پاپا لەھەولێر چ شتێکی جیاواز دەبینێت؟

07/03/2021

ئەبوبەكر عەلی

 پێشتر ڕای خۆمان بەرامبەرھاتنی پاپا بۆ عێراق دەربڕی ووتمان: شتێکی وا لەدۆخی عێراقیەکان ناگۆڕێت.

دەربارەی ھاتنیشی بۆھەرێم، دە خوازین ھەندێ بەدرێژتر لەسەری بووەستین، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەینە پێش چاویئەوانەی، ئەرك و مەبەستیانە:

یەکەم/ بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵ وئیعتیباری تر، پاپا میوانێکی گەورەی کوردوستانە. بۆیە ھەرکاروگوفتارو رەفتارێك، پێچەوانەی رێزگرتن لەمیوانێکی لەوجۆرەبێت، بەگوئرەی پێوەرە شەرعی و سیاسی وئەخلاقییەکان رێگە پێ نەدراوە.

پێش ئەوەی دژی پاپا ش بێت، دژ بەناوبانگی ئیسلامەتی کوردەواری گەل و ڵاتەکەمانە.

کەسانی تر بەکردەوە رێز لە شوێنکەوتەی ئایینەکانی ترناگرن وکەچی لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکیان بەزمان ھیچیان نەھێشتۆتەوە، نابێت ئێمە لەکاتێکدا بەکردەوە ئەوە دەکەین و لێبوردەیی وپێکەوە ژیانی ئایینی لەمئژەوە تاکو ئێستا، بووە بەبەشێکی گرنگیی پێکھێنەری کلتوری ێاینی ونەتەوەیی وکۆمەڵایەتیمان، بەقسەی ھەندێك بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

دووەم/ پاپا یەکەم جارە دێتە ھەولێر، سەرنج وبینینەکانی یەکەم جار یش بەگشتی ، رۆڵی گرنگ لەوێناکردنی کۆی رابردوو ئێستا وئایندەی ئێمەدا دەبینن.

بۆیە گرنگە ئەوە لای تیمی پێشوازیکارو سەرپەرشتیکاری پێشوازیەکەو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوە لەخۆیان بپرسن:

کە پاپا ھات، ھەر لەسەرەتاوە چی دەبینی وچاوی بەچی دەکاتەوە؟

گرنگی ئەم پرسەو ھەندێ مەسەلەی تریش، لەوەدایە، کورد لەسۆنگەی بێ دەوڵەتی وکەمتەرخەمی خۆشیەوە، ھێشتا لەقۆناغی خۆناساندایە بەجیھان.

دەیەوێت بیسەلمێنێت ھەیەو جیاوازە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەن پێگەی شایستە بەخۆی نیە لە جیھا دا.

لەم روانگەوە و لەسۆنگەی ئەوەی پاپا رەمزی سەدان ملێون باوەردای کاسۆلیکە لەجیھاندا، لەھەموو جیھانەوە بەدوادا چون بۆ سەفەرەکەی و وێستگەکانی دەکرێت، لەکاتێکی لەم جۆرەدا دەرفەتە وێنای ھەرێمێ لەخۆ نیشانبدرێت، کەلەکاتێکدا شانازی بەناسنامەی نیشتیمانی و ئاینی خۆیەوە دکات، مەڵبەندێکی لێبوردەیی ئاینییە.

ھەولێریش، بەنوێنەرایەتی ھەرێم، شایستەی ئەوەیە، نازناوی پایتەختی لێبوردەیی نەتەوەیی و ئاینی ومەزھەبیی خۆرھەڵاتی ناوەراستی پێ ببەخشرێت.

ھەڵبەت جیاوازی مامەڵەی ھەرێم لەگەڵ ھەندێ کەم وکورتیشدا، لەگەڵ شوێنکەوتەی ئاینەکانی ترو لەوانەش کریستیانەکان، خاڵی ھێزوگەشی ئێمەیە.

بەڵام گرنگ ئەوەیە تاچەند ئەمە بۆ پاپاو فاتیکان دەکەین بەقەناعەت؟ چونکە گرنگ ئەوەیە بەرامبەرو خاوەن بەرژەوەندی قەناعەتی بۆچێ ببێت کەئێمە لەم روەوە جیاوازین، نەك خۆمان.

شایەتی دانی نوێنەرە نافەرمی وفەرمی پێکھاتەی مەسیحیش، لەم چوار چێوەدا، رۆڵی گرنگ دەگێڕێت.

سێھەم/ بەدەر لەسەلماندنی جیاوازبوون ل ە سەررئاستە ئایینییەکە، کەگرنگە، ئایە کاتێك پاپا دێتە ھەولێرو دیدارو چالاکییەکانی ئەنجام دەدات،

ھەولێرێکی جیاواز لە بەغداو وشارەکانی تری عێراق دەبینێت؟ قسەی جیاوازی گوێ لێ دەبێت؟

ھەست بەتێگەیشتن وھەڵوێستی جیاوازدەکات، واقیع وبەڵگەکان توانای پشت راستکردنەوەیان ھەبێت؟

بەدەر لەوە، ئەگەر ھەولێر ئاوەدانتر ھاتە پێش چاو، ئایە دەتوانیین بەوجیاوازیانە دڵ وعەقڵی پاپاو وەفدەکەی پربکەین، کەدەربری تایبەتمەندیی کولتوریی وشێوە ژیان و خواستی ئێمەن؟

ھیچ شتێك کراوە بۆ ئەمە.

ئەمەو زۆرشتی تر.

چی دەبینێ وچی دەبیستێ، بۆھەرکەسێك دەربارەی ھەرواقیع و کولتورێك گرنگە، چونکە رووی دووەمی ئەوەیە : چ تێگەیشتن ویاداوەریەکی بۆ دروست بووە؟ چ وێنەو ھەست وکەرەسەی خاوی بریارێکی ھێشتانەدراو لەئایندەدا لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە؟

چوارەم/ نابێت چاوەکان تەنھا لەسەر پاپاو وەفدەکەی بێت، بەڵکو دەبێت گرنگییەکی گەورەش بەو لەشکرەلەڕۆژنامەنوس وراگەیەنکاریش بدرێت، کەلەگەڵ پاپادا وڕوماڵی سەردانەکە دەکەن.

ئایە ستاف وتوانایەکی تایبەت بەئەمان وچۆنییەتی پێشوازیلێکردن و وخزمەتکردن وسودلێبینینێکی فراوانتر لەڕوماڵێ سەفەرەکە، دەستنیشانکراوە؟

ناوەندێ ھەیە بۆ تۆمارکردنی زانیاری و دروستکردنی پەیوەند ی و بەدوادا چون ؟ بەر نامەیەکی لەپێشتر دیاریکراو ھەیە بۆچۆنییەتی سود لێبینیان لەئێستادا؟

پێنجەم/ ئەوەی لەپێشەوە وترا، بەپلەی یەکەم، باس لەخۆنمایشکردن وجیاوازی نیشاندانە بۆ دەرەوەی خۆو جیھان.

ھەرچی پەیوەندی بەناوخۆمانەوە ھەیە، ئایە سەردانەکە لانی کەم زیاترو لێپرسراوانەتر سەرنجمان بۆوشتانە رادەکێشێت، کەتیایاندا جیاواز نین و وێنەی لەبەرگیراوەی ئەزموونە حوکومڕانییە خراپەکانی ناوچەکەین؟

ئایا شەرمێکی تێکەڵ بەڕاچەنینی عەقڵ وویژدان و توانای وەڵامدانەوە بەئاڵانگاریەکان بەواتا توینبییەکەی، داماندەگرێت، لەسەرئەوەی لەکاتێکدا داوا لەجیھان دەکەین وەك نەتەوە بمانبینن و دانمان پێدا بنێن ومامەڵەمان لەگەڵدا بکەن، کەچی خۆمان لەناوخۆدا بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ یەکترناکەین وکوردبون وکوردستانی بوون زۆرکەم نەبێت ، توانای دروستکردنی ھەست وناسنامەھاوبەش و گیانی ھاوچارەنوسیان نەماوە، بەوجۆرەی ھەر ناسیۆنالیزمێك لەدونیادا دەیخوازێت؟

ئایە.. ئایە..