لە ساڵیادی کارەساتەکاندا

04/03/2021

مەجید ساڵح

(۱)

رۆژانە رووداوە مێژووییەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبن و وردەوردە ھەندێکیان پەراویز دەکەون و لە بیر دەکرێن، پاشان خەڵانێک دێن و بە خەیاڵ و بەمەرام دەنووسنەوە و کەسانێک دەکەن بە پاڵەوان کە دوور و نزیک پەیوەندیان بەو رووداوەوە نەبووە، یان لە دوادواوەی رووداوەکەوە بووە.

ئەنفال و ھەڵەبجە و کۆڕەو، سیێ رووداوی گەورە و ناخھەژێنن کە لەماوی چوار ساڵی پڕ لە رووداوی دراماتیک بەسەر کۆمەڵگاکەماندا ھاتن، بەڵام ھەموو ساڵێک بە کۆمەڵێک چالاکی سواو و چەندھا بارە یاد دەکرێنەوە، بەبێ ئەوەی ئەو یادانە کاریگەریەکی گەورە لەلای نەوەکانی دوای ئەورووداوانە بەجێ بھێڵێ، بگرە وایان لێھاتوە جگە لە پاشماوەی قوربانییەکان، خەڵکانی دیکە ھێندە لە خەمی یاد کردنەوەیاندا نیین

(۲)

جارێک ھیتلەر بانگی یەکێک لە ھاوکارەکانی کرد و پێێ وت: کەس کۆمەڵ کوژی ئەرمەنیەکانی بە دەست تورکەکانەوە لە یاد ماوە!؟

یاریدەدەرەکەی وتی نەخێر.. پێی وت کەواتە کورەی ژەھراوی و سوتاندن بۆ جولەکەکان داخەن، چونکە سبەی لە بیر دەکرێن وکەس باسیان ناکات.

شەش ملیۆن جولەکەی لە ھۆلۆکۆستدا کوشت..

بەڵام جولەکەکان وەک ئەرمەنەکانیان نەکرد، دوای روخانی ھیتلەر بێ ماندوو بوون، ھەموو ساڵێک یادی ھۆلۆکۆست دەکەنەوە و ویژدانی مرۆڤایەتی دەھەژێنن کە رۆژگارێک بەبەرچاویانەوە ھەزاران جولەکە کۆمەڵ کوژ کراون..

بەسەدان رۆمان و ھەزاران چیرۆک و دەیان فیم و درامایان لەسەر ئەو کارەساتە بەرھەم ھێناوە، لەوەدا ماندوو نابن و مۆنیمێنتیان بۆ دروست دەکەن...

(۳)

ئەنفال و ھەڵەبجەو کۆڕە، بە تەنھا رژێمی بەعس لێیان بەرپرسیار نییە، بەڵکو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، وڵاتانی رۆژئاوایی و رووسەکەکان کە میراتگری یەکێتی سۆڤیەتن و چین و ھەموو وڵاتانی ئیسلامی و رێکخراوە کانی بەناو ئیسلامی بەرپرسن لەو کارەساتە گەورەیەی بە سەر کورددا ھاتوە، دەبێ ساڵانە لە رێگەی یادکردنەوەیان ویژدانیان ئازار بدرێت، بەڵام ئەو ئەرکە نابێ بەتەنھا بسپێدرێت بەو خەڵکە خۆبەخش و دڵسۆزەی کە ساڵانە بە ھیمەتی خۆیان و لەسەر حسابی خۆیان یادەکە دەکەنەوە و چاوەڕێێ ھیچ پاداشتێک ناکەن..

ئەم یادانە دەبێ بەبەرنامە و بەپرۆگرامێک بکرێنەوە سنورەکەی ھەر لە کۆمەڵگای خۆمان نەبێ و عێراق و جیھان بگرێتەوە..

کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی جولەکەکان سەرەتایەکی باشە لەو پێناوەدا....