لێکەوتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق

09/03/2021

بەهرۆز جەعفەر

لەوەتەی ئیسلام و مەسیحیەت هەیە زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە مەرجەعی ژمارە یەکی مەسیحیەت و شیعە پێکەوە دا نە نیشتون.

بەیەک گەیشتنی پاپای ڤاتیکان و ئایەتوڵڵا سیستانی نەک هەر خاڵی سەرەکی سەردانەکەی پاپا بو بۆ عێراق، بەڵکو ڕووداوێکی گەورەی مێژوویی و سیاسییەو بەشێک ئەبێت لە ئەڵقەو داینامیکیەتی ئاسایشی هەرێمایەتی.

یەکەم / کاراکتەری ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی سەید عەلی سیستانی، کەسایەتییەکی ئاڵۆزی هەیە.

تاکە مەرجەعە لە جیھان کە تا ئیستا هیچ وتارێکی دەنگیی نییە.

زۆر لە ڕێکخراوانی جیھانی خەڵاتی گەورەیان داناوە بۆ ئەوانەی کە بتوانن تاکە یەک وتاری دەنگی سەید عەلی سیستانی پەیدا بکەن.

ھەروەھا سەید سیستانی بە ڕزگارکەری مرۆڤ دائەنرێت و بە ئەڵقەی گەیاندن لە نێوان گەلانی جیھان دا.

ئەمەش لە بەر فەتوا بەناوبانگەکانی دەربارەی بابەتی جینسی لە جیھان دا لە پێناو خزمەت کردنی مرۆڤایەتی.

ئەو فەتوایەی زۆر بەناوبانگە کە گەنجێکی شیعی لێی ئەپرسێت ئایا حوکمی من چییە ئەگەر ئافرەتێکی سەر بە ئاینی بوزی بە سیغە بهێنم بۆ چێژ وەرگرتن و دوای تەواوبونی ماوەی سیغەکە ئافرەتەکە بگەڕێتەوە سەر ئاینەکەی خۆی؟.

سەید سیستانی لە وەڵامدا ئەڵێت بیهێنەو جائیزە...

عەلی سیستانی ساڵی (١٩٣٠) لە مەشهەد لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لەدایک بوە، بەسەدان سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە ئەکەن کە بە قورعە باوکی بۆ دیاریکراوە.

دایکی زۆر بە تەقوا بوە، لە بەر ڕازی بونی خودا زۆرترین شووی بە شێوەی سیغە کردوە.

شووی بە زۆر پیاوی بەناوبانگ کردوە.

بەمشێوەیە دوای ئەو چەند بە سیغە شووکردنە دایکی سەید عەلی سیستانی سکی دەبێت و سەید عەلی سیستانی لە دایک دەبیت ، بەلام دایکی نەیدەزانی کە مندالەکەی کوری کام سەیدە.

بۆیە ڕۆیشتە حەوزەی زانستی ئاینی لە شاری قوم لە ئێران، لەوێ فەقیھی گەورە سەید حووسین تەباتەبائی بروجەردی فەتوای بۆ داو ووتی لە بەر ئەوەی عیلاقەی یەکەم بڕاوە ئەوا سەید عەلی سیستانی کوری سیغەی یەکەم نی یە ، وە لە بەر ئەوەی سیغەی دووەم و سێ یەم لە کاتێکی زۆر لە یەکتر نزیک کراوە ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت کە کام سەید باوکیەتی بۆیە بە قورعە واتە بە هەڵبژاردن سەید محمد باقریان هەڵبژارد وەک باوکی سەید سیستانی.

خاڵێکی تر، ئەوەیە سیستانی لە پرۆسەی ئازادی عێراق (٢٠٠٣) دا زۆرترین هاوکاری ئەمریکی و بەریتانییەکانی کردووە.

یەکیک لە فەتوا بەناوبانگەکانی ئەوەیە کە نابێت لە دژی هێزەکانی ئەمریکاو بەریتانیا لە عێراقدا شەڕ بکرێت.

حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عێراقی دوای سەددام “پۆل بریمەر” لە کتێبەکەی بەناونیشانی “ساڵەکەم لە عێراق” ئەڵێ سیستانی نامەی زۆر بۆ ئەناردم، نەی ئەویست زۆر بە ئاشکرا یەک ببینین، (٣٠) نامەی بۆ ناردووم، ئەیوت بۆ ئامانجە هاوبەشەکانمان وا باشە یەک نەبینین، دواتر لایەنگرانمان واز ئەهێنن.

لەگەڵ یەکەم پێکهاتنی پرۆسەی سیاسی دا لە عێراقی دوای سەدام ڕۆڵی سیستانی دەرکەوت، فەتوای دا بە واجبی دەنگ دان بە لیستی ئیئتیلافی عێراق شیعی، تیایدا هاتووە کە ئەوەی دەنگ نەدات بەم لیستە ئەوا دەچێتە ئاگری دۆزەخەوە و خێزانەکەشی تەڵاق ئەدرێت.

یەکێک لە فەتوا سەرسوڕهێنەکانی تری ئەوەبو کە لە مانگی ڕەمەزاندا مرۆڤی شیعی جگەرەکێش ئەتوانێ لەکاتی بە ڕۆژووبوندا تا (٣) جگەرە بکێشێت.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمە چ نهێنییەکە کەسێک لە ئێران بە قورعە باوکی بۆ دانراوەو لە مناڵییەوە هاتوەتە نەجەف، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات و یەک وتاری هەبێت، بێ ئەوەی یەک دێڕ بنوسێت، بێ ئەوەی یەک نوێژی بە کۆمەڵ بکات، بێ ئەوەی هیچ نوێنەرو کۆمپانیاو کەناڵی ئاسمانی و هێزی دیبلۆماسیی گەورەی لەگەڵ وڵاتان هەبێت، زیاتر لە (١٢٠) سەت و بیست ملیۆن مرۆڤی شیعی بەرەو خۆی کەمەند کێش بکات و قسەی یەکەم و کۆتایی لە عێراق دا ئەو بیکات؟!..

ئەم جیهانە بەردگەلی سەر ڕوقعەی شەترەنجی کێیەو لە ڕاستییدا چۆن ئەبرێتە ڕێوە؟.

سیستەمە ئاینی و کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییەکان چۆن ئیش ئەکەن؟.

دووەم/ سەردانی پاپا بۆشایی ئەمنی زیاتر لە عێراق دروست ئەکات؟

تیۆرەکەی ئیمانوێڵ کانت لە کتێبی ئاشتی بەردەوام -Perpetual Peace ئەوەبو کە جیهان ئەبێت لە سەربنەمای ئاشتی بەڕێوە بچێت، بۆ ئەمەش ئەبێت ئاسایشی بەکۆمەڵ بەرجەستە ببێت، دوای نزیکەی (١٦٠) ساڵ ودرۆ وڵسن کۆمەڵەی نەتەوەکان “عوسبەتولئومەم” ی لە سەر بنەماکەی کانت دامەزراند.

بەڵام سەرکەوتو نەبوو.

ئینجا ڕیالیزمی کلاسیک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەریهەڵدا، پێشەنگەکەیان بیرمەندی ئەمریکی (لە ئەڵمانیا لەدایکبوە) هانس مۆرگێنتاو- Hans Morgenthau هات کتێبی Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace نوسی.

تیایدا جەوهەری سیاسەت و پەیوەندییەکانی لە سەر بنەمای هێزو بەرژەوەندی هەر گەلێک دەست نیشان کرد، فەوزاو ململانێ کردنی ووڵاتانیشی وەک ئەرک و سیفەتی تیۆرەکە دانا. گەلان بۆ ئەوەی هێز بە دەست بهێنن ئەبێت لە کێبڕکێ و ململانێدا بن نەک ئاشتی و هاریکاریی.

لەم ڕوانگەیەوە، سەردانەکە چوار ڕۆژییەکەی پاپای ڤاتیکان لە (٦ بۆ ٩ ی ئازاری ٢٠٢١) بۆ عێراق بۆشایی ئەمنی لە عێراق دروست ئەکات؟.

