکەیە، باجی هەڵەی سیاسییەکانی ئەدات، کە لەساڵی (٢٠١٥) لە تورکیا بەرئەنجامی هەلبژاردنیان ڕەت کردەوە. هادەپ (٨١) کورسی هێنا بو، نەیانزانی مامەڵە لەگەڵ سەرکەوتنێکی وەهادا بکەن کە لەمێژووی کورددا بونی نەبووە. لەبری بەشداری لەحکومەت بکەن و ئەمە بکەنە دەرفەتێک بۆ ئاوەدانی شارە کوردییەکان و برەوسەندنی توانای دیبلۆماسیی کورد لە پەنای کاراکتەری (دەوڵەت) دا. کەچی پرۆسەی ئاشتییان لە تورکیا هەڵوەشاندەوە. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە زیاتر لەچوار ساڵە هاسەرۆکی هادەپ “ دەمیرتاش” و چەندین پەرلەمانتارو دەیان هەزار کورد لەزیندانەکانی تورکیان. بەدەیان فەرماندەو سەرکردەی پەکەکەش لەم چەند ساڵەدا بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە (شەهید بون) تیاچوون.
من لەو بڕوایەم، لە ئێستادا لە کۆی (٥) کەس لە ناو پەکەکەدا (٣) کەسیان سەر بە تورکیان. تەنانەت بەشێک لەڕابەرانی کۆما جڤاکێن خەریکی جێ بەجێکردنی ئەجێندەکانی تورکیان، بەشێکیشیان قاچاخچی بواری چەک و ئەو پرۆسەیەن کە نابێت کارگەو کارخانەکانی چەک فرۆشتن لە دونیادا سارد ببنەوە. دۆڕان کاڵکان لە لێدوانێکدا ئەڵێت “ یەک داگیرکەر خاکی کوردستان داگیر بکات باشترە لە چوار…’.
ئیتر دواجار، تورکیا تورکیایە، سبەی پەکەکە بێتە جێگەی حکومەتی هەرێم ئەبێت هەروەکو حکومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکات. تورکیا (٤١) کیلۆمەتر بە بیانوی بونی پەکەکەوە هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، پەکەکە تەنانەت یەک گوندیشی ڕزگارنەکردوە لە باکوری کورستان. ئێستا کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی پاڵ بەتورکیاوە ئەنێت بەرەو خوار، تورکیاش پاڵ بە پەکەکەوە ئەنێت بەرەو خوار، پەکەکەش تەنها جادە قیرەکانی بەدەست پارتییەوە هێشتوە.. لە شەنگال و مەخمورەوە تا زاخۆ..تو باکرمان و تەواوی چیای گارەو مەتین و بلێ و بارزان هەمووی پەکەکەیە... لە بەنزینخانەیەکدا لەناو ئامێدی دا پەکەکە کۆبونەوە ئەکەن تورکیا لە ڕێگەی درۆنەوە لێیان ئەدات.!. لە هەموو شوێنەکان پەکەکە ئاوها تەماسگیر بون لەگەڵ ناوچەکانی سنوری پارتی…
بە پێی یاسای عێراق و بە پێی ئەو یاسایانەی لەپەرلەمانی کوردستان دەرچون، بە پێی شەرعیەتی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هێزی سەربازی بۆ هەر ناوچەیەکی ژێر نفوس و دەستەڵاتی خۆی بنێرێت کە ئەیەوێت، بەڵام پەکەکە تەقەیان لێ ئەکات و هەرجارەی بە جۆرێک پێشمەرگەکان شەهید ئەکات.
پەکەکە داکشاوە بۆ تەواوی باشوری کوردستان، لە سەنگاون، لە دووزو کفری و کەلارن. لە سورێن و شارباژێڕ و سورداش و تەق تەق و رانیەو قەڵادزێن. ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەم پەرەسەندنە هەرێمایەتی و تورکیایەتی و نێوخۆییە نەخشەی جوگرافی هێزو دابەشبونی حیزبەکانی باشوری کوردستان چی لێ ئەکات؟!.