ھەرێمی کوردستان و شەڕوەستاندنی ئیسرائیل دژ بەکەرتی غەززە

24/05/2021

ئەبوبەكر عەلی

ھەڵسەنگاندنی ھەڵوێستەکان و ئەزمونێك بۆ خوێندنەوە
یەکەم/ جەنگەکەو ئەنجامێکی نەخوازراو بۆ ئیسرائیل:
١- ئامانجی ئیسرائیل لە جەنگەکە:
پێم وایە ئامانج لەپەلاماردانی ئەمجارەی سوپای ئیسرائیل بۆسەرکەرتی غەززە ئەن خاڵانەی خوارەوە بوو:
- تۆمارکردنی سەرکەوتنێك بۆئەوەی ناتەنیاھۆ لەملانێ سیاسیە ناوخۆییەکان ومەسەلەی پێکھێنانی حکومەت بەقازانجی خۆی بەکاریبھێنێت.
- کۆتایھێنان وپەردەدان بەسەر ڕاپەرینی ئەقسا کەخەریك بوو دەبووە فشارێکی بەرچاوبەسەر ئیسرائیلەوەو مەترسی پەرەسەندنی زۆرتری لێدەکرا.
- کارکردنەسەر ھەڵوێستی ئەمریکا لەمەسەلەی گفتوگۆئەتۆمیەکان لەگەڵ ئێران لەڕێی تێوەگلاندنی ئێران وناچارکردنی ئەمەریکا بەھەڵوێستی لایەنگری توند بەقازانجی ئیسرائیل
- لاوازکردنی حەماس وغەززەوبێلایەنکردنیان لەھەر جەنگێکی داھاتوی ئیسرائیل دژ بەھەندێ ھێزی ترلەناوچەکەدا.
وەستانی شەڕو گەڕی ئەمجارەی جەنگی ئیسرائیل دژ بە فەلەستینی و غەزەییەکان تائەم ساتەوەختە، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەشکایەوە، بە پێچەوانەوە زیانیشی لێکرد چونکە:
١- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رای گشتی جیھانی، وێنای زیاتر شێوا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان (١٧٠) وڵات دژ بە ئەو و بە قازانجی فەلەستینییەکان قسەیان کردو تەنھا نۆ دەوڵەت بە قازانجی ئەو ھەڵوێستیان دەربڕی.
٢- پشتیوانی ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامبونی وەکو پێشوو ڕەھا نەبوو، دابەشبوون لەنێو ڕای گشتی ئەمریکاو خودی پارتەکەی سەرۆکدا لەمەر پشتیوانیەکەو ھەڵوێست دەربارەی جەنگەکە دروست بوو. ئەمریکا ویستی لەگەڵ پشتیوانیە نەریتیەکە لە ئیسرائیل ڕۆڵی ناوبژیوانیش ببینێ و ئاماژە بەپێویستی چارەسەری کێشەکە بکات.
٣- ناوخۆی ئیسرائیل دوچاری دابەشبونی سیاسی زۆرتر بوو. ڕاستڕەوەکان وتەنانەت سەرۆکی پارتی کاریش ھەریەکەو لەگۆشەنیگایەکەوە ڕەخنەی توندیان لەنەتەنیاھۆو چۆنێتی بەرێوەبردنی جەنگەکە، دەستکەوتەکانی وکۆتایپێھێنانی گرت.
٤- تاراددەیەك ھەیبەتی ئیسرائیل وھێزە بەئەفاسانە نیشاندراوەکەی شکاند. سارۆخەکانی حەماس بۆیەکەم جار قوڵایی ٢٢٠ کیلۆمەتری ئیسرائیل وشارەگەورەکان ولەوانەش تەلئەبیبی پایتەختیان پێکا، ترس وتۆقینیان لەناو ئیسرائیلییەکاندا دروستکرد، ناچاریانکردن، بۆماوەیەکی بەرچاو ژیان لەژێر زەمینەکان بەسەربەرن، گەشتکردن لەزیادلە فڕۆکەخانەیەك وەستێنرا زۆربەی ئەم شتانەش بۆێیسرائێلیەکان نوێبون، ڕەنگە متمانەیان بەتوانای بەرگری لەخۆکردنیان کەمتر بکاتەوەو ھەست بەمەتسیەکی وجودی زۆرتر بکەن.
٥- جەنگەکە ڕەوتی ئاسایکردنەوەی عەرەبەکان لەگەڵ فەلەستیندا خاوتر دەکاتەوە، چاوەڕێدەکرێت گرەو کردن لەسەر ئیسرائیل بۆراستکردنەوەی ھەندێ ھاوکێشە لەوانەش دژایەتی ئێران کەمتر بکاتەوە.
٦- جەنگەکە سەرلەنوێ تەپ وتۆزی سەر ڕوی مەسەلەی فەلەستینی تەکاندو کردیەوە بەبابەتی ڕایگشتی وخستیەوە ڕۆژەفی سیاسی جیھان ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.دوبارە بەجدیوەرتگرتنی پرسەکەو پێویستی چارەسەرکردنی مەسەلەی فەلەستینی خستەوە روو.
۷- جەنگەکە لەجاران زیاتر توانای حەماس وھاوپەیمانە جیھادیە فەلەستینیەکانی نیشاندا، پاڵپشتیە کانیش بۆ غەزەبەناڕاستەو خۆ پاڵپشتی بوون لە حەماس وەك ھێزێکی بەرھەڵستی نیشتیمانی وبەشێ لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین.
۸- جەنگەکە بەقازانجی میسرو سیسی شکایەوە، پێگەی بەرامبەر خەلیج وتورکیاوئیسرائیلیش بەھێزترکرد، وەك وازیکارێکی سەرەکی ودەوڵەتێکی گرەو لەسررکراوو سەرپەرشتی دۆسێی فەلەستین وغەزادەرکەوت. حەماس وغەزەش ناچارن حسابێکی زۆرتری بۆبکەن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نێوخۆیی ودەرەکی دەبێت.
۹- جەنگەکە لەزیاد لەڕویەکەوە بەقازانجی ئێرانیش شکایەوە:
- حەماس بەھاوپەیمانی ئەو لەناوچەکەدا ناسراوەو خۆڕاگری وتوانایەکی بەرچاوی لەخۆی نیشاندا.
- بەوجۆرەی ئیسرائیل نەخشەی بۆکێشابوو کاریگەرنەبوو لەسەر گفتوگۆکانی ڤییەننا ئەگەر قازانجیشی لێنەکات؟
- وێناکرانی لاوازی ئیسرائیل بەرسمبەر ئێران، لەوروانگەوە ئەگەر ئیسرائیل بەرامبەر توانایەکی سنورداری حەماس ئەوە حاڵی بێت، ئەی ئەگەر بکەوێتەبەردەم جەنگێکی ھەمەلایەنەترو توانایەکی گەورەترەوە دەبێت دۆخەکە چی لێبێت؟ بەتایبەتی گەر وڵاتانی تر دەستێوەردان نەکەن.
۱٠- جەنگەکە تا رادەیەکیش بە زیانی تورکیا شکایەوە چونکە نەیتوانی لەسەر زەوی شتی بەرچاو بکات، مەگەر دواتر لەڕێی بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە ڕۆڵی خۆی کاراتر بکاتەوە.
...........................................
دووەم/ ھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگاندنی ھەڵوێستەکان و پەندەکان
لەبەر زیاد لە ھۆکارێك، جەنگی ئەمجاری ئیسرائیل دژ بە فەلەستینی و غەزەییەکان، ڕەنگدانەوەی بەسەر کوردو ھەرێمی کوردستانەوە ھەبوو.
لە ھەندێ ڕووشەوە، ھەڵوێستگرتنەکان ئامرازی یەکتر دواندنی ناوخۆش بوون.
کورد دەبێت لە چەندین ڕووەوە ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی جەنگەکە بکات، لەوانەش:
١- ھەڵسەنگاندنی ھاوسۆزی و ھەڵوێستگرتنەکان بۆ پشتیوانی فەلەستینیەکان. لەم ڕووە ھەڵوێستەکان بەگشتی ھاوسەنگیان پێوە دیاربوو. بە ئاستی جیاواز ھەرێم ھاوسۆزی فەلەستینیەکان بوون. ھەڵوێستی زەقتری ئیسلامیەکانیش گەر خراپەیەکی ھەبێت بۆ خۆیانە، کە ئەویش لە ئەگەری بە کەرەسەکردنی بەشداریکردنەکەیان لە داھاتوودا دژیان بەرجەستە دەبێت.
بەدەر لەوە بۆ ھەرێم دەتوانرێت بەزیاد لە شێوەیەك تەوزیفی ئەرێنی بکرێت لەوانەش وێناکردنی وەك بەشداری ھەرێم لە ھەندێ ناوەندی ھەرێمی و ئیسلامی لەلایەن کاربەدەستانی ھەرێمەوە، کەمکردنەوەی ھەستی نەرێنی بەرامبەر ھەرێملەناوچەکەد ا، کەمکردنەوەی کاریگەری پڕوپاگەندەی دژ بەھەرێم لەسۆنگەی نزیکی لە ئیسرائیل و نامۆبوون لە دەوروبەرە ئیسلامیەکە. سەرەڕای ھەندێ تەوزیفی تر کە سیاسەتمەداری ژیر ھوشیارە پێی.
٢- پێویستی ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی دوای جەنگەکەو ئاسەوارەکانی و ئاستی ڕەنگدانەوەی بەسەر مەسەلەی کوردو ھەرێمی کوردستاندا.
٣- خوێندنەوەو سود وەرگرتن لە ئەزمونی بەرگریکاری حەماس و ھاوسەنگەرانی و دانیشتوانی غەززە. کە ئەگەر بەراوردێك لە نێوان ئەو ئیرادەو ئاستی خۆڕاگریەو جۆشخواردنە بەلای خۆمان و توانای بەرگریکردن لە خۆما نبکەین، ھەست بە چەندین کەلەبەرو ناتەواوی ستراتیژی دەکەین. گرنگە بپرسین چی وا لە پانتاییەکی بە ئەندازەی قەزایەکی کوردستان و دانیشتوان و ھێزە بەرھەڵستکارەکانی دەکات، لەسایەی ئابڵۆقەیەکی چەندسەرەو قەیرانێکی قوڵی ئابوریدا، توانای بەرگریکردنیان لەگەڵ یەکێ لە مۆدێرنترین سوپاکانی دونیا بکات. لەماوەی چەند ڕۆژێکدا سەدان ھێرشی ئاسمانیان بە پێشکەوتووترین فرۆکەکانی دونیا بکرێتە سەر، کەچی خۆنەدەن بەدەستەوەو بەرپەرچی پەلامارەکان بدەنەوە؟
لە کاتێکدا پێم وانیە لەگەڵ بوونی پەلاماری ئاسمانیدا ئێمە توانای بەرگریکردنمان لە ھیچ یەك لە شارە گەورەکانمان ھەبێت!!
بە بڕوای ئێمە ھۆکارەکانی پشت ئەم کەم و کورتیە ستراتیژیە بەرگریەی ئێمە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
أ- ناکۆکی و کێشمەکێشی ناوخۆیی و لاوازبوونی ئینتیمای نیشتیمانی ھێزەکان لە سۆنگەی حیزبیبوون و تێکەڵاوبوونیان بە کێشمەکێشە سیاسیەکە.
ب- گەندەڵی و ڕوخان و لاوازبوونی پێشەنگ و جیاوازی ئاسمان و رێسمانی جۆری ژیانی سەرکردەکان و پێشمەرگە.
ج- گەندەڵی نێو ھێزی پێشمەرگە، بە جۆرێك بە گوێرەی ھەندێ ڕاپۆرتی پەڕلەمانی یەکێ لەو کەرتانەیە گەندەڵیەکی یەکجار زۆری تێداکراوە. ھەموو ئەمەش لەسەر حسابی لایەنی مەعنەوی ھێزەکەو پێشمەرگەی ڕاستەقینەی شەڕکەر لە مەیداندا.
ھەرێمی کوردستان پێویستی بەھێزێکی نیشتیمانی تۆکمەی ( ٥٠٠٠٠) مەشقپێکراوی پۆشتەو پەرداخ و خزمەتکراو ھەیە، نەك ھێزێکی قەبەی حیزبیی ناکارای تێکەڵبوو بە ئامانجی نانیشتیمانی و گەندەڵی و جۆرەھا کەم و کورتی تر.
د- لاوازی پەروەردەو ناڕۆشنی و کەمکاریگەری عەقیدەی سەربازی.
ح- نەبوونی کەمترین پشت بەخۆبەستن لە ڕووی کەل و پەلی سەربازیەوە، با لە ئاستی زەخیرەو ھەندێ چەکی سوکیش بێت! بۆیە ئەم ھێزە پێویستی بەپەلەی بەدووبارە بیناکردنەوەی ھەمە لایەنە ھەیە:
- گرنگە لە فەزای خنکاو و بوغزو تێکەڵ بە گەندەڵی حیزب دەربێت و بکرێتە ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمەی سەروحیزبیی.
- چاکسازیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی گشتی و ناوخۆی ئەم ھێزانەو گێڕانەوەی ھەستکردن بە لانی ماقوڵی دادپەروەری بۆئەوەی کاری جدی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ھەست بەئینتیماو سەرمەشق و گیانی قوربانیدان بکرێت.
٤- داڕشتنی عەقیدەیەکی ڕوونی عەسکەری کە تیایدا پەیامی ھێزەکەو دوژمن و مەسەلە پەیوەندیدارەکان بەم بوارە بەتەواوەتی چارەسەر بکرێت.
٥- نوێکردنەوەی پەروەردەی نیشتمانی و ئاراستەکردنی ھێزەکەو تێکەڵکردنی بەھەوێنێکی ئیسلامی، لەسەر ئاستی دژایەتی زوڵم و ناعەدالەتی و جەوھەری ئیسلامیانەی مەسەلەی کوردو بەرگری لە ھەرێم لەو سۆنگەوە کە مەسەلەی دژایەتی ستەم و خەباتە بۆ چەسپاندنی عەدالەت و مافی وەك یەکی نەتەوەکان و یەکسانیان لە دیدی ئیسلامیدا. پەروەردەیەکی ئیسلامی- نیشتیمانی مەدەنی، وا دەکات رەھەندە موسەڵمانێتیەکەی پێشمەرگەش کە زۆرینەی ھەرەزۆری ھێزەکە پێکدەھێنن، لە پاڵ ڕەھەندە نەتەوەییەکەی کەسێتی نیشتیمانی پێشمەرگە وەگەڕبخرێت و بخرێتە خزمەت بەھێزترکردنی تواناو گیانی بەرگری و مانادانێکی ئیسلامیی و ئایین بەمردن و شەھیدبوون لەسەنگەری بەرگریدا. لەم ڕوانگەشەوە ئێمە ئامادەی خزمەتین.
- پێویستە لە ئێستاوە بیر لە پشتبەخۆبەستن، لانی کەم لە ئاستی دابینکردنی فیشەك و گوللە تۆپ و ھاوەن و ھەندێ چەکی سوك، بکرێتەوەو ھەوڵی لابردنی ڕێگریەکان بدرێت.
بێگومان ھەموو ئەم شتانە پێویستیان بەکۆتایھێنان بە زۆنی کۆنترۆڵکراوی حیزبی و ھەرێمێکی خاوەن ستراتیژو یەکگرتووە.