کورد لە خاکی ئێراندا حوکمی کردووەو ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی ناوچەکە بووە

28/01/2021

بەهرۆز جەعفەر

شەوێ لە ئەرمینیا (بۆ یادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەوێ بوین) لەسەر مێزە گەورەکە، لەباسی هێڵی بۆڕی نابۆکۆ (Nabucco Pipeline) کە گواستنەوەی گازە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە تا ناوەڕاستی ئەوروپا.

هاتە سەرئەوەی کە جەنگە ئابورییەکان لە پشتییانەوە ململانێی کۆنی شارستانییەتەکان هەیە، چونکە ناوی نابۆکۆ لە ناوی پاشای بابلییەکان «نەبوخەزنەسرە» ەوە هاتووە، کە شەڕیان دژی ئاشورییەکان کردووە، پاشان جولەکەو سامییەکانیان دەربەدەر کردووەو دووجار «ئۆرشەلیم- قودس» یان گرتوەو کاریان لەسەر نەهێشتنی سولالەی داود کردووەو، ئیتر نوسەری ئاشوریی “دوناجان دیاربکرلی” شەرابێکی زۆری نۆشیبو، وتی” کوردەکان، ئەسڵێکیان نییەو، لە بنچینەدا کوردەکان ئاشورین و، ئیتر دواتر بە کورد و تکرید بون... “... گورج لەملاوە "عائیشە کۆپەرلو" هاوڕێیەکی ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوانی تورکە ڕووی کردە من و، بە کەیفەو زۆر هەوەسی گاڵتەی هەیەو لە بەزمێکی وا ئەگەڕا... گوتم ئێوە لەزھنی خۆتاندا تەئریخەکەتان ئاوھا پۆلێن کردووە، کە ئێستا باسی ئەکەم: – ئیمپراتۆریەتی ئاشور/ کلدان/ سریانی .کە لە (مابین نھرین – بلاد وادی رافدین) نێوان دیجلەو فوراتدا، لە نەینەوا مەڵبەندی سەرەکی یان بووە، عێراق و سوریاو تورکیاو، کەمێکیش لە ئێران .

– ئینجا شکستی ئیمپراتۆریەتی ئاشور، مانای کۆتایی نەبووە، چونکە لەگەڵ ئارامییەکان ھەر لەناوچەکەدا بوون، وانییە..؟. وتی با .. –

ئینجا..نەینەوا (موسڵ) شکستی ھێناو مەسیحیەکان ھاتن. ئەمە لەناوەڕاستی سەدەی (٤ پ.م) .کە ئاشورییەکان لێرەدا هەموو بوون بە ژێر پێوەو ناوچەکە بو بە مەیدانی شەڕی ئەسکەندەری مەکدۆنی و ئەخمینیەکان، ئینجا لەنێوان ھەولێر و موسڵ دا شەڕەکە گەرم بوو… وتی : ئەمە قسەی خۆتە..؟. وتم: نا...ھیرودوت کێیە؟. وتی: باوکی مێژووە (خۆی دایکیەتی ھا)..دەی ھیرودوت ئەمە ئەڵێت. – دوای ئەوەش مەسیحیەتی سریانی ھاتن. – ئینجا قۆناغی دواتر عەرەبیەتی ئیسلامی . – ئەوسا خەلافەتی عوسمانی کە (٦٢٣) ساڵ لەناوچەکەدا ئەم تورکانە ئیمپراتۆر بون و ڕێبەرایەتی ئیسلامیان کردووە. تورکەکان لەم ناوچەیەدا عەرەبیان کوشتوە، یۆنانییان کوشتووە، ئەرمەن و کوردو ئاشورییان کۆمەڵکوژکردووە، خاکی عەلەوییەکانیان داگیرکردووە، ئێستاش سەردەمی ھاوچەرخەو ھەمووشمان لەسەر ئەم مێزە قەیرانی ناسنامەو چارەنووسمان ھەیە،، وانییە ؟. وتی: با.. کۆکم لەگەڵت جوانت ھێنا .بەس تۆ ئەتەوێ چی بڵێی؟.

