بزوتنەوەی گۆڕان و بایەخی لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی سیاسی

14/10/2021

ئەبوبەكر عەلی

لێپرسراوێتی لە ئەستۆگرتنی سیاسەتمەدار بەرامبەر ئاکامی بڕیارو ڕەفتارەکانی و دەرھاویشتەکانیان، بەشێکی گرنگ و جەوھەریی ئەخلاقی سیاسیە. پێچەوانەکەشی ڕاستە.

لە دونیای نوێ و لە سایەی گەمەی دیموکراسیشدا، سیاسەتمەدار بەرامبەر شکستی حیزبەکەی لە ھەڵبژاردندا، یاخود دوچاری ئابڕوچوون و شکست ھاتن لە پێگەی حوکمڕانیدا، لێپرسراوێتی لەئەستۆدەگرێت و دەست لەکار دەکێشێتەوەو شوێن بۆ کەسانی تر چۆڵ دەکات. بەم کارەشی لە ڕووی ئەخلاقیەوە قەرەبووی شکستە سیاسیەکەی دەکاتەوە، ڕێزی خۆی دەپارێزێت و وەك سیاسەتمەدارێکی لێپرسراو دەچێتە مێژووەوە، ڕێگە بە ھەڵسانەوەی حیزبەکەشی خۆش دەکات، ئەگەر شکستەکە بونیادی و مێژوویی نەبێت و پێویستی بە ھەڵوەشاندنەوەی حیزب نەکات. ئەمەش لە دیموکراسیە دێرینەکاندا بووە بە نەریتی سیاسی.

بەڵام، لە ناوچەکەی ئێمەدا ھێشتا بەو جۆرەی لێنەھاتووە. لە کاتێکدا نەبوونی پرسیار دەخاتە سەرکۆی ئەخلاقی سیاسی نوخبە سیاسییەکانی خۆرھەڵات چونکە ھەر کاتێك سیاسەت لە لێپرسراوێتی دابڕرا، لە ناوەڕۆکە ئەخلاقی و مەدەنیەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، تەنانەت سیاسەت نامێنێت. ھەربۆیە، ناکرێت ئەم بەشە ھەرە گرنگەی سیاسەت، بە ناوی ئێرە خۆرھەڵات و خۆرئاوا نیەپشتگوێ بخرێت چونکە ئەم بیرکردنەوە لە قوڵاییدا ئیدانەکردنێکی ئەخلاقیی قوڵی خۆرھەڵاتە. بەحوکمی ئەوەی قایلبوونە بە ڕەتکردنەوەی ئەگەری سیاسەتکردنی ئەخلاقی لە خۆرھەڵاتدا. ئەوانەی لەم ڕووەشەوە دەستپێشخەری دەکەن کارێکی چاك بۆ مێژووی سیاسی خۆیان و ھاوڕێبازو حیزبەکانیان دەکەن چونکە ئەگەر لە ئاستێکیشدا بێت شەرەفی سەرمەشقی و دەستپێشخەریان بۆ دەمێنێتەوە.
لە ھەڵبژاردنەکانی (٢٠١٨)شدا پێشنیارم بۆ کاك عومەری سەید عەلی کرد لە بەرامبەر لە دەستدانی ٥٠٪ کورسی و دەنگێکی زۆر دەست لەکار بکێشێتەوە. کەچی سەری نەگرت؟ بەڵام ئێستاش ئەم ھەنگاوەی خۆی وھاوڕێکانی گەرچی ھەندێ دواکەوتووە، شایستەی ڕێزلێگرتنە چونکە دەستپێشخەری و ڕێچکەشکاندنە.

 ھەربۆیە، ھەرچەندە گومانی تێدا نیە دۆخی ئێستای گۆڕان دوای ئەو مێژووەی ڕابردوو، لەسەر دڵی کاك عومەرو بەرپرسانی گۆڕان و گۆڕانەکان، یەکجار قورس و بەسوێیە، دەتوانن فەرامۆشی خۆیان بەوە بێنن: لێپرسراوێتی ئەخلاقی و سیاسیان لەئەستۆگرتووەو نمونەیەکیشیان لەم ڕووەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان و کایە سیاسی و حیزبیەکەی پێشکەش کردووە. ڕێگاشیان بۆ ھەڵسانەوەی حیزبەکە خۆشکردووە، ئەگەر کێشەکانی کەسی و دەزگایی بن.