خەڵک لە نێوان جەلالی و مەلاییدا

22/03/2020

مەجید ساڵح

جەلالی و مەلایی، وەک دوو نەهجی کارکردن نەک وەک فیکر و ئەندێشە، لەژێر ناوی دیکەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکانی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بەدواوە. بەڵام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێکی بە رواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیانکردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی کارکردنیان کە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەکانی کورد کە بریتی بوو لە یەکترکوشتن و ئیقساکردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەک نان بگۆڕن.


ئەم نەهجە لە کارکردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێکی بەشەریی و مادی و سیاسی و ئابووری و لەسەرووی هەموویشیەوە لێکترزانێکی گەوەرە کۆمەڵایەتی نەک هەر ئەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوە. خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە کردووە.


هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەکاتی سیاسی و ئابووری و تەنانەت فیکریی و کۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەکانی مام جەلالی لێدەرچێ، زۆر بەدەگمەن کاریان کردووە بۆ لەبیرکردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیکی سپی.
بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانەوە، دایم برینەکانیان کولاندووەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێ.


ئەوەی جێی داخە ئەم کارکردن و بیرکرنەوەیە، نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و کۆمەڵگای کوردیان بەشێوەیەکی زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە کردووە و هەر نزیکبوونەوەیەکیش لە نێوانیاندا دروستبێ، جەماوەرەکەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و روویان لێوەر دەگێڕن و ناچار بە لێکترازانیان دەکەنەوە.


ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیکبوونەوەی نەک هەر سەرکردە و حزبەکەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵکۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەرکردەیەکی دیکەش لە کە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێککەوتن بکات.
لەولاشەوە مەلاییەکان (پارتی) پێیانوایە هەر سازش و دانوستانێک لە گەڵ جەلالییەکان (یەکێتی) و هاوشێوەکانیان، یان هەر نزیکبوونەوەیەکی لایەنەکانی دیکە لە یەکتر، دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی.


رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرکرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان کەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەکاونت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئێستا لە جەنگێکی میدیاییدا هەردوولا بە هەموو هێزێکیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەکتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەکان دەکەن. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە کورد و کوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵکرنەوەی ناکۆکییەکاندا رۆڵی ئەسپەکەی تروادە دەبینن.


دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی کەوتووەتە دەستی کەسانێک کە کەمتر پێشینەی شەڕی براکوژییان هەیە، ئومید دەکرا کۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەکتر سڕینەوەیە بهێنرێ، بەلام هەواڵە بە پەلەکانی کەناڵەکانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەکانی شەڕی یەکتر کوشتن بینیبێ.


کۆمەڵگای ئیمە شەکەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانییەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای کردووە. ئیتر بەسیەتی. ئەم چاو لەیەکتر سورکرنەوە و کۆمەڵگا لە دڵەراوکێداهێشتنەوە تاکو کەی؟!


کەی رەوایە لەبەر حیمایەیەکی داماوی بێکەسی وەزیرێک کە خیری بو خانەخوێکەی خۆی نەبووە، هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕ لە یەکتری بکەن.

چاوێک لە سەرکردە گەنجەکانی وڵاتی (رەوەندا) بکەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێکی خویناوی، رابردوویان لە گۆڕنا و پێکەوە وڵاتەکەیان کردووەتە پێشکەوتووترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابووری گەشەسەندوو.
بەسیەتی تاکەی لە بەکوشتدان و برسیکردن و هەژارکردنی خەڵک ماندوو نابن؟!