نەورۆزو ئاگرەکەی.. کەمبوونەوەی تین و کاڵبوونەوەی ھێما؟!

22/03/2021

ئەبوبەكر عەلی

 سەرەتا نەورۆزو سەری ساڵی کوردی لە کوردستانیان و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و کونج و قوژبنەکانی جیھان، پیرۆز بێت.

بەھیوای سەرکەوتنی خەباتی ئەو پارچانەی ھێشتا نەتەوەی ئێمە لە قۆناغی بەربەرەکانێدایەو ئاگری نکوڵی کردن لە مافەکانی، بە جەستەی خاراوی کوردو ناسیۆنالیزمەکەی دەکوژێنرێتەوە!

بەڵام بۆ ئێمەومانێ، کە خۆمان بە خاوەن فیکر و چاودێر دەزانین، واچاکە لەم بۆنەیەدا، تەنھا بە پیرۆزبایی واز نەھێنین، بەڵکو سەرنج بۆ چۆنێتی تێپەڕینی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوو رەنگدانەوەیان، بەسەر ئێمە و رەمز و بۆنەکانماندا رابکێشین و ھۆشیاری پێویست بدەین.

ھەر لەم چوارچێوەیەدا لەمەڕ نەورۆز و ھێما مێژووییەکانی و ئێستای باشوور و ناسیۆنالیزمەکەی، ئەم چەند سەرە قەڵەمە خوارەوە دەخەینە پێشچاو:

1- نەورۆز لە باشووری کوردستاندا تا راددەیەکی زۆر لەوە کەوتووە ھێمای بەرخۆدانی نەتەوەیی بێت، نەك لەبەر ئەوەی بەرخۆدان پێویست نەماوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەبەر زیاد لە ھۆکارێك، لە زۆرێ لە ئاماژەکانی ئاماژەکانی بەتاڵ کراوەتەوە!

2- ئەگەر نەورۆز لە ڕووی دیرۆکییەوە، ھێمای سەرکەوتن بەسەر ستەم و زۆرداریدا بێت، ئەوا لەم ڕووەشەوە، ھێماکانی کاڵبوونەتەوە؟!

لەبەرئەوەی دۆخەکە سەبارەت بە ئێمە، ھێندەی ھەوڵدانە بۆ رێگرتن لە دانەڕوخانی زیاترو سەیرکردنی سەرکەوتن لەسەر ئاستی حیزبیی و نەبوونی پڕۆژەی ھاوبەش، بەو ئەندازە چاوبرینە ئاسۆی بەرینتر و دەستکەوت و سەرکەوتنی مێژوویی مەزن نیە؟! جگە لە زەقبوونەوەی فۆرمی جۆراو جۆری ستەمی خۆماڵی بەرامبەر بە یەکتر؟!

3- گەر ئاگر لە کۆنەوە رەمزی خاوێنی و پاکبوونەوە بێت، لە سۆنگەی ئەوەی نوخبەی ئێمە لەم رووەوە بە گشتی شکستی خواردووە، نەورۆزیش لەم رووەوە وەك ھێما بوونی خۆی لەدەستداوە؟!

بە کورتی، لە سۆنگەی ئاڵوگۆڕی جۆراوجۆری و ئیستیھلاکی زۆر ھێماو رەمزی ناسیۆنالیزمی کوردی، نەورۆزیش وەك ھێمایەکی ئەم ناسیۆنالیزمە لە ئێستادا، لە زۆرێ لە ئاماژەکان و وھێمابوونی داڕنراوە؟! ئاگرەکەی ساردوسرەو روحی سەرما لە سکچوی کورد لە ئاستە جۆراوجۆرەکانیدا گەرم ناکاتەوە! تەزوو گەرمی پێویست بۆ عەقڵی کەسیرە بووی ناگێڕێتەوە.

بەڵام، سەرەڕای ھەموو ئەوەی وتمان ھێشتا نەورۆز لە سنورێکداو بەشێوەیەکی رەمزی ئەرکێکی ناسیۆنالیزمانە ڕادەپەڕێنێت، ئەویش ئەوەیە کە لەم بۆنەداو بۆ ماوەی ڕۆژێك یاخود چەند ڕۆژێك، گەر کەش و ھەواکە تێکنەدرێت، خەڵکەکە ناسنامە خوار نەتەوەییەکانی خۆیان لە بیربکەن و چێژ لە ھەستی ھاوبەشی کوردو کوردستانی بوون بەرن و لە بۆنەیەکی مێژوویدا مێژووە گروپی و ناوچەییەکانی خۆیان بۆ تاوێك لە بیربکەن. کە ئەوە پێویستیەکی نەتەوەسازییە.

بەڵام کێشە لەوەدایە، ئەم ھەست و ھوشیاربوونە دەستەجەمعیە بەخۆ، زۆر ناخایەنێت و ڕاستەوخۆ دوای نەورۆز، واقیعی لێکدابڕان و پارچەبوونەکە، بۆ ئاستی یەکتر بوغزاندن و کاڵبوونەوەی ناسنامەی ھاوبەش، خۆی دەسەپێنێتەوەو ئەوەی لە نەورۆزدا ڕوودەدات، دەبێتە دیمەنێکی نامۆو دابڕاوی پانتاییەکی رەنگکراو بە مۆرکی شەڕی یەکتر کردن و پشتکردنە یەك و رەتکردنەوەی کولتووری نیشتیمان و نەتەوە سازی!! لە کاتێکدا دەبێت ھەست بە ھاوچارەنوسی و ھەست و ناسنامەی ھاوبەش، بنچینەو دۆخە ھەمیشەییەکە بێت، نەورۆز پتەوترو بەھێزتری بکات و لە ساتە وەختێکی ھێما بۆ بوژانەوەو ڕزگاری و شکۆمەندی و سەرکەوتندا، لە لوتکە گەشانەوەی خۆیدا نمایشی بکات؟