ئێستا پێتان بڵێم: مێژووی بەشەریەت لەسەر دوو ڕووکنی ئەساسی ھەستاوەتەوە، یەک: ئینسان، دوو: مەکان (شوێن)، ھەردووکیان لای ئێمەی کوردەوە دەرپەڕیون..

دیاکۆ ڕابەری میدەکان لە (٦٧٥ پ.م) ەوە ھێناویەتی لە شاخەکانی زاگرۆسەوە قیادەی کردووە، سەروەختێک تا ئەوپەڕی فراوانخوازیی چووە. لەباسی ئەم فەرھەنگەدا زەردەشتی مەزنی لێدەرئەکەین کە لەنێوان (٤٥٠٠ بۆ ٦٠٠٠) ساڵ پێش ئێستادا، وتویەتی ” ئەبێت ئێمە لەوکەسانە بین جیھان نۆژەن ئەکەنەوە”.

لە کاتێکدا زەردەشت کوردبووە و لە « ئورمێ» لە دایکبوە، ئەونەی باسی جیھانی کردووە، باسی کوردی ھەر نەکردووە (بەداخەوە کەسانێکی بێ مستەواو پولپەرست ئیمڕۆکە بەناوی زەردەشتیەوە زەردەشت ناشیرین ئەکەن لە کوردستان). لێرەوە، واز لە "دوناجان" دێنم، تەئکیدم ڕقی ئەوەی لەدڵ دابووە، کە ڕێبەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "سمکۆی شکاک” لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا” مارشەمعون” ی ڕابەری رۆحی ئاشورییەکانی لە ئازەرباینجانی ئێران لە (ئورمییە) کوشتووە، مارشەمعون لە پێشدا کرێگرتەی ئینگلیز بوو پەلاماری ڕەواندز و ناوچەی بادینانی ئەدا!. ئاشورییەکان بە دەیان هەزار کوردیان لە ناوچەی موسڵ، هەکاری، ورمێ کوشتوە، مارشەمعون ئەیویست بە پاڵپشتی ڕووس دەوڵەتێکی ئاشوریی لەسەر خاکی کوردستان دروست بکات.

بەڵام کە شۆرش لە ڕووسیا سەرکەوت لە (١٩١٧) ئیتر لینین و ڕووسیای تزاری ڕایانگەیاند هانی ئەرمەن و ئاشورییەکانی ناوچەکە نادەن دژی نەتەوەکانی ناوچەکە بجەنگن و خەونەکەی بەتاڵ بۆیەوە، پاشان سمکۆ ئەو خەونەی لە چاڵ ناو لەساڵی (١٩١٨) مارشەمعونی کوشت. بۆیە هەندێک سمکۆ بە باوکی ناسیۆنالیزمیی کورد دائەنێن.

بەڵام؛ خۆم پێموایە ئێمە بوونێکی لاوازمان لە ناوچەکەدا هەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێجار (بوون) ەکە زۆر گەورەترە لە تورک و فارسەکان؛

یەکەم/

شوێنەوارناس « دکتۆر ستیفەنی دالی»لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە کتێبەکەی بەناونیشانی "دیرۆکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل- “The Mystery of the Hanging Garden of Babylon” ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات کە باخچە هەڵواسراوەکان پێچەوانەی بەشە مێژوو و شوێنەوارەکانی تر نەدۆزراوەتەوە، چونکە زیاتر لە کوردستانەوە نزیکە و پێشتر شوێنی هەڵەی بۆ دەستنیشانکراوە لە پشکنینیدا. ئەو پێێ وایە شوێنی باخچە هەڵواسراوەکان بابل نیە، بەڵکو شاری نەینەوای نزیکی موسڵ و نزیکی کوردوستانە.

