ئایا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە ئاگان؟

26/05/2020

كاروخ خۆشناو

بڕیارە (ئەمریکا و عێڕاق) لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (واتە دوای تەنها ۲۰ ڕۆژی تر) پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ڕێکەوتنامەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سەرجەم بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لە هەموو ڕووەکانەوە: (سیاسی، سەربازی، ئابووری، هەوڵگەری، کەلتوری، سەروەری عێڕاق، ڕۆڵی ئێران لە عێراق، چارەنوسی حەشدی شەعبی، دادگایکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانی عێڕاق....هتد) ئایا ئەجێندای هەرێمی کوردستان چیە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئەمریکا و عێڕاق؟

ئایا هەرێمی کوردستان تەنها تەماشاکار دەبێت وەک ڕێکەوتنامەی پێشوی (سۆفا)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی نێوان ئەمریکا و عێڕاق؟

ئایا سەرکرادیەتی هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێویستە خۆی ئامادە بکات و هەنگاوی خێرا بنێت بەمەبەستی بەشداریکرن و حازر بوون لە دانوستانەکان و پێویستە ئەم خاڵانەی خوارە لەبەرچاو بگرێت:

١- گرنگترین هەنگاو کە پێوسیتە کورد بیهاوێژێت (لەم ماوە کورتەی لەبەردەمیدایە کە تەنها ۲۰ ڕۆژە تاکو ناوەڕاستی مانگی شەش) بریتیە لە بە جدی وەرگرتنی ئەم دانوستانانە نوسینەوەی ئەجێندایەکی یەکگرتوو لە پێناو خۆ ئامادەکردن بۆ گفتوگۆکان.

٢- بە خێرایی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری دەرەوە کە پشکی (کورد و پارتیە) چونکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە دانوستانەکانی ئەمریکا و عێڕاق، ئەویش لە ڕێگای کاندیدکردنی کەسێک کە کۆدەنگی شیعە و سونەی لەسەر بێت تاکو لە پەرلەمانی عێڕاق دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.

۳- پێکهێنانی وەفدێکی کوردی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە بریتی بن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دانوستان و یاسایی و دیبلۆماسی، بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری دانوستانەکان بکەن، ڕۆڵی ڕاوێژکار ببینن بۆ ئەو ئەندامە کوردانەی بەشدارن لە گفتوگۆ و دانوستانەکان.

٤- پێویستە کورد فشار بکات بۆ ئەوەی ئەمجارە (محەلی لە ئیعڕاب)ی ڕێکەوتنە ستراتیژیەکەدا هەبێت.

٥- پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گرنگە (هەر لەبەر ئەوەش بوو ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کرد) بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵبدات سود لە پێگەی خۆی وەربگرێت و لە دانوستانەکاندا قسەی خۆی هەبێت.

٦- ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئاگادار نەبێت و ئامادەیی نەبێت لە دانوستانەکان، ڕەنگە بەشێک لە لێکەوتەکانی ڕێکەوتنەکە بە خراپ بۆ سەر هەرێم بشکێنەوە.

٧- دەکرێت لەنێو هەموو ڕێکەوتنێکدا کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشە بوونیان هەبێت بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئاگا بن و ئەم دانوستانانەی ئەمریکا و عێڕاق بە جدی وەربگرن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.

٨- بەشێکی گرنگی داهاتووی سیاسی و ئابووری عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەندە بەم ڕێکەوتنەوە.

٩- تڕەمپ پێویستی بەم ڕێکەوتنە هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی ڕای گشتی ئەمریکا بەلای خۆیدا ڕابگێشێت چونکە دوای نزیکەی پێنج مانگی تر تڕەمپ لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە لە (٢٠٢٠/١١/٣) بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم ڕێکەوتنە هەیە تاکو پێگەی ئەمریکا لەعێڕاقدا بەهێز بکات و تەرازووی هێز لەعێراقدا لەبەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە و عێڕاقیش لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان و دەستەبەرکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

١٠- بەهۆی لێکەوتەکانی کۆڕۆنا وەک دابەزینی نرخی نەوت حاڵی عێڕاق لە گیانەڵادایە، بۆیە عێڕاقیش پێویستی بە نوێکردنەوەی ئەم ڕێکەوتنە هەیە، تاکو پشتگیری دارایی و سیاسی ئەمریکا بەدەست بێنێت و ڕزگاری ببێت لەم دۆخە قورسەی عێڕاق تێی کەوتووە. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە هەر پڕۆسەیەکی دانوستان و گفتوگۆکردندا لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆسەکە هەوڵی تەواو دەخەنەگەر بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر بۆ ووڵاتەکانیان.

بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش چاوکراوەتر بن و تێڕوانینی جدیان هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە تاکو (کار لە کار نەترازاوە) ئەجندایەکی هاوبەش بنوسنەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لە داهاتوو عێڕاق و ناوچەکە.