لەبەرئەوەی خاڵی جەوهەری سەردانەکە بریتی بو لە کۆبونەوەی پاپا لەگەل سەید عەلی سیستانی، ناوەندە جیهانییەکانی و نهێنییەکان وا ئاماژە ئەکەن کە لە دیسەمبەری (٢٠٢٠) ەوە پرسی سەردانی پاپا بۆ عێراق تاوتوێ ئەکرێت، بینین و نەبینینی سەید سیستانی بەشێک نەبووە لە پرۆتۆکۆل و کۆی سەردانەکە.

بەگشتی ئەم سەردانە بە دژایەتی ئێران ئەوەستێتەوە. چونکە عەلی سیستانی بەمانای خامەنەیی ئێران لە عێراق، ڕوونیشە کە ململانێیەکی قووڵ و ئاشکرا لە نێوان حەوزەی نەجەف و قووم دا هەیە.

بە مەرجەع کردنی سیستانی و داننان بەودا لەلایەن پاپاو باوکی ڕۆحی مەسیحییەکانی دونیاوە ڕاستەوخۆ لێسەندنەوەی متمانەو چەککردنی ڕۆحی و هێزی مەعنەویی ئێرانە.

لەلایەکی ترەوە، سەردانەکە بەتەواوی بێ بەشکردنی سووننەکان بو لە دەرکەوتن و گەیاندنی پەیامەکەیاندا، چونکە لایەنی هەرە زیانمەند لە عێراقی دوای سەدام حوسێن دا پێکهاتەی سووننەیە لە عێراقدا، کە تووشی قاتوقڕی و ئاوارەیی و بێدەستەڵاتکردن و سڕینەوە بون.

هەموو ئەو زیانانەی سووننەش کردویەتی بە فەتوای سەید عەلی سیستانی بوە.

تەنانەت هەموو میلیشیا شیعییەکانی وەکو بەدرو سەدرو ..

تادوایی بە فەتوای سیستانی دروستکراون.

بۆیە، چەند کاتژمێرێک دوای تەواوبون و گەڕانەوەی پاپا لەگەشتەکەی، لەناوچەیەکی هەرە دیارو تا ڕادەیەک پارێزراوی بەغدا “لە نێوان کازمییەو ئەعزەمییە” تەقینەوەی خۆکوژیی و خوێنڕژان لە عێراق ڕووئەدات. سێهەم/ هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان دەرفەت و هەڕەشەدا بەچەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان، پرسی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر بابەتی گەرمی میدیاکان بون.

وەزارەتی دەرەوەو بەرگریی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە کە ئێران لە ڕێگەی میلیشیا عێراقییەکانەوە بکەری سەرەکی هێرشەکەی سەر هەولێرە.

چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکەی سەر هەولێریش حووسییەکان لە یەمەن و بەدیاریکراوی لە “مەئرەب” دەستیان وەشاند. هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە حووسییەکان بە نیازن پەلاماری سعودیە بدەن و وێرانی بکەن.

بە بڕوای من مامەڵەکردنی ئیدارەی بایدن لە ستراتیجدا هەمان مامەڵەی سەردەمی ئیدارەی ترامپە لەگەڵ ئێران، بە پێچەوانەی هەموو ئەو چاودێرانەی لایانوایە ئیدارەی بایدن نەرمی ئەنوێنێت بەرانبەر ئێران. بەڵکو ئەمە هێمنی پێش زریانەو، دەرفەتدانە بە ئێران تا لە چەند لایەکەوە دەست و نینۆکی بکەن.

هەر ئەوکاتەی پاپا لە عێراق بو وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا “ سیمۆن کۆڤینی” لە دبلن ەوە گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسەنی ڕۆحانی کۆبوەوە.

سەردانەکە لە ڕووکەشدا بۆ ئەوە بو کە دبلن ئامادەیی هەیە نێوبژیوانی ئێران و خۆرئاوا بکات بۆ پرسی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران، چونکە ئێرلەندا ئەندامە لە (١٥) ووڵاتەکەی ئەنجومەنی ئاسایش تا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ئێران بهێننەوە سەر مێزی دانوستان. بەڵام لە واقیعدا ئەمە سەرقاڵکردنی ئێرانە تا ئەوکاتەی چێشتەکە گەرمتر ئەبێ و لە چێشتخانەکە ئەیهێننە دەر!.

لەوەها چرکەساتێکدا، هەرێمی کوردستان، زیانێکی ئەوتۆی نەکردوە، ئەوەی هەیە هەر ئەو بێسەروبەرەیی و گەندەڵی و دەنگە دەنگە نێوخۆییە کەهەر هەبوە.

ئەگەر بیرکەرەوەی بەهێز لە ڕووی ئەمنی و نێودەوڵەتییەوە جۆری پەیوەندییەکانی “هێز “ ی بۆ دەست نیشان نەکەن، بێگومان سەردانەکەی پاپا هەرێمیش ئەخاتە ئەو بۆشاییە مرۆیی و ئەمنی یەی کە لە بەغداو ناوچەکانی خواروو دروست بونە. بەغدا، ئەو ڕاستییە ئەزانێت کە ئەمجارەش کات دەرفەتی ئەوەی نادات قۆڵی هەرێم بابدات و بیشکێنێت، دوو کاتژمێر دوای کۆتایی گەشتەکەی پاپا یەکسەر کازمی وەک دەرپەڕیوێکی ناو دەستگە هەواڵگرییەکان کۆنفڕانسێک ئەبەستێ و تیایدا هەر خۆی بانگی هەرێم ئەکات زوو بگەنە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێک بکەوین!.

دەیان جار بەغدا ویستویەتی کارێک بکات ڕووداوێک ڕوویداوەو نەیتوانیوە، نەک لەگەڵ هەرێم بەڵکو بۆ نمونە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئورودن دەیان جار هاتوەتە سەرئەوەی بیکات پرۆژەکەی لە بنەوە دەرهاتوە، چونکە دۆخێکی ئەمنی نێوخۆیی دروستبوە و پرۆژەکە بیرچۆتەوە.

عێراق دووەمی ئۆپیکە کەچی یاسای نەوت و گازی نییە، لەساڵی (٢٠٠٩) ەوە ئەیانەوێ قانونی نەوت دەربکەن بۆ ئەوەی پرسی نەوتی هەرێم بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، کەچی ناتوانن. لە نزیکەوە ئاگادارین کە وەزیری نەوتی نوێی عێراق “ ئیحسان عەبدولجەبار” تا درەنگانی شەو خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی شورای دەوڵەت و پاشان پەرلەمان پەسەندی بکات، بەڵام وا دیارە بانگی ڕێککەوتنی ئەمجارە لەلایەن کازمییەوە ئەو پرۆژەیە ناکاتە یاسا لە پەرلەمان.

چونکە تاکە ئامانجی وەزیری نەوت ئەوەیە بەو یاسایە هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە.

لە دەرەنجام و کۆتاییدا، عێراق هیچ ڕەگەزێکی دەوڵەتیی تیادا نەماوە، تەنها ئەو ئیرادە نێودەوڵەتییەیە کە لەگەڵیدا مامەڵە ئەکات. هێزە گەورەکان و هێزە ناوچەییەکان هەر پەیامێک بۆ یەک بنێرن یان هەر دژایەتییەک بۆ یەک بنوێنن لەسەر خاک و لەسەر خوێنی عێراقییەکانە، ئێران کە مووشەک ئاڕاستەی هەولێر ئەکات مەبەستی هەولێر نییە، مەبەستی واشنتۆن و جنێفە تا زووتر بێنە بەرەوە بۆ ئەوەی دانوستانی لەگەڵ بکەن.

کە ئەیەوێ بە جیهان بڵێ من نوێنەرو قسەکەری شیعەم لەناوچەکەدا، لە عێراقدا ئەم کارە بە رێگەی سەربازیی و هەڕەشە ئەکات.

ئەوانی تریش بە هەمان شێوە.