دالی بەهۆی نووسراوێکی پارێزراو لە مۆزەخانەی بەریتانیدا خۆی بەو دەرئەنجامە ئەگەیەنێت لە گەڕان و توێژینەوەکانیدا . نووسینەکە کە بە پیتی مسماری نووسراوە باس لە کۆشکی مەلیک سەنحاریب ئاشورییەکان ئەکات کە سەدەیەک پێش «نەبوخەدنەسر» ژیاوە، ئەوە پیشان ئەدات کۆشکەکە لە نزیک نەینەوای پایتەختی ئاسوریەکان دروست کراوە و لەو کۆشکەدا باخچەیەکی ئێجگار سەرسوڕهێنەر هەبووە. ئەمەش زۆر نزیکمان ئەکاتەوە لەو ڕاستییەی کە شەرەفخان لە شەرەفنامەدا بیسەلمێنێت کە نەبوخەزنەسر لە بنەمادا کوردە...

دووەم/

لە کتێبی " کورد کێ یە؟" ی " سۆران حەمەڕەش" دا ئاماژە بەوە ئەکات کە سەرکردەی سوپای ڕۆمەکان و مێردی کیلیۆپاترای شاژنی میسر، ڕێکەوتنامەیەکی لەگەڵ پاتشای میدەکاندا مۆرکرد و بەو جۆرە میدەکان بوونە هاوپەیمانی ڕۆم. بۆ پته‌وکردنی هاوپەیمانێتیەکە، گوتاپا (Jotapa) ی کچی پاتشای میدەکان، شووی کرد بە ئەلێکسەندەری کوڕی ئەنتۆنی سەرکردەی سوپای ڕۆم.

سێهەم/

بە دەیان بەڵگە ساسانییەکان کورد بون، پاشای فارسەکان ئەردەوانی پێنجەم نامەیەک بۆ ئەردەشێری دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان نوسیوە، نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو: "هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟ ".

هەریەکە لە "تەبەری" و "ئیبن ئەسير" ئاماژەیان بەو نامەیە داوە لە؛ ١- ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 57. ٢- إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133. نامەکەی پادشای ئەشکانیە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.

لە ساڵی (٢٠١٢) ەدا قونسوڵی ئێران لە شاری دارولمولکی بابانا ئەیگوت” کوردی زمان نییە”..لەکاتێکدا بە پێی دانپیانراوترین فەرھەنگ لە ئێرانا زمانی فارسی سەرچاوەکەی زمانی کوردییە.. بەپێی فەرھەنگی: فارس، فەڕەنسی، جولەکە، عەرەبی، ئینگلیز، ئەڵێن: میدەکان کوردن و بنچینەیان کوردە ..

کە لەخاکی ئێرانا حوکمیان کردووەو، ئاسەوارەکانیش لە ھەموو لایەک ماون . تۆ سەیری ئەو کوردە لەرزۆکە مەکەن، ئیمڕۆکە بە ترس و شەرمە ناوێرێ بڵێ: قەرەنجیر و شەنگال کوردوستانە. وەک چۆن موسڵی پایتەختی ئاشورییەکان و خڕە بەردی ژێر تاوێرە گەورەکەی شەرقولئەوسەت بە ئیعترافی حکومەتی تورکیاو ئینگلیزو دەوڵەتی عێراق و عوسبەتولئومەم، شارێکی کوردییە. بەڵگەیەکی زانستی مەوسوق کتێبی (مشکلة ولایة موصل والحاقھا بالعراق) دکتۆرانامەی (فازل حسین) کەسێکی عەرەبیشە، ساڵی (١٩٥٢) پێشکەشی کردوە، لەزانکۆی (اندیانا-Indiana university) لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەم کتێبەدا توێژەر باسی ئەوە دەکات کە:” تورکیا خۆی بەواریس و خاوەنی ھەتاھەتایی موسڵ ئەزانێت، بەریتانیاش ویستویەتی شارەکە سەربە دەوڵەتی عێراقی نوێ بێت. بەڵام شارەکە کوردییە ...

دەی کوردێکمان ئەوێ بە ئاشکرا بێژێت: موسڵ کوردوستانە.!.

ئێران کەیفی خۆیەتی، ئیمڕۆکە خەون بە دەوڵەتی فاتمییەوە ئەبینێت تا سنوری میسر و باکوری ئەفریکا حوکم بکات، بەھەزاران پیاوی لە کوردوستان ھەیە، بەڵام کە سوعبەتی بە زمانی کوردیی دێت، کە ڕۆژانە ملی کورد ئەکا بە سرنگا، کە بە شەرواڵ لەپێ کورد وەسف ئەکا، کە سوکایەتی بە پێشمەرگەی کوردستان ئەکەن و لایانوایە تەنها سەردار قاسمەکەی ئەوان بو داعشی تێک شکاندوە. ئەھا...

ئەبێت ئەوەی لەبیر بێت کورد خاوەنی دونیایەک سەروەری گەورە گەورەیە، سەیرکەن: شێخ سەعیدی پیران بۆچی تا ئەوپەڕی ئێران لەگەڵ ھەمزاغای مەنگوڕ چوون کوردوستان ئازادبکەن ؟. دکتۆر شڤان و سەعید ئاڵچی بۆچی ھاتن بۆ باشور؟. کوردی ڕۆژھەڵات بۆچی لە کۆبانێ شەھید ئەبێت ؟.

کاتێک کۆماری مەھاباد دامەزرا، بۆچی بارزانی بوو بە سەرۆکی ھێزی پێشمەرگە لە ئێران ؟ یا بۆچی چوو بۆ ئێران ؟. کاتێکیش قازی و سەیف و سەدر چوونە ڕیزی نەمرانەوە،، حکومەتی ئێران (٣) برای لە سێدارەدا، براگەورەکەیان ناوی “ئەحمەدی فاروقی ” بو. دایکیشیان ناوی “گەوھەری تاج خانم” بو.. ھەر بەشیوەن و ڕۆ- ڕۆ ڕۆیشت، دەم چاوی خۆی ھەموو کردبو بە خوێن، وتی: کوڕەکانم بۆ داگرنە خوارەوە، پەتەکەی لێ بکەنەوە، چوو خوێنەکەی دەموچاوی ھەمو ھێنا بەسەرو چاوی کوڕەکانیا، وتی: ناھێڵم،کوڕەکانم بە مردوییش ڕەنگ زەردبن بەرانبەر دوژمن .”..

ئەوەیە پاشخانێکی گەورە لە سەروەری کە کورد لەسەری دانیشتووە . ئێران، وڵاتی کوردانەو، لە (ئێران ڤیج) ی ئاڤێستاوە ھاتووە، ئەوە ئاڤێستاو ئەوەش خوردە ئاڤێستا ماوە، کە ئێران یەکەم ووڵاتە لە حەوت کیشوەرەکە و بەشێکە لە کوردوستان، بەڵام ئێستا نیوەی زیاتری فارسی لێ دەژی..تەنانەت باشترین نوسەرو شاعیرەکانی فارس دانیان بەمەداناوەو، ھەندێکیان (شا) لەناوی دان، تەنانەت باشترین وەرگێڕەکانی کە خزمەت بە فەرھەنگی فارسی ئەکەن ئیمڕۆکە کوردن، دەبچۆ بزانە وایە یان نە؟. ئیتر کورد گەلێکی خۆ- خۆر بوەو ململانێ ودووبەرەکی نێوخۆیی نەی هێشتوە ببێت بەهیچ و، ئەمڕۆکە تورکەکان و فارسەکان لەسەر بنەماو ئێسکی کورد شارستانیەتێکیان دروست کردوە، ئەمەیان بابەتێکی ترە.