شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی لە نێوان تاوانبارو قوربانیدا

18/02/2021

ئەبوبەكر عەلی

ھەروەك نەریتی خۆمان لە دیدێکی نیشتیمانی و یاساییەوە، دەڕوانینە پرسی دادگایکردن و حوکمدانی شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی. رەنگە پاشخان و ڕۆشنبیرە یاساییەکەشمان، بەحوکمی ئەوەی پسپۆڕی یەکەممان یاسابوو، بەشی خۆی خزمەتمان بکات.


بە بڕوای ئێمە شێروان و ھاوڕێکانی، تا راددەییەکی زۆر قوربانین؟ دادگاییکردنەکەش لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەنددیەکانی ھەرێم ناکۆکە. کەلێنی سیاسی و یاسایی جۆراوجۆریش لە کەیسەکەدا بوونیان ھەیە! ھەوڵدەدەین بۆچوون و روانگەی خۆشمان لەمەڕ ئەم کەیسەو ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:


یەکەم: قوربانی بوونی تاوانبارکراوەکان: کە دەڵێین حوکمدراوەکان قوربانین، مەبەستمان لەم خاڵانەی خوارەوەیە:
١- ھەست دەکرێت ئەو رێسا بەناوبانگەی دەڵێت(ھەموو تۆمەتبارکراوێك بێ تاوانە، تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە) لەم کەیسەدا ئاوەژو کراوەتەوە، ساغ دەبێتەوەش گۆراوە بەساغ دەکرێتەوە! ھەندێ لێدوانی سیاسی پێش دادگاییکردنەکەش، کە تۆمەتبارانیان وەك تاوانبار خستە روو لەگەڵ مولابەسەکانی دەستگیرکردنەکە، ئەم بۆچوونە پشت ڕاست دەکەنەوە. لێرەشدا لە کاتێکدا دەشێ لە رووی ئیجرائیی رووتەوە، دادگا پارێزگاری لە بنەما یاساییەکان بکات، لە رووی تەکیف وگیانی یاساوە، رۆڵی ڕەوایەتی پێدان بگێڕێت! ئەمەش رەنگدانەوەی سەربەخۆو بێ لایەن نەبوونی راستەقینەی دادگاو دەسەڵاتی دادوەرییە لە ھەموو جیھاندا.


٢- بە سەرنجدان لە پرسیارە ئاراستەکراوەکانی داواکاری گشتی و دادگاو وەڵامی تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی، تاوانی سەرەکی ئەم ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە، کارکردن بووە لەسەر ھەڵدانەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی و ئەگەری بوونی زیندانی نھێنی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و دەزگاو لێپرسراوانی ترەوە. بەڵام تەکیفە یاساییەکە بەجۆرێکی تر کراوە! بەحوکمی ئەوەی ئاسان نییە بەم ناوەوە کەس دادگایی بکرێت. ئەمەش دووبارە تاوانبارکراوەکان دەکاتەوە بەقوربانی. چونکە دادگا لەو رووەوە تەنھا بۆی ھەیە لە دوو رووەوە لێکۆڵینەوە بکات:


ا- راست نەبوونی ئەو زانیاریانەی لەمەڕ کەیسەکانی گەندەڵی و پێشێلکردنەکان بڵاویان کردۆتەوە.


ب- بڵاو کردنەوەی زانیارییەك کە بەدەقی یاسا بڵاوکردنەوەیان قەدەغە بێت.


٣- کاتێك ئەمان بە نوسین یان بەشێوە مەدەنییەکان دژایەتی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکانیان کردووە، تاوانبارانی سەرەکی و ئەوەی دەبێت دادگایی بکرێن و تاکو ئێستا دەستی دادگاو داواکاری گشتی نایانگاتێ و بەکردەوە چونە دەرەوەی پسپۆڕی ئەوانەوە!! گەندەڵکارو پێشێلکارەکانن، چونکە گەر ئەوان نەبن، بوار بۆ ئەم جۆرە نوسین و چالاکیانە ھەر لە بنەرەتەوە ناڕەخسێت و پێویستیش نین. کاتێك تاوانبارو سەبەبکاری راستەقینەو بکەری بنەرەتیش، وەك بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن وکەسانێ بەھۆی نالێپرسراوێتی ئەوان دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، لەسەر کارێك کە بەگوێرەی یاسا تاوان بێت، چ جای ئەوەی لەو روەشەوە دونیایەك گومان ھەبێت، تاوانبارکراوان قوربانین و دادپەروەری لەو شوێنەدا لە ژێر پرسیاری جیددیدایە.


