ڕێکەوتنی سەدە وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز!

17/09/2020

كاروخ خۆشناو

دوای (٧٢) ساڵ لە هەڕەشە و گوڕەشە و ململانێ و شەڕ، دواجار ووڵاتانی عەرەبی (یەک لەدوای یەک) سەرەیان گرتووە تاکو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژوو بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە شەڕ ئیسرائیل لە ناوبەرن، بۆیە ناچار بوون بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبکەن، ئاشتیەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە چوار چێوەی نەخشە ڕێگای (ڕێکەوتنی سەدە) بەرنامەی بۆ داڕێژرابێت.

 

پڕۆژەی ڕێکەوتنی سەدە (صفقة القرن ـــ Deal of the Century) نەخشە ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشەی (فەڵەستین-ئیسڕائیل).

ئیدارەی تڕەمپ لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە، بەسەرپەرشتی جارید کۆشنێر (زاوا و ڕاوێژکاری تڕمپ) ئامادەکاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی (گرێبەستی سەدە) لەو چوارچێوەیەشدا لە (۲٥ و ۲٦ حوزەیرانی ۲۰۱۹) لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن کۆنفرانسێکی ئابوری بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانیکردن و زەمینە سازکردنی (ئابووری) بۆ پڕۆژەکە.

لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکادا هەنگاوێکی تری چارەنوسساز لە ژێر چەتری (ڕێکەوتنی سەدە) بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی و چاودێری و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا، هەر سێ ووڵاتی ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرێن، ڕێکەوتنی ئاشتیان واژوو کرد، ڕێکەوتنەکە وەرچەرخانێکی مێژووێێ گشتگیرە، بوارەکانی سیاسی و ئابوری و زانستی و سەربازی و ئەمنی و کلتوری و ووزە دەگرێتەوە.

 

دۆناڵد تڕەمپ هەوڵدەدات (گرێبەستی سەدە) وەک ڕیکلام بۆ هەڵبژاردنی مانگی (١١) بەکار بهێنێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شەقامی ئەمریکی و بەرزکردنەوەی لیڤڵی دەنگەکانی، بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووهەم و مانەوە لە کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو. چاوەڕوان دەکرێت بە هۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ.

 

پرۆژەكە ئامانجی زۆری هەیە و ئەركی زۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە سنورداركردنی هەژموون و هێزی هەر سێ ووڵاتی نەیاری ئەمریکا (چین و ڕوسیا و ئێران) هەروەها ڕێگری لە هیلالی شیعی و دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچەكە و شوێنگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئەمەریكا دروستی دەكات لە کاتی کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە. تاکو ئێستا هەڵوێستی "ئاشکرا"ی فەڵەستینیەکان و بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هەڵوێستەی بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەڕەبی تەنها لە ترسی ڕای گشتی عەڕەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕێککەوتوون و ئامادەباشیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دولاریان تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئاوارە فەڵەستینیەکان لە هەریەک لە وڵاتانی فەڵەستین و میسڕ و ئوردن.