ئیتر ئێران شەرقیە

29/03/2021

مەجید ساڵح

ستراتیژی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پرەنسیپی "نەشەرقی نە غەربی جمهوری ئیسلامی" دامەزرا، بەڵام لەسەردەمی جیهانگیریدا هیچ وڵاتێک ناتوانی تاسەر لەسەر ئەو پرەنسپانە بمێنیتەوە کە سەردەمانێک هێڵی سوربوە بۆ رێبەرە دامەزرێنەرەکانی، پێدەچێت ئیتر ئێران بەتەواوەتی دەستی لەغەرب‌و بەتایبەتی لەئەمریکا شۆردبێتەوە، بۆیە لەمەولا لەمیدیاکانی ئێرانەوە ئەو دروشمە بەو تۆخیەی جاران نابیستینەوە.

بەپێی ھەندێ سەرچاوە حکومەتەکەی رۆحانی رێکەوتنامەیەکی 25 ساڵەی لەگەڵ وڵاتی «چین»دا کردوە بۆ پەرەپێدانی نەوت‌و گازیی ئێران، گوژمەی ئەم رێکەوتنە 280 ملیار دۆلارە، هەروەها چین 120 ملیار دۆلاریش بۆ پێشخستنی ژێرخانی گواستنەوەو گەیاندن خەرجدەکات، لەبەرامبەردا ئێران نەوت‌و گازو پترۆکیمایی دەدا بە چین بە نرخی کەمتر لە 30 لەسەدی نرخی بازاڕ.

جگە لەوەش چین پارەکەی بە"یوان"ی چینی دەدات نەک دۆلار، ئەوە جگەلەوەی دوولەسەر سێی پارەکە بەکاش‌و یەک لەسەر سێی بەشێوەی کاڵای چینی دەبێت.

گەرچی ھێشتا بەتەواوەتی وردەکاری ئەم ڕێکەوتننامەیە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاگاداری بیانی‌و ئێرانی کە زانیارییەکانیان دزە پێکردوە، چینیەکان 5 هەزار لەهێزە چەکدارەکانیان دەهێننە ناو ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

خاڵێکی دیکەی ڕێکەوتنامەکە ئەوەیە کۆمپانیا چینییەکان مافی ئەوەیان هەیە پێش ھەموو کۆمپانیا جیھانییەکان پرۆژە ستراتیژەکانی ئێران جێبەجێبکەن‌و هیچ ڕێکەوتنێک ناکرێت گەر ئەوان لەسەری رازینەبن، ئەوە جگەلەوەی دورگەی «کیش»ی گەشتیاری بۆ ماوەی 25 ساڵ دەدرێت بەچیینیەکان.

ئەم ڕێکەوتنە کە لەسەروبەندی سەرقاڵبونی ئەمریکاو دونیا بەڤایرۆسی کۆرۆناوە پەردەی لەسەر هەڵماڵرا، جگەلەوەی هەنگاوێکە بۆ مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئازاردانی ئەمریکاشە لەو شوێنەی کە دێشێت.

هەروەها رچە شکێنیشە بۆ سەرکردەی هەندێ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە بەدەست کێشەی ئابوری‌و سیاسی جەنگەوە گیریانخواردوەو ئەمریکای کۆنە دۆستیشیان بەخەم ساردیەوە تەماشایان دەکات.