بۆ نمونە، عومەری کوڕی خەتاب کاتێك لە سەردەمی برسیەتی و قات و قڕیدا دوو ڕەنجبەریان ھێنا بۆلای تۆمەتی دزیان بەسەردا ساغ بووبۆوە، بە ئیلھام وەرگرتن لە ڕوحی عەدالەتخوازی ئیسلام و مەبەستی باڵای پشت حوکمە شەرعییەکان، لە جیاتی ئەوەی سزای دزیکردن بەسەر ئەواندا پیادەبکات، کە تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووبۆوە، ڕووی کردە ئاغاکەیان و پێی وت: ئەمجارە دزی بکەنەوە سزای دزی کردن بەسەر تۆدا دەسەپێنم، چونکە ئەوە تۆی برسیان دەکەی و ناچار بەدزی کردنیان دەکەی. ئەوەی لە پشت دۆخی نەخوازراوی ھەرێمیشەوەیە، ڕۆژنامەنوس و چالاكوان نیە، بەڵکو ئەوانەن لە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و گەندەڵی گەورەوە گلاون و لە پشت بە دابەشمانەوەی ھەرێم و ناکۆکی سیاسی نەزۆك و بەدامەزراوەیی نەبوونی دەسەڵات ونەبوونی حوکمی یاساوەن. با ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەش لە وردەکاری و شێوازی کاریاندا، دووچاری ھەڵەو لێتێکچوون و بەکارھێنانی زمانی توندی کەم سودیش بووبن.


٤- ھەموو دەزانین لە وڵاتێکدا دەژین، سەروەری یاسای تێدا نیە، یاسا ڕێسایەکی گشتیی پەتی نیەو ھەمووان لە بەردەمیدا یەکسان نین و وەك یەك بەسەریاندا پیادە ناکرێت. بەڵکو خەڵکێکی زۆرو جۆراوجۆر لە سەروی یاساوەن! ھەرچی بکەن یاساو دادگا دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێ؟! ئەمە واقیعەو تێیدا دەژین. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ھەندێ ئەگەر بەکردەوەش تاوانباربن، بە تایبەتیش لەو کەیسانەی مۆرکێکی سیاسیان ھەیە، سزا بدرێن، بەجۆرێ لە جۆرەکان قوربانیین؛چونکە تاوانبارانی چەندی قات لەوان گەورەتر ھەن و دادگا ناتوانێ ھیچیان بەرامبەر بکات!! دەقی فەرمودەیەکی یەکجار جوانیش لەم بارەوە ھەیە، کە جۆری پیادەکردنی یاسا دەکاتە ھۆکاری دەستنیشانکەری داڕوخانیان و مانەوەی کۆمەڵگەو سیستمە سیاسی و قانونیەکەی و دەفەرموێت (ئەوەی پێشووەکانی ئێوەی لەناوبرد، ئەوەبوو: کاتێك ھەژارو رەشوروتێ دزی دەکرد، سزایان بەسەردا پیادە دەکرد، بەڵام کاتێك ئەشرافێك دزی دەکرد چاوپۆشیان لێ دەکرد، سوێند بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر فاتیمەی کچی موحەمەد دزی بکات سزای بەسەردا پیادە دەکەم).


کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێمەش لەم نایەکسانی و ناعەدالەتیەدا بەرجەستە دەبێت، دزی بچوك سزادەدرێت و دزی گەورە نەك ھەر ئازادە، بەڵکو زۆر جار نابێت تۆمەتی دزیشی بخەیتە پاڵ؟!

ھەر ئەمەش زەنگە مەترسیدارەکەیە. ناکرێت نوخبەیەك بڕیاری شەڕی ناوخۆ بدات و دەست لەگەڵ دوژمنی نەتەوەیی بۆ دژایەتی ھێزەکەی بەرامبەری تێکەڵ بکات، بە گەندەڵی و ناکۆکی نێوخۆیی قەوارەی ھەرێم لاواز بکات و وابکات ھەندێ چاوی تەماحەوە بڕواننە کۆتایی پێھێنانی، لەسەر تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی کەسی لێ دادگایی نەکرێت، کەچی کەسانێ لەم خوارەوە بە بیانوو ھۆکاری بچوك ئەو تاوانەگەورەیان بخرێتە پاڵ! کاتێك ناتوانرێ ئەوانەی بە کردەوە ئاسایشی نیشتیمانی ھەرێم دەخەنە مەترسییەوەو توانای ئەوەشیان ھەیە، لانی کەم تۆمەتەکە بۆ خەڵکی ئاسایی بەکار نەیەت و لە ژێر ئەو ناونیشانەدا چەندین ساڵ زیندانیان بە تەنگدا نەدرێت، بۆ ئەوەی چەمکەکە تۆزێ ھەیبەت و مسداقییەتی بمێنێ و ھێندەی تر خەڵكانێك دووچاری پوچگەرایی ونائومێدی نەبن. بۆیە ھیوادارم تێھەڵچونەوەو تەمیز ھەڵوێستەکە ڕزگارکەن و ھەڵەکە راست
بکەنەوە.
٥- ڕۆژنامەنوسەکان مافی خۆیانە، بە یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی دادگایی بکرێن، نەك یاسای سزادانی عێراقی.

دووەم: چەند سەرنجێکی گشتی:
١- ھەروەك لەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی یەکگرتنەوەدا لەساڵی( ٢٠٠٦) داوتم: حکومەتێ ستراتیژی بیرکاتەوەو کارنامەی چاکسازی ھەبێت، میدیاو ڕۆژنامەنوسی ئازادو ئازا بەدوژمنی خۆی نازانێت، بەڵکو بەتەواوکەری خۆی دەزانێ وستایشی دەکات. چونکە دەستی بۆدەخاتە سەر برین وکەم وکورتییەکان وناھێڵێ خەوی لێ بکەوێت وکێشەکان بەسەریەکدا کەڵەکەببن وچارەسەرکردنیان دژوارو پڕ خەرجی بێت.


٢- ڕۆژنامەنوس و چالاكوانە مەدەنییەکان، بە گورگ و خێو مەزانن، بەشێوەی خولی لەگەڵیان دابنیشتن و لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن. ئەو کات دەزانن ئەوان ئەوە نین وێنایان کراوەو ئەوانیش بە خۆیاندا دەچنەوەو شێوازی بەرھەمدارتر بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان دەگرنە پێش.


٣- ئەم جۆرە مامەڵە رەوایەتی سیاسی و متمانەی خەڵکێکی زۆرو بەتایبەتیش نەوە نوێکان بە حکومەت لاوازتر دەکات. ئەو کاتە ناچاردەبێت پشت بە فشارو زەبرو زەنگی زۆرتر ببەستێ، کە دەرەنجامەکانی نەخوازراو دەبێت.


٤- ئەم جۆرە کەیسانە ناوبانگی ھەرێم زۆرتر دەشێوێنێت، کارتی ھێزی نەرم و ئەخلاقی و جیاوازبوونی لە دەستدا لاواز دەکات، نابێت لەم ڕووەشەوە چاو لە ھەندێ وڵاتی دەورو بکەین، کە دادگا بە سیاسی دەکاو بێ پەروا ڕۆژنامەنوسان راپێچی دادگا دەکات. چونکە ئەو ان دەوڵەتن وسەرچاوەی ھێزی گەورەو جۆر بەجۆریان لەبەر دەستدایە. لە کاتێکدا ئێمە گەلێکی ھەژارو لاوازین و تازە سەر پێ کەوتوین.


٥- ئەم جۆرە مامەڵە زیندانیەکان دەکات بە پاڵەوان و سەر چاوەی ئیلھام بۆ چەندانی تر، دەشبێتە بەشێ لە ململانێ سیاسییەکان.


٦- کەیسەکە پرۆسەی یەکگرتنەو دوبارە بیناکردنەوەی نیشتمان و گەلی ھەرێم و دامەزراوەکان دواتر دەخات و بێ متمانەیی و ھەست بە مەترسییش بەرامبەر یەكتر، قوڵتر دەکاتەوە.