(هیچ)

01/03/2021

مەجید ساڵح

(1)
کە شەڕی عێراق و ئێران هەڵگیرسا، لە رێگەی کەسایەتیەکی کوردەوە، حکومەتی عیراق داوای کردبوو یەکێتی لەگەڵ حکومەت گفتوگۆ بکا و لە شەڕەکەدا لە پاڵ عیراقدا بووەستێ..

نەوشیروان مستەفاش لە وەڵامدا نووسیبووی: "ئەم دوو حکومەتە: عیراق و ئێران، ئەوەندەیان زوڵم لە کورد کرد و کورد خۆیشی نەیتوانی هەقی خۆیان لێ بسێنێ، وا خوا هەقیان لێ ئەسێنێ و بەم شەڕە بەر غەزەبی خوا کەوتون. ئێمە پشتیوانی لە هیچ‌کامیان ناکەین، بەڵکو داوا لە خوا ئەکەین وەکو سەگەکانی ڕەزابەگیان لێ بێ. لەگەڵ ئەوەیش‌دا ئێمە هەرگیز دەرگای گفت‌وگۆمان دانەخستوە. ئەگەر عیراق بە ڕاستی بێتە پێشەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئێمەش ئامادەین بۆ گفت‌وگۆ".
ڕەزابەگ پیاوێکی قسەخۆشی سلێمانی بوە، خەیاڵێکی بەپیتی هەبوە بۆ دروستکردنی حیکایەتی خەیاڵی؛ وتویەتی: "دو سەگی گەورەم هەبو، ڕۆژێکیان بو بە شەڕیان. ئەمیان قەپاڵێکی لەو گرت، دەستێکی خوارد، ئەویان قەپاڵێکی لەم گرت، دەستێکی ئەمی خوارد، وەختێ ئاوڕم دایەوە،
هەردوکیان یەکترییان خواردبو، تەنیا کلکەکانیان مابوەوە، ئەجوڵا!"
(2)
دوای ئەوەی حکومەتی رەزا شا توانی شۆرشەکانی سمکۆ دامرکێنێتەوە و ئەتاتورکیش شۆڕشی ئاگری سەرکوت کرد، هەردوو حکومەت کەوتنە وتووێژ بۆ دیاری کردنی سنوری نێوان خۆیان.. بێگومان ئەو خاکەی دابەشیان دەکرد، کوردستانی ئەم دیو و ئەو دیو بوو..
حەسەن ئەرفەع سەرلەشکری سوپای ئێران دەگێڕێتەوە:
"من ئەندامی لیژنەی دیاریکردنی سنوری نێوان ئێران و تورکیا بووم. رۆژێک من و ئەفسەرێکی تورک لە سەر تەپۆڵکەیەک (گردێکی بچوک) ناکۆکی کەوتە نێوانمانەوە. هەردوکمان پێداگریمان لەسەر خاوەندارێتی تەپۆڵکەکە دەکردەوە. ئەفسەرە تورکەکە وتی:
- ئێمەی تورک باوەڕمان بە قسەکانی رەزا شا هەیە، ئەو هەرچی وت ئێمە پێی رازین.
منیش نەخشە و کاغەزەکانم هەڵگرت و چووم بۆ دەرباری شا، دوای چەند دەقەیەک شاهەنشا هاتە ژوورەوە، من خەریکی پانکردنەوەی نەخشەکە بووم، شا فەرمویان :
-مەسەلەکە چییە؟
منیش دەستم کرد بە شەرح کردنی کێشەکە و باسم لەوە کرد کە ئەو تەۆپڵکەیە لە رووی ستراتیژییەوە وایە و ئەمەیان وایە و گەر ئێمە ئەم تەپۆلکەیەمان هەبێ زۆر باش دەبێ، دوای ماوەیەک بەو گەرمی و گوڕیەوە من بۆم باس کرد، بەڵام ئەو هیچ قسەیەکی نەکرد. کاتێک سەرم بەرز کردەوە دیم شا بە شێوەیەکی سەیر سەیرم دەکات و تەنیا چاوەی لەسەر چاومە، تا بزانێ من چی دەڵێم. من بێ دەنگ بووم.
فەرمویان
- دیارە لێم تێنەگەیشتووی؟
وتم :
-بەڵێ قوربان!
وتی:
-ئەم گرد و ئەو ئەو تەپۆڵکانە بەلای منەوە کێشە نییە، من لەوە تێگەیشتووم بەربەرەکانێ و دوژمنایەتی کردنی تورکیە و ئێران لەو چەند سەد ساڵەدا هەمیشە بە زیانی هەردولامان تەواو بووە و لە قازانجی دوژمنی هاوبەشی هەردوکماندا بوە، دەمەوێ لەسەر ئەم گرد و ئەو تەپۆڵکە ناکۆکی نەکەوێتە نێوانمانەوە.. ئەوەی بۆ من گرنگە ئێمە پێکەوە دۆست بین.
من شەرمەزار بووم و نەخشە و کاغەزەکەم هەڵگرت و گەڕامەوە بۆ لای ئەفسەرە تورکەکە و پێم وت:
- شاهەنشا فەرمویان با ئێمە دۆستایەتیمان بەهێز بکەین.. ئەم دیوی تەپۆڵکەکە بۆ ئێمە و ئەوە دیوەکەی بۆ ئێوە.."
(3)
چەند هەفتەیەکە تورکیا و ئێران ناکۆکییەکی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا دروست بووە، لە دوێنێوە، ئەو ناکۆکیانە قوڵتر بوون. زۆربەی کورد تەمەنا دەکات کۆتاییەکەی وەک سەگەکانی رەزا بەگ بێت، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ هەرچەندە شەڕە ئەسڵییەکەیان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیانە لەسەر حسابی کورد، لە کۆتاییدا هەر پێگ دەگەن و ئاشت دەبنەوە و تەپۆڵکەکان لە نێو خۆیاندا دابەش دەکەن.. ئەمجارەش وەک جارەکانی دیکە ئەگەر کورد ماڵە لێکترازاوەکەی لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەکە یەکنەخاتەوە.. لەجیاتی ئەوەی ئەوان وەک سەگەکانی رەزا بەگیان لێ بێت، ئێمە کلکەکەشمان نامێنێ، بمێنێتش، ناجوڵێ.. چونەکە لە هەموو دەوڵەتمەدارێکی تورک و ئێرانی وەک رەزا شاو و ئەتاتۆرک بیر دەکەنەوە.. هەموو سازشێک دەکەن تەنها بۆ ئەوەی کورد هەر بە (هیچ)ی بمێنێتەوە..