کورد و ئەمریکا

29/10/2020

كاروخ خۆشناو

لە قۆناغی ئێستادا زەمینەیەکی لەبار و گونجاو هەیە بۆ ئەوەی کورد ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ (ئێران-تورکیا-سوریا-عێڕاق) لە بارودۆخێکی ناسەقامگیر و نالەبار و شلۆق دان، واتە پەیوەندیەکانیان پڕن لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، بەم هۆیەوە پێموایە لەم هەلومەرجەدا زەمینەیەکی لەبار هاتۆتە پێش بۆ کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان تاکو برەو بە پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیان بدەن لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش لە ڕێگای نوسینگەکانیان دەکرێت لە واشنتن، بەڵام پێویستی بە میکانیزم و پڕۆسەی (لۆبیکرن) هەیە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ئەمریکا لەپێناو بەدەستوربوونی مافەکانی گەلی کورد لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان (ڕۆژئاوا، باکور، ڕۆژهەڵات) هاوشێوەی باشوری کوردستان.

 

ئەگەر سەیری وێنە گەورەکەی سیستەمی نوێی جیهانی بکەین (کە خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان UN و دامەزراوەکانی تری سیستەمی نێودەوڵەتی دەبینێتەوە، کە دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان دروستکراون) دەبینین گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هاوشێوەی یاریگایەک دێتە بەرچاو کە تەنها ئەو یاریزانانەی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ و کیانی یاسایی و دەستورین، ڕێگایان پێ دەدرێت کەوا لەم یاریگایەدا یاری بکەن. بۆیە لەم قۆناغەدا گرنگە (وەک هەنگاوی یەکەم) کوردانی هەر سێ پارچەکەی تر (ڕۆژئاوا، باکور، ڕۆژهەڵات) هەوڵبدەن (هاوشێوەی باشور) قەوارەیەکی فیدڕاڵی و دەستوری و یاسایی لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکاندا (تورکیا و ئێران و سوریا) بەدەست بهێنن، تاکو بتوانن لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی شوێن پێی خۆیان بکەنەوە، هەر ئەم فاکتەرە دەستوریەش وایکردووە کە باشوری کوردستان چەند قۆناغێکی یاسایی و دەستوری لە پێشەوەی پارچەکانی تری کوردستاندا بێت، بۆیە ئەمریکاش بەهۆی ئەم پێگە دەستوریەی باشوری کوردستان (وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ) مەمەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ دەکات و گەورەترین کۆنسوڵخانە لە هەرێم دەکاتەوە و سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر جێگیر دەکات.

 

یەک بۆچوون:

واتە دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا کوردستانی گەورە ببێتە خاوەنی چوار هەرێمی فیدڕاڵ، ئیجا لەکاتی داڕشتنەوەی نەخشەی ئەم ناوچەیەدا، کورد دەتوانێت دەرفەتێکی گونجاو بقۆزێتەوە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی کۆنفیدڕاڵ و سەربەخۆ لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستاندا.

دوو بەرسەهات:

1- شەش ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی تەڵەبەی ماستەر بووم لە زانکۆی (میری وود) لە شاری سکڕانتنی ولایەتی پێنسلڤینیا، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێم (یانەی قوتابیان و خوێندکارانی کورد)مان دامەزراند، هاوڕێیانم ئەرکی سەرۆکایەتی ئەو رێکخراوەیان بە من سپارد و منیش چومە لای سەرۆکی زانکۆ، پێمگوت ئێمەی کورد کارەساتی زۆرمان بەسەردا هاتووە و دەمانەوێت هاوکارمان بن و ڕێگامان بدەن بۆ ڕێکخستنی مەراسیمی یادکردنەوەی کارەساتەکان بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگای ئەمەریکی بە بەشێک لەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کوردا هاتوون، ئەویش گوتی ئەو کارەساتانە چین کە بەسەرتاندا هاتووە؟ منیش لە کارەساتی کیمیا بارانی هەڵەبجەوە (۳/۱٦) دەستم پێکرد و تا کیمیابارانی بالیسان و شێخوەسان و وەرێ و دواتر ئەنفالی گەرمیان و بارزان و بادینان و.....هتد کە بووە هۆی ڕووخانی ژێرخان و سەرخانی کوردستان.

لە کاتی قسەکردنمدا دیقەتی سەرۆکی زانکۆمدا (کە پڕۆفیسۆرێکی ئافرەت بوو و ناوی دکتۆرە ئــان مــۆنلی) وەکو ئەوەی کە بوڕکانێک لە ناخیدا دروست بوبێت بە شێوەیەکی نەرم فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتنە خوارێ و پر بە دڵ بۆ مەرگەساتی کورد دەگریا، لە کۆتاییدا گوتی ئێستا چۆنن؟ منیش گوتم تا ڕادەیەک باشین بەڵام هێشتا خەونی بەدەوڵەت بوونمان نەهاتۆتەدی، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ گوتی: ئەگەر دوای ئەو هەموو مەرگەسات و ماڵوێرانیە هێشتا دەوڵەت نەبن کەواتە: نەتەوە یەکگرتووەکان دادپەروەر نین!

"UN isn't fair" 2- سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ساڵی (2017) هاوڕێیەکی ئەمریکیم پرسیاری لێ کردم و گووتی: من تێناگەم بۆچی ئێوەی کورد بە چەند ساڵێک دەبنە (ئەمریکی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی) بەڵام هەرگیز نابنە (عێڕاقی و ئێرانی و تورکی و سوری) هۆکار چیە؟ منیش لەوەڵامدا بە دوور و درێژی باسم لە مێژووی زوڵمی ئەم (وڵاتە داگیرکەرانە) کرد، هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە بگرە لە ساڵی (1514) تاکو هاتنی داعش لە ساڵی (2014) ئینجا پێم گوت: بەلایەنی کەم ماوەی (500) ساڵە گەلی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورک و عەڕەب و فارسەوە دەچەوسێندرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کورد بە ویستی خۆی ناسنامەی ئەم چوار وڵاتە داگیرکەرەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکو بەسەریدا فەرزکراوە. تۆ وەرە خۆت بخەرە شوێنی کورد: (Put yourself on Kurds shoes) ئینجا دەزانی بۆچی کورد دەبێتە ئەمریکی و کەنەدی و ئەوروپی و ئوسترالی بەڵام نابێتە عێڕاقی و ئێرانی و تورکی و سوری!

ئەویش گوتی لەم پرسیارە تێگەیشتم، بەڵام ئایا کورد پەند و عیبڕەتی لەم مێژووە وەرگرتووە؟

ئایا ئەم هەموو زوڵمەی داگیرکەرانی کوردستان، کوردی یەک خستووە یان پەکخستووە؟

بەم دوو پرسیارەی بەڕاستی بێتاقەت بووم، بەڵام بەر لەوەی وڵامی بدەمەوە، لەم کات و ساتەدا تەلەفۆنێکی بۆهات و داوای لێبوردنی کرد و گوتی دەبێت بڕۆم، منیش خۆشحاڵ بووم کە ڕۆیشت!

 

سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)