لەبوختان ناکەوێ!!

01/02/2021

مەجید ساڵح

لە رۆژانی ٣١ ئاب تا ١٢ ئەیلولی ساڵی ١٩٧٧ چەند كۆبوونەوەیەكی کرا بۆ دەست نیشانکردنی سەركردایەتی یەکێتی لە هەرسێ باڵەکەی یەکێتی (کۆمەڵە، بزوتنەوە و خەتی گشتی). نوێنەرانی کۆمەڵە بە مەلا بەختیاریشەوە پێداگریان دەکرد نەوشیروان مستەفا لەگەڵ شاسوار جەلال (ئارام) لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا نوێنەرایەتی کۆمەڵە بکەن؛ بەڵام نەوشیروان رازی نەبوو وەک نوێنەری کۆمەڵە لە سەرکردایەتی یەکێتی بێت و لەگەڵ سالار، مەلا بەختیار، ئازاد هەورامی، عومەر عەبدوڵڵا کۆ دەبێتەوە و بەراشکاوی پێیان دەڵێ: "ئەو چەند ساڵە من دوربوم لەكاری كۆمەڵە. ئێوە ماندوبون‌ و فیداكاریتان كردوە.

نامەوێ‌ من بێمە سەر حازری. چی بە من بكرێ‌ بۆ پشتیوانیتان، درێغی ناكەم. بەڵام ئەمەوێ‌ لە دەرەوەی كۆمەڵە بم. من ئەندامی "دەستەی دامەزرێنەر"م، خۆم بە ڕۆتینی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیم وەكو هەڤاڵەكانی تر. چاكتر وایە ئەو جێگایەی بۆ منی تەرخان ‌ئەكەن، بیدەن بە برادەرێكی تر. سەرباری ئەمانەش لێتان ناشارمەوە: من باوەڕم بە كۆمۆنیزم نیە ڕاستیەكەشی ئەوە بو توشی "خیبة أمل" بوبوم لـێ‌یان، ئەمویست بێ‌ ئەوەی دڵیان بشكێنم، تێكەڵاوی كاری ناو كۆمەڵە نەبم." (لە کەناری دانوبەوە، دیوی ناوەوەی رووداوەکانی کوردستانی عێراق ١٩٧٥ -١٩٧٨، ، ل١٧٢) لە (٥)ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی 'شێنێ'ی دەڤەری قەڵادزێ، ٢٧ کادیری پێشکەوتووی "کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان" کۆبوونەوە بۆ دروستکردنی ناوەندێکی جێگای باوەڕ بۆ کۆمەڵە کە بتوانی سەرپەرشتی رێکخستنەکانی کۆمەڵە و پێشمەرگە و فەرماندەکانی بکات و یەکێتی بیرو باوەڕیان تێدا دروست بکات.

مام جەلال لە دیداری تەمەندا بەم شێوەیە باس لە کۆبوونەوەکەی شێنێی کردوە: "بەشەهید بوونی ئارام، ناوەندی کۆمەڵە هەڵتەکایەوە، بۆیە برادەرانی کۆمەڵە ناچار بوون کە کۆبوونەوەیەک بکەن بۆ دامەزراندنی کۆمیتەیەکی سەرکردایەتی، کۆبوونەوەکە لە شێنێ کرا کە ٢٧ کادیری کۆمەڵە تێدا بەشدار بوون، لەو کۆبوونەوەدا نەوشیروان لەگەڵ چەند برادەرێکی تردا هەڵبژێران بۆ سەرۆکایەتی." مام جەلال، دیداری تەمەن بەرگی (٢) ل١١١ (مەلا بەختیار: من ئیجحافم نەکردووە، لە زۆر شوێن گوتوومە کاک نەوشیروان لە هەموومان بە قابیلیەتتربووە.

من پێشنیارم کردووە کاک نەوشیروان ببێت بە سکرتێری کۆمەڵە پێش ئەوەی کەس ئەو پێشنیارە بکات. باسمکردووە کە لە دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە دەنگم پێداوە، فیتنەچی چوونەتە لای کاک نەوشیروان و گوتوویانە دەنگیان پێنەداوی، لە پشتی کارتەکە واژۆم کردبوو مام جەلال بێتاقەت ببوو دەیگوت چۆن دەنگت نەداوە بە کاکە نەوە؟ منیش گوتم مام جەلال کارتی دەنگدانەکان بێنەو سەیری بکە لە پشتەوە واژۆم کردووە، کە هێنایان کابرایان هێناو رەزیلیان کرد ئێستاش ماوە پێم خۆش نییە ناوی بهێنم.) چاوپێکەوتنی مەلا بەختیار لە 13-09-2020 کەناڵی رووداو مام جەلال سەبارەت بە هۆکارەکانی گەشەکردن و بەرەوپێشەوە چوونی کۆمەڵە لەدوای کۆبوونەوەی شێنێ.

لە دیداری تەمەندا دەڵێ: "نەوشیروان، دەورێکی زۆرباشی نواند لە داڕشتنی رێبازی راست و تەکتیکی ئاقڵانە و ژیرانە بۆ کۆمەڵە و بۆ پەیوەندی کردن بە شارەکان و گەشەپێدانی رێکخستنەکان. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە کاتی پێش گەڕانەوەی من و نەوشیروان بۆ وڵات لەگەڵ دوای گەڕانەوەمان، تەماشا دەکەین، لە پێش ئێمەدا، لەسەرتاسەری کوردستاندا باوەڕ ناکەم سەد ئەندامی کۆمەڵە هەبووبێت، هیچ دەورێکی دیاری نەبوو لە ناو شۆڕشدا، راستە سێ چوار مەفرەزەی یەکەمیان دروست کردبوو، ئەو مەفرەزانە دەورێکی باشیان هەبوو بۆ هۆشیارکردنەوە، بەڵام مەفرەزەکان رۆڵێکی وەرچەرخانیان نەبینی، بەڵام پاش ئەوە (واتە پاش گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا)، بە چەند ساڵێک ئەندامانی کۆمەڵە بون بە هەزران ئەندام و هەزاران پێشمەرگەش لەدەوری کۆبوونەوە وبەشی زۆری هێزی پێشمەرگە، لەژێر تەئسیری و دەسەڵات و بیروباوەڕی کۆمەڵەدا بوون، کۆمەڵە بوو بە هێزی سەرەکی لە ناو یەکێتی و لەناو شۆڕشدا.. مام جەلال دیداری تەمەن ،بەرگی (٢)،ل ١١٢-١١٣

 

ئیتر نازانم ئەم حقدە کەی دادەمرکێتەوە!!؟