ئیتر سرودی ئەی رەقیب مەڵێنەوە!

24/01/2021

مەجید ساڵح

(1)
ئەگەر دوو کورد بوەستن پێکەوە، بێ گومان سێیەمیان شەیتانێکە بۆ ئەوەی بیاندا بە گژ یەکدا، ئەوە قسەی (مس بێڵ)ە.. هەر بەو لۆژیکەش بریتانییەکانی قەناعەت پێهێنا و وتی کورد خۆی دەوڵەتی ناوێ، بۆشیان دروست بکەین یەکتری دەکوژن لە سەری. مس بێڵ ئەو ژنە جاسوسەی بریتانیا بوو کە لەگەڵ بیرسی کۆکس ساڵی 1921 لەهیچەوە دەوڵەتێکیان دروست کرد و ناویان نا عێراق و کوردستانی باشوریان لە ساڵی 1926 لکان پێوەی...
(2)
چەند رۆژێکە فیلمێک لە فەزای مەجازی دانراوە، لەپاڵ وتنی هەندێ حەقیقەت، کۆمەڵێ بێ رێزیان بەرامبەر کورد بە گشتی و پارتیش بە تایبەتی کردوە.. لەوە گەڕێ کورد دەستەوەستانە لە وەڵام دانەوە، بەڵام سەیری ئەو دیاردەیە بکە چۆن دوو رۆژە شەیتانی ناکۆکی جەلالی و مەلایی زیندوو بووەتەوە و بەشەڕە جوێن و یەکتر سڕینەوە کەوتوونەتە گیانی یەکتری.. سەیرم لێ دێت بۆ پارتیەکان لە وەڵامەکانیاندا لەجیاتی بەرز هەڵەسەنگاندی رۆڵی پێشمەرگەکانی یەکێتی لەو شەڕەدا و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەی هەردولا لە دژی داگیرکەری داعش، کەچی هەندێکیان لە وەڵامەکاندا هەر ئەو قسانە دەکەن کە فیلمەکە باسی دەکات.. ؟! لە جیاتیوەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە فیلمەکەیان دروست کردوە، باس لەوە دەکەن یەکیتییەکان رۆڵیان نەبووە.. نازانم بۆ هەندێ لە یەکێتییەکانیش شاگەشکە دەبن بەوەی بێگانەیەک ئیهانەی هاوسەنگەرەیان بکات لەشەڕی داعش.. خۆشیەکەی چییە!!
(3)
وتنەوەی سرودی (ئەی رەقیب) بۆ ئەوە دانەنراوە هەر لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا بوترێتەوە، دەبوو پارتییەکان لەوەڵامەکانیاندا بە شانازییەوە باسی رۆڵی پێشمەرگەی یەکێتیان بکردایە لەو شەڕەدا، بە فەخرەوە بیان وتایە ئەو شەوە وانەبووە کە لە فیلمەکەدا هاتووە، چونکە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە گۆڕان بوو، لەو شەوەدا بۆ ئەوەی خەڵک ئارام بێت و دڵە راوکە دروست نەبێ، لە شەقامەکانی هەولێردا و لە ناو خەڵکدا پیاسەی دەکرد..
وەڵامی ناحەقی دوژمنان بە ناحەقی کردن بەرامبەر هاوخوێنەکانت نادرێتەوە، بەڵکو بە یەکخستنی ناو ماڵە شێواوەکەت دەدرێتەوە..
دڵخۆش بوون بەوەی دوژمنەکەت ئیهانەی هاوخوێنەکەتی کردوە، پەشیمانی لەدوایە، چونکە هەر دوێنێ بوو ئیهانەی تۆشی دەکرد، مەگەر هەر ئەوان نەبوون بە مام جەلالیان دەوت